لە قامشلۆ و عامود داگیرکەریی دەوڵەتی تورک رسوا و شەرمەزار کرا

بە سەدان هاوڵاتی شاری قامشلۆ و عامود رژانە سەر شەقام و گۆڕەپانەکان و هێرشە داگیرکەریەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورکیان رسوا و شەرمەزار کرد. لەو چالاکیانەدا هاوکات خۆڕاگری گەریلاکانیان لە حەفتانین بەرز نرخاند.

قامشلۆ

دانیشتوانی ناوچەی تربەسپی بە مەبەستی ئیدانەکردنی هێرشەکانی دەولەتی تورک بۆ سەر باشوری کوردستان رێپێوانێکیان ساز کرد و پشتیوانی خۆشیان بۆ خۆڕاگریی بێوێنەی گەریلاکانی ئازادی لە حەفتانین دەربڕی.  هاوکات بانگەوازیەکیان ئاڕاستەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و رێکخستنە نیودەوڵەتیەکانی مافی مرۆڤ کرد کە لە دژی هێرشە قڕکەریەکانی دەوڵەتی تورک هەڵوێستی خۆیان بنوێنن و رێگری بکەن لە تاوانە نامرۆڤانەکانی ئەو دەوڵەتە داگیرکەرە.

دانیشتوانی ناوچەکە سەرەتا لە بەردەم ناوەندی کۆنگرەی ستار گرد بوونەوە و دواتر دەستیان بە رێپێوان کرد. لە رێپێوانەکەدا لە دژی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و تاوانە نامرۆڤانەکانی، دروشمیان بەرز کردەوە و پشتیوانی خۆشیان بۆ خۆڕاگری حەفتانین دەربڕی.

رێپێوانەکە تا بەردەم ناوەندی یەکێتی گەنجانی ناوچەکە بەردەوام بوو، دواتر گۆڕا بە گردبوونەوەی جەماوەری.

لە گردبوونەوەکەدا فەهیمە تەمۆ هاوسەرۆکی شارۆچکەی هلوە لەسەر ناوی کۆنگرەی ستار وتەیەکی پێشکەش کرد و رایگەیاند، بە هۆی بێدەنگیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، هێرش و تاوانە نامرۆڤانەکانی دەوڵەتی تورک ئاسایی بوون.

تەمۆ بانگەوازیەکی ئاراستەی هێزە کوردستانیەکانیش کرد کە دەبێت بگەن بە روانگەیەکی سیاسی هاوبەش بۆ ئەوە رێگری بکەن لە تاوانەکانی دەوڵەتی تورک و وتی:" بوردومانکردنی شەنگال، هێرشکردنە سەر باشوری کوردستان و باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بەرچاوترین نمونەیە کە دەوڵەتی تورک دەیەوێت کۆتایی بە دۆزی گەلی کورد بهێنێت."

تەمۆ هاوکات تیشکی خستە سەر ئەوەی بێدەنگیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە بەرامبەر تاوانەکانی دەوڵەتی تورک، بە واتای قبوڵکردنی تاوان و کردەوە نامرۆڤانەکانی دەوڵەتی تورک دێت.

فەهیمە تەمۆ هاوکات بانگەوازیەکی ئاڕاستەی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش کرد کە رێگری بکەن لە ئەنجامدانی ئەو تاوانانە.

عامود

دانیشتوانی شاری عامودیش بە هەمان مەبەست رێپێوانێکیان ساز کرد. بە دەیان ئەندامی کۆنگرەی ستار و دانیشتوانی شارەکە، بەشداریان لەو رێپێوانەدا کرد. لە رێپێوانەکەدا وێنەکانی عەبدولا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و شەهیدانی رێگای ئازادی بەرز کرانەوە.

لە رێپێوانەکەدا پانکارتی ' ئیدی بەسە داگیرکەری، بژی خۆڕاگری گەلەکەمان'، ' بۆ خاک و ئازادیی خۆت، هەنگاو بۆ دواوە مەنێ'، 'نا بۆ داگرکەریی تورک و داعش' و 'نا بۆ دەوڵەتی داگیرکەری تورک' بەرز کرانەوە.

رێپێوانەکە کە تێیدا دروشمی "بژی جەنگی شکۆ"، "ژن، ژیان، ئازادی"، " بژی سەرۆک ئاپۆ" و "بژی خۆڕاگریی حەفتانین" وترانەوە، لە گۆڕەپانی ژنی ئازادەوە تا گۆڕەپانی شەهید جیهاد بەردەوم بوو.

لە گۆڕەپانی شەهید جیهاد رێپێوانەکە گۆڕا بۆ گردبوونەوەی جەماوەری و تێیدا مرا زۆرۆ ئەندامی بەڕێوەبەرایەتی دادی ژنانی شاری عامود وتەیەکی پێشکەش کرد و گۆشەگیریی سەر عەبدولا ئۆجالان رێبەری گەلی کوردی، ئیدانە کرد و هاوکات خۆڕاگریی گەریلاکانی لە حەفتانینیش بەرز و پیرۆز نرخاند.

زۆرۆ بانگەوازیەکیشی ئاڕاستەی گەنجان کرد و وتی:" ئێمە بانگەوازی ئاڕاستەی کچان و کوڕانی گەلەکەمان دەکەین کە پشتیوانی خۆیان بۆ خۆڕاگریی حەفتانین دەرببڕن. دەبێت ئێمەش لە خۆڕاگریدا بین و هێزەکەمان گەورەتر بکەن، بۆ ئەوەی بتوانین وڵامێکی توندی دوژمنانمان بدەینەوە."

رێپێوانەکە بە وتنەوەی دروشمی پشتیوانی بۆ خۆڕاگریی حەفتانین، کۆتایی پێهات.

ز.ش