لە ٣مانگدا لە سووریا ٧٠٠ هەزار کەس ئاوارە بوون

لە دەستپێکی شەڕی سووریا هاتاکو ئیستا سەدان هەزارهاووڵاتیی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە ٧٠٠ هەزارکەس بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەوە ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ هێشتووە و ئاوارەبوون.

لە دەستپێکی شەڕی سووریا هاتاکو ئیستا سەدان هەزارهاووڵاتیی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە ٧٠٠ هەزارکەس بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەوە ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ هێشتووە و ئاوارەبوون.

پانوس مۆومتزیس جێگرى سەرۆکى ئەنجوومەنی هاوکاریی مرۆیی سووریا لە نەتەوەیەکگرتووەکان، بە هۆی درێژەکێشانى شەڕی سووریاوە نیگەرانییەکانى خۆى لەبارەی ئاوارەکان و زۆربوونیان خستەڕوو.

مۆومتزیس دەستنیشانی کرد، لەسەرەتاى ساڵى ٢٠١٨ تاوەکو ئێستا ٧٠٠ هەزار کەس ماڵ و حاڵی خۆیان بە جێهێشتووە.  وئاشکرای کرد، نزیکەی ٤٠٠ هەزار هاووڵاتی لە ئیدلب جێگیر بوون.

مۆومتزیس باسى ئەوەشیکرد، بەهۆێ ئۆپراسیۆنی سەربازیی ڕژیمی ئەسەد بۆسەر غوتەی ڕۆژهەڵات ١٣٣ هەزار کەس کۆچیان کردووە، ئەوی کە ماوەتەوە خەڵکی عەفرینن کە  بە هۆی هێرشی داگیرکارانەی سوپای تورکیا لە عەفرین کۆچیان کردووە.

لە ساڵی ٢٠١١ کە شەڕی سووریا دەستی پێکردووە، ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی لە سوریا ئاوارە بوون و ڕوویان لە وڵاتانی دیکە کردووە، ١٠ ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە.

تا ئیستا ئامارێکی ڕاست لە ژمارەی کوژراوانی شەڕی سووریا ئاشکرا نەبووە، بەڵام ڕیکخراوەی چاودێریى مافەکانى مرۆڤ لە سوریا، باس لە کوژرانی بەلانیکەم ٣٤٠ هەزار هاووڵاتی دەکات.

هەروەها بە هۆی شەڕی سووریاوە زیاتر لە ١٢ ملوێن کەس پێویستیان بە هاوکارییە.