لە چالاکیى شەڕڤاناندا لە عەفرین ٧ چەتە کوژران

شەڕڤانانى یەپەگە / یەپەژە لە عەفرین لە دژی چەتەکانى سوپاى تورکی داگیرکەر چالاکییەکی سابوتاژیان ئەنجامدا. لەو چالاکییەدا ٧ چەتە کوژران.

ناوەندی راگەیاندنى یەپەگە رایگەیاند، لە چوارچێوەى قۆناغی دووەمی بەرخودانى سەردەم لە گوندی گۆبەل لە ناوەندی عەفرین و لە گوندی باسوت لە ناوچەى شێراوا لە دژی گروپە چەتەکانى سوپای تورکی داگیرکەر ٢ چالاکی ئەنجامدرا.

بەپێى راگەیاندراوەکەى لە رۆژی ٢٦ی تشرینى دووەمی ٢٠١٨دا دەستەیەک لە شەڕڤانانى یەپەگە لەسەر رێگاى گوندی باسوت لە ناوچەى شێراوا لە دژی ئۆتۆمبێلێکى سەربازیى چەتەکانى فیرقەت حەمزە چالاکییەکى سابوتاژیان ئەنجامدا.

بەپێى راگەیاندراوەکە، لەو چالاکییەکدا ئۆتۆمبێلی چەتەکان بە تەواوی تێکشکێنراوە و ٤ چەتە کوژراون و ٢ چەتەى تریش بە قورسی برینداربوون.

ناوەندی راگەیاندنى یەپەگە راشیگەیاندووە، دەستەیەکى تر لە هیزەکانیان هەر لەو رۆژەدا لە گوندی گۆبەل لە ناوەندی عەفرین گورزیان لە ئۆتۆمبێلێکى سەربازیى گروپی چەتەکانى جەبهەی شامی وەشاندووە. لەو چالاکییەکەدا چەتەیەک کوژرا.

لە کۆتایى راگەیاندراوەکەدا باسی ئەوەشکراوە، شەرڤانان رۆژی ٢٤ی تشرینى دووەمی ٢٠١٨ لە گوندی برج حەیدەر لە ناوچەى شێراوا چالاکییەکى سابوتاژیان لە دژی ئۆتۆمبێلێکى گروپە چەتەکانى فەیلەقی شام ئەنجامدا و لەو چالاکییەدا ٢ چەتە بە قورسی برینداربوون.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو ٢ چەتەیە بەهۆی قورسیی برینەکانیانەوە مردوون.

ر.م