لە هێلانەکەى داعش لە کامپی هول لە ٨ مانگدا ٢٦ کەس کوژراون

هێرشی داگیرکەریى دەوڵەتى تورک بۆ سەر باکوور – رۆژهەڵاتى سوریا بووەتە هاندەرى زیاتری داعش لە کامپی هول. چەتەکانی داعش رێکخستنێکیان بە ناوی 'ئەل حسبە' لە کامپەکەدا دروستکردووە و لە ٨ مانگدا ٢٦ کەسیان تیرۆرکردووە.

کامپی هول ٦٧ هەزار کەس لە بنەماڵە و ئەندامانى چەتەکانى داعش لە ٥٠ وڵاتی جۆراوجۆری تیادایە و بە 'یەکێک لە مەترسیدارترین کامپەکانى جیهان' دەناسرێت.

دواى ئەوەى هێزەکانى سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) لە ٢١ی ئازاری ٢٠١٩دا شارۆچکەى باغۆزیان لە دێرەزۆر کۆتاییان بە داعش هێنا، رای گشتی هەوڵ دەدات چاوپۆشی لە داعش لە کامپی هول بکات و لە بیری خۆی بباتەوە.

هێرشەکانى دەوڵەتى تورک داعش زیندوو دەکاتەوە

ئەو روودانە لە کامپەکە روودەدەن و بە تایبەتى لە دواى هێرشی دەوڵەتى تورک بۆ سەر باکوور – رۆژهەڵاتى سوریا، ئاماژەیە بۆ سەرلەنوێ زیندبوونەوەى داعش. ئەوەش مەترسیى کامپی هولی زیاتر کردووە.

لەگەڵ دروستبوونی قەیرانى سیاسی لە عێراق و دواى هێرشە داگیرکەرییەکانى دەوڵەتى تورک بۆ سەر باکوور و رۆژهەڵاتى سوریا، داعش لە عێراق و سوریا و زۆرێک لە ناوچەکانى تر سەرلەنوێ دەستى بە جموجوڵ کردووەتەوە.

هێلانەى داعش

بەپێى لێدوان و راگەیاندراوەکانى هاوپەیمانیى نێونەتەوەیى لە دژی داعش دووبارە ئەوە پشتڕاست دەبێتەو، کە داعش دەستى بە جموجوڵ کردووەتەوە و بۆ پێشگرتن لە سەرلەنوێ زیندوبوونەوەى داعش رێوشوێنى پێویست نەگیراوەتەبەر. داعش دواى ئەوەى توکی خستووە سەرلەنوێ خۆی رێکدەخاتەوە. یەکێک لە هێلانە سەرەکییەکانى داعش-یش کامپی هولە، کە لە باشووری رۆژهەڵاتى حەسەکەدایە.

هاووڵاتییانى ٥٠ وڵات لە کامپەکەدان

٦٧ هەزار کەس، کە هاووڵاتیى ٥٠ وڵاتی جۆراجۆرن لە کامپەکەدان. هاووڵاتییانى وڵاتانى وەک، سوریا، عێراق، تورکیا، تورکمەنستان، ئازەربایجان، ئۆزبەکستان، چیچان، قرقیزستان، تونس، سعودیە، فاس (مەغریب)، جەزائیر، فەرەنسا، میسر، ئەڵمانیا، بەلجیکا، نەرویج، هۆڵاندا، فینلاندا، نەمسا، ئەمریکا، تورکستانى رۆژهەڵات، ئەندەنوسیا، مالیزیا و هێندستان لەو کامپەدان. رێکخستنى چەتەکانى داعش هەوڵ دەدات خۆی لەو کامپەدا سەرلەنوێ زیندوبکاتەوە.

٦٧ هەزار کەس لە کامپەکەدان

چەند مانگ لەوە پێش زیاتر ٧٠ هەزار کەس لە کامپەکەدا بوون، کە زۆرینەیان ژن و منداڵ بوون. نزیکەى ٥ هەزار کەسی سوریایى بەهۆی ئەوەى 'بە زۆر و لە رووی ناچارییەوە بوون بە داعش' لەلایەن ئیدارەى خۆبەڕێوەبەریى باکوور و رۆژهەڵاتى سوریاوە ئازاد کراون. نزیکەى ١٢٠٠ کەسی بیانیش گەڕێندراونەتەوە بۆ وڵاتەکانیان. بەپێى ئاماری بەڕێوەبەرایەتیى کامپەکە لە ئێستادا ٦٧ هەزار کەس لەو کامپەدان.

رێکخستنى ئەل حسبە لە کامپەدا

کامپەکە بە گشتی لە ١٣ بەش پێکدێت. داعش هەوڵ دەدات لە کامپەکەدا سەرلەنوێ خۆی رێکبخاتەوە. داعش هەوڵ دەدات خۆی لە ناو ژناندا لە رێگەى رێکخستنێک بە ناوی ئەل حسبە لە ناو کامپەکەدا بونیاتبنێتەوە. ئەو رێکخستنە بە زۆری لە کەسانى بە ناو 'موهاجیر' یان 'جیهادییەکان' پێکدێت و لە کامپەکەدا بە شێوەیەکى نهێنی کاری پەروەردە دەکەن و دادگا دادەنێن و سزا دەسەپێنن.

لە ٨ مانگدا ٢٦ کەسیان کوشتوە

ئەو رێکخستنە لە رێگەى تۆڕی کۆمەڵایەتیى تێلگرامەوە پەیوەندیی لەگەڵ دونیای دەرەوەى کامپەکە دروستکردووە و بڕیاری کوشتن بۆ ئەو کەسانە دەردەکات، کە بەرەنگاری رێکخستنەکەیان دەبنەوە و دەیانکوژن. لە کامپەکەدا لە ماوەى ٨ مانگی رابردوودا ٢٦ ژن بە پاساوی 'لەدژی رێکخستن وەستاونەتەوە و گوێڕایەڵی فەرمانەکان نەبوون' لەلایەن ئەو رێکخستنەوە کوژراون. بەڵام بەڕێوەبەرانى کامپەکە رایانگەیاند، دەبێت ژمارەى ئەو کەسانە لەلایەن ئەو رێکخستنەوە لە کامپەکەدا تیرۆر کرابن زیاتر بێت لەو ژمارەیە، چونکە ئەو ژنانە کە زۆرتر بە چەقۆ دەکوژرێن لە ژێر خێمەکاندا دەیانکەن بە ژێر گڵەوە و دەیانشارنەوە.

هێرشەکانى دەوڵەتى تورک جموجوڵ و هاندانى زیاتر کردوون

رێکخستنى بە ناو 'ئەل حسبە' یەکەم رێکخستنى چەتەکان نییە، بەڵکو لە شاری عەین عیساش داعش ناوەندێکى هاوشێوەى ئەو رێکخستنەی دروستکردووە. دەوڵەتى تورک لە ٩ی تشرینى یەکەمی ٢٠١٩ / ١٧ی رەزبەر و کاتێک هیرشی کردە سەر گرێ سپی و سەریکانى، خێرا و سەرەتا روویکردە بنەماڵەى چەتەکانى داعش لە کامپی عەین عیسا و بەو هۆیەوە ژمارەیەکى زۆر لە چەتەکانى داعش توانیان لە کامپەکە رابکەن. دەوترێت ئەوە بووەتە هاندرێکى گەورە بۆ رێکخستنى 'ئەل حسبە' لە کامپی هول و ئەوانیش دەیانەوێت بەپێى دەرفەت کارێکى لەو شێوەیە بکەن.

کامپی هول یەکێکە لە ٦ کامپە زۆر قەرەباڵغەکەى جیهان، بەپێى یاسای نێونەتەوەیى نەتەوە یەکگرتووەکان پێناسەى 'کامپی پەنابەران و کۆچبەران' بۆ کامپەکە ناکات. لە هیچ کامپێکی پەنابەرانی سەرتاسەری جیهاندا ئەوەندە مرۆڤی ناسنامە جیا لە وڵاتە جۆراوجۆرەکانەوە بوونیان نییە. ئەو کەسانە لە ناو سیستمی هیراراشیکى داعشدان. ئەوەش سەرلەنوێ رێکخستنەوەى داعش لە کامپەکەدا و سەپاندنی سزا بە ناو 'حقوقییەکانیان' بە روونی دەخاتە بەرچاو.

هەڕەشەیەکى گەورەن بۆ داهاتوو

حەمرین حەسەن یەکێک لە بەڕێوەبەرانى کامپەکە لەبارەى ئەو کوشتن و تیرۆرانەى رێکخستنى ئەل حسبە و لە وەڵامى پرسیارەکانماندا وتی، تاوەکو ئێستا ٢٦ ژن لەلایەن ئەو رێکخستنەوە کوژراون. ئەل حسبە رێکخستنێکى لەو جۆرەیە کە راستەوخۆ بەپێى فەرمانەکان دەجوڵێتەوە و لە کامپەکەدا بەرپرسیاری جێبەجێکردنى پێوانە و پێوەرەکانى داعشە.

حەمرین حەسەن وتیشی، ئەو دۆخە لە داهاتودا بۆ هەرێمەکە و جیهان دەبێتە کێشە و مەترسییەکى گەورە.

نەتەوە یەکگرتووەکان بە بەرپرسیارێتیى خۆی هەڵناستێت

حەمرین حەسەن ئەوەشی وت، نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەموو شوێنەکانى تری جیهان بەرپرسیارێتیى کامپەکان لە ئەستۆ دەگرێت، بەڵام لە کامپی هول ئەرکەکانى خۆیان ئەنجام نادەن. لەبەر ئەوەش بەرپرسیارێتیى کامپەکە لە ئەستۆی بەڕێوەبەرایەتیى خۆبەڕێوەبەری باکوور – رۆژهەڵاتى سوریادایە.

ژ.ت