لە چالاکیى ئۆپراسیۆنى توڕەیى زەیتوندا لە ئیدلب چەتەیەکى تورکیا کوژرا

ژوورى ئۆپراسیۆنى توڕەیى زەیتون رایگەیاند، هێزەکانیان لە ئیدلب لە دژى چەتەیەکى تورکیا بە ناوى ئەبو یەحیا حەمەوی ئەنجامداوە و لە ئەنجامدا ئەو چەتەیە کوژراوە.

ژووری ئۆپراسیۆنى توڕەیى زەیتون رایگەیاند، هێزەکانیان لە ئیدلب چالاکییەکیان لە دژى چەتەکانى تورکیا ئەنجامداوە و بەو هۆیەوە چەتەیەکى فەیلەقى شام بە ناوی ئەبو یەحیا حەمەوی کوژراوە.

ژوورى ئۆپراسیۆنى توڕەیى زەیتون لەوبارەیەوە راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە و لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "لە چوارچێوەى زنجیرە چالاکیى هێزەکانمان لە پارێزگاى ئیدلب لە دژى چەتەکانى تورکیا، دواى ٣ رۆژ چاودێریکردنى چەتەیەکى گروپى فەیلەقى شام بە ناوی ئەبوو یەحیا حەمەوی و لە دواى دڵنیابوونەوە لەوەى کە بە بەردەوامى لەسەر رێگاى کەفەر سجنە – حیش هاتووچۆ دەکات، لەلایەن هێزەکانمانەوە لەسەر رێگاکەى بۆمبێکى بۆ دانرا و دواتر لە کاتى گونجاودا بۆمبەکەی پیادا تەقێنرایەوە".

ئاماژە بەوەشکراوە "بەهۆی تەقینەوەى بۆمبەکەوە چەتە ئەبو یەحیا حەمەوی بە قورسی برینداربووە و دواتر بۆ چارەسەر گواستراوەتەوە بۆ تورکیا و سەرلەبەیانیى ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەى تورکیادا بەهۆی قورسیى برینەکەیەوە مرد".

ژوورى ئۆپراسیۆنى توڕەیى زەیتون راشیگەیاندووە "جارێکیتر دەڵێن، بە دڵنیایەوە لە شوێنەى کە زوڵم بەرامبەر بە گەلەکەمان بکرێت، ئێمە لەوێ دەبین. ئێمە بەڵێن دەدەین هەر کەسێک دەستى لە داگیرکردن و تاڵانکردنى عەفریندا هەبوو بێت دەبێت بە قورسی باجەکەى بدات. هەروەها وەک ئەوەى بەڵێنمان دابوو، تۆڵەکردنەوەى عەفرین دەستیپێکردووە".

ر.م