لە ڕۆژئاوای کوردستان شۆڕشی ۱۹ی تەموز بە خۆشیی و شایی پیرۆز کرا

شەشەمین ساڵوەگەڕی شۆڕشی ۱۹ی تەموزی ڕۆژئاوا، لە چەندین شاری ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری سوریا پیرۆز کرا.

ساڵوەگەڕی شۆڕشی ۱۹ی تەموزی ڕۆژئاوا، لە چەندین شاری ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری سوریا بە شکۆوە پیرۆز کرا.

کۆبانێ

لە گۆڕەپانی شەهید عەگید لە کۆبانێ، چالاکیی پیرۆزکردنەکە بەڕێوەچوو. بەڕێوەبەرانی هەرێمەکانی ڕەقا، گرێ سپی، تەبقا، منبج، عەفرین، نوێنەرانی ئەنجوومەنە سەربازییەکانی جەرابلوس، باب، ئیدلب، منبج، نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان، هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی فیدراسیۆنی دیموکراتی باکووری سووریا فۆزا یوسف، هاوسەرۆکی پەیەدە شاهۆز حەسەن، هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤ-دەم ئاسیا عەبدوڵا، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی تەڤ-دەم ساڵح موسلیم، و هەزاران کەس لە هاووڵاتییانی کۆبانێ و ناوچەکانی دەوروبەری بەشداری ئاهەنگی پیرۆزکردنی شەشەمین ساڵوەگەڕی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان بوون.

لە گۆڕەپانی پیرۆزکردنەکەدا، ئاڵاکانی یەپەگە، یەپەژە، تەڤ-دەم، پۆستەرەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و سیمبولەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوا، هەڵواسران.

پاش خولەکێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی شەهیدان، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەریی کۆبانێ ئەنوەر موسلیم دوا. لە وتارەکەیدا، موسلیم ساڵوەگەڕی شۆڕشی ڕۆژئاوای لە تەواوی گەلانی باکووری سووریا پیرۆز کرد و وتی "چەندین هێرش لە دژی شۆڕش ئەنجام دران. دوژمنانی ئازادی و شکۆ بە شێوەی جیاواز ویستیان شۆڕش لەناو ببەن، بەڵام بە سایەی بەرخۆدانی گەل شۆڕش سەرکەوت و پیلانی دژبەرەکان پووچەڵ کرانەوە. شۆڕشی ڕۆژئاوا بووەتە قیبلەی هەموو هێزە ئازادیخواز و دیموکراتیکخوازەکان".

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، ئەنوەر موسلیم بەرخۆدانی سەردەمی عەفرینی بە بیر هێنایەوە و وتی "داگیرکەریی تورکیا و گروپی چەتەکانیان بە پێشکەوتووترین تەکنیک هێرشیان کردە سەر هاووڵاتییانی مەدەنیی عەفرین، بەڵام بەرخۆدانی سەردەم ماوەی ٥٨ ڕۆژ  دژ بەو هێرشە دڕندەییانە، بەرخۆدانیان کرد و هەتا ئێستاش بەرخۆدان بەردەوامە. قۆناغی دووەمی بەرخۆدانی سەردەم لە عەفرین  دەبێتە هۆی سەرکەوتنی ڕاستەقینە لەبەرامبەر ستەمی داگیرکەراندا".

یەک لە فەرماندارانی یەکینەکانی پاراستنی ژن 'یەپەژە' بەناوی کوردستان سەرێکانی وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا ڕایگەیاند "پیرۆزکردنی ساڵوەگەڕی شۆڕش لە شاری بەرخۆدانی کۆبانێ، مایەی شکۆ و شانازیمانە. شۆڕش لە کاتێکدا دەستیپێکرد، کە ناوچەکە پڕ پڕ بوو لە ڕووداوی مێژوویی. شۆڕشی ۱۹ی تەموز شۆڕشی پێداگیرییە لەسەر ژیانی ئازاد".

کوردستان سەرێکانی داوای لە هەموو لەس کرد، بۆ ئەوەی شۆڕش بە تەواویی سەربکەوێت، دەبێت هەموو کەس بە ئەرک و بەرپرسیارێتیی خۆی هەستێت.

پاشان هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی فیدراسیۆنی دیموکراتی باکووری سووریا فۆزا یوسف، وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا ڕایگەیاند "شەش ساڵ بەسەر شۆڕشدا تێپەڕی. لە ماوەی ئەو شەش ساڵەدا، لەبەرامبەر ئیرادەی ژنان هێرش ئەنجام درا. ویستیان گەل ئازاد نەبێت. ژنان و گەنجان بە کۆیلەیی بمێننەوە. دواین هێرشیش لەلایەن داگیرکەری تورکیاوە لە دژی عەفرین ئەنجام درا".

فۆزا یوسف وتیشی "هیچ کەسێک ناتوانێت بەر بە تێکۆشانێک بگرێت کە لەلایەن شەهیدانەوە دەستیپێکراوە. هەرچەندە هێرشی سەختیش لە دژی ئێمە ئەنجام بدرێت، ئیرادەی ئێمە شکست ناهێنێت".

وتیشی "هەتا عەفرین لە داگیرکەران ڕزگار نەکرێت، بەردەوامیی بە تێکۆشانەکان دەدرێت".

دواتر بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی تەڤ-دەم ساڵح موسلیم دەستنیشانی کرد، بە ئیرادەی گەل کۆبانێ، منبج، ڕەقا و دێرەزوور ڕزگار کران.

موسلیم جەختیشی لەوە کردەوە، ئەوانەی دەیانەوێت پرۆژەی باکووری سووریا لەناوبچێت و ئارامی لە هەرێمەکەدا تێک بدەن، ئەوانە سەرناکەون و وتیشی "هەرچۆنێک بێت ئێمە بە هێڵی دروستکردنی سووریایەکی دیموکراتی و فرە ڕەنگەوە گرێدراوین".

لای خۆشیەوە، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی سووریای دیموکراتی 'مەسەدە' ریاز دەرار، وتاری پێشکەش کرد و تێیدا ڕایگەیاند، شۆڕشی ۱۹ی تەموز یەکگرتوویى گەلانی دروست کرد و بە بەرخۆدانی گەلانی هەرێمەکان شۆڕش گەیشتە ئەم ئاستەی ئێستا.

رمێلان

شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان لە شاری رمێلانی سەر بە کانتۆنی قامیشلۆ پیرۆز کرا.

بە بەشداریی هەزاران کەس لە هەرێمە جیاوازەکانی کانتۆنی قامیشلۆ و دەستەیەک لە بەڕێوەبەرانی خۆسەریی دیموکراتیکی کانتۆنی جزیرە و نوێنەرانی ڕێکخراوە و دەزگا سیاسیی و سەربازییەکان لە گۆڕەپانی شاری رمێلان ئاهەنگ و مەراسیمی پیرۆزکردنی ساڵوەگەڕی شۆڕشی ڕۆژئاوا بەڕێوە چوو.

ئاڵاکانی یەپەگە، یەپەژە، قەسەدە، هێزەکانی ئاسایش، ئەرکی خۆپاراستن، تەڤ-دەم و پۆستەرەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و لافیتەی 'هەموومان عەفرینین، هەموومان بەرخۆدانین'، لە گۆڕەپانی مەراسیمی پیرپزکردنەکەدا هەڵواسران.

ئاهەنگەکە بە مەراسیمێکی سەربازی دەستیپێکرد. پاشان نوێنەرانی یەپەگە، بەڕێوەبەرانی خۆسەریی دیموکراتی کانتۆنی جزیرە و کۆنگرەی ستار وتاریان پێشکەش کرد.

وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل 'یەپەگە' نوری مەحمود، گیانبەختکردوانی شۆڕشی ڕۆژئاوای بەبیرهێنایەوە و وتی "بە خوێنی شەهیدان، سەرکەوتنی گەورە بەدەست هاتوون. یەپەگە و یەپەژەش ئەو سەرکەوتن و دەستکەوتانە دەپارێزن. هێزەکانمان لە بریی جیهان شەڕی تیرۆر دەکەن. لە عەفرینیش داستانی قارەمانی دەنووسرێنەوە. هەر وەکچۆن ئێمە شۆڕشمان سەرخست ئاوەهاش لە عەفرین سەردەکەوین و بینای تیرۆری ئەردۆغان و چەتەکانی لە شارەکانی عەفرین، جەرابلوس، عەزاز و باب دەڕوخێنین و لەو شوێنانە دەیانکەینە دەرەوە".

هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەریی کانتۆنی جزیرە عەبدولکەریم سارۆخان وتەیەکی پێشکەشکرد و تێیدا دەستنیشانی کرد،  شۆڕشی ۱۹ی تەموز هێزی خۆی لە ئیرادە و تێکۆشانی گەل وەردەگرێت.

هەروەها جێگری هاوسەرۆکایەتیی دەستەی پاراستنی کانتۆنی جزیرە عەبدول ئەحەد گەروری لە وتەیەکیدا، هەموو گیانبەختکردوانی ئازادیی شۆرشی ١٩ی تەموزی یادکردەوە و وتی "بۆ ئەوەی عەفرین ڕزگار بکرێت و گەل بگەڕێنەوە سەر خاکی خۆیان، بەردەوامی بە بەرخۆدان دەدەین".

پاشان ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندی دیپلۆماسی کۆنگرەی ستار وەلیدە بووتی لە وتارێکیدا جەختی لەوە کردەوە، ژنان پێشەنگیی شۆڕشی ڕۆژئاوایان کردووە و وتیشی "ژنان لە هەموو بوارەکانی سیاسی، سەربازی، کۆمەڵایەتی و کلتووریدا، سەرکێشییان کردووە و زنجیری کۆیلایەتییان پساندووە. بە سایەی بەرخۆدانی ئارین میرکان، ئاڤێستا خابوور، ڤیان و دەستینا، شۆڕش بە تەواویی سەردەکەوێت".

پاش وتارەکانیش، گروپی بۆتان و گروپی جودی، لەگەڵ هونەرمەند فەرهاد مەرد و هونەرمەندانی سوریانی و عەرەب، ڕۆیشتنە سەر تەختەی شانۆ و لەگەڵ هەڵپەڕکێی بەشدارانی ئاهەنگەکەدا گۆرانیان چڕی.

شەهبا

شۆڕشی ۱۹ی تەموز لە کەمپی سەردەم لە شاری شەهبا پیرۆز کرا. پاش خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدان ئەندامی ئەنجوومەنی بنەماڵەی شەهیدان هاجەر مەحۆ و جێگری هاوسەرۆکی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری دیموکراتی کانتۆنی عەفرین ڕەمزی شێخموس وتاریان پێشکەشکرد.

پاش وتارەکانیش گروپی میوزیکی شەهید ئەنگیزەک کە سەر بە ناوەندی کلتووریی و هونەرییە گۆرانی و سرودی شۆڕشگێڕانەیان چڕی. هەروەها شانۆیەکیش بە ناوی 'بیرەوەریی کۆچەرێک' پێشکەش کرا.

ئاهەنگەکە بە هەڵپەڕکێ و گۆرانی لەلایەن ئەندامانی یەکێتیی هونەرمەندانەوە کۆتایی هات.

لەلایەکی ترەوە و لە کەمپی بەرخۆدان لە شەهبا بە بەشداریی سەدان کەس ئاهەنگی پیرۆزکردنی ساڵوەگەڕی شۆڕشی ڕۆژئاوا بەڕێوەچوو.

هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی یاسادانان محەمەد سەید یوسف و سەرۆکی دەستەی کاروباری کۆمەڵایەتی عاریفە بەکر، لەو مەراسیمەدا، وتاریان پێشکەش کرد.

گروپی گۆرانیی فۆلکلۆری شەهید ئاگری و گروپی هونەریی ئارام تیگرانی شاهۆ بەرهەمەکانی خۆیان پێشکەش کرد.

ئاهەنگەکە بە ئەڵقەی هەڵپەڕکێ و گۆرانی کۆتایی هات.

حەسەکە

گەلی کانتۆنی حەسەکە شەشەمین ساڵوەگەڕی شۆڕشی ۱۹ی تەموزی لە سەرێکانی پیرۆز کرد.

ئاهەنگەکە بە دروشمی 'بە ڕۆحی شەشەمین ساڵوەگەڕی شۆڕشی ۱۹ی تەموز، سڵاو لە بەرخۆدانی سەردەم دەکەین' لە گۆڕەپانی ڕۆستەم جودی لە شاری سەرێکانی بەڕێوەچوو.

ئاهەنگەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدان دەستیپێکرد. پاشان لەسەر ناوی دەستەی بەڕێوەبەریی گشتیی کۆنگرەی ستار ڕەمزییە محەمەد پیرۆزبایی ساڵوەگەڕەکەی لە هەموو گەلانی باکووری سووریا، شەڕڤانان و بنەماڵەی شەهیدان کرد و وتی "بڵێسەی شۆڕشی ڕۆژئاوا لە کۆبانێ-یەوە دەستیپێکرد و لە هەرێمەکانی جزیرە و عەفرین بڵاوبوویەوە. دواجاریش مۆری خۆی لە تەواوی باکووری سووریا دا. بە دەستپێکردنی شۆڕش عەقڵییەتی ناوەندیی ڕژێمی بەعس لەناوبرا".

ڕەمزییە محەمەد سەرنجی ڕاکێشایە سەر دروستکردنی هێزەکانی ڕێکخستنی ژنان و وتیشی "گرنگترین بەرهەمی مێژوویی شۆڕشی ڕۆژئاوا دروستکردنی هێزی سەربازیی ژنان بوو. یەکینەکانی پاراستنی ژن 'یەپەژە' بوو بە بنەمای ڕێکخستنی ژنانی باکووری سووریا. بە دروستکردنی ئەم هێزە ئیتر ژنان جەوهەری ڕاستەقینەی خۆیانیان ناسی و هێزی خۆیانیان گەڕاندەوە، کە بەهۆی دەسەڵاتەوە  چەوسێنرابوونەوە و لەدەستیان دابوو. چیتر ژنان لەبەرامبەر عەقڵییەتی پیاوسالاری و سەردەستیدا ڕاپەڕین و بۆ هەموو ژنانی جیهان بوون بە نموونە".

لە پیرۆزباییەکەدا، بە ناوی بەڕێوەبەرێتیی خۆسەریی دیموکراتیکی کانتۆنی جزیر حسێن عەزام دوا و وتی "شۆڕشی ڕۆژئاوا  برایەتیی گەلان و ژیانی هاوبەشی نێوان گەلانی پێشخست. هەروەها پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیکی بە جیهان ئاشنا کرد. شۆڕشی ڕۆژئاوا لە کۆبانێ -یەوە دەستیپێکرد و لە هەموو باکووری سووریا، عەفرین، منبج، ڕەقا، تەبقا و دێرەزوور بلاوبوویەوە. شۆڕش بە جیهانی نیشاندا گەلانی باکووری سووریا عاشقی ئازادین و دەتوانن خۆیان لەسەر بنەمای پێوەرەکانی بەڕێوەبەریی ئازاد، خۆیان بەڕێوەبەرن".

پاش وتارەکان، گروپی شەهید وەلات، گۆرانی فۆلکلۆری شاری قامیشلۆی لەبەر دڵانیان پێشکەش کرد.

ئاهەنگەکە بە گۆرانییەکانی گروپی شەهید زیلانی شاری دیرباسیە و هەڵپەڕکێی بەشداربوان کۆتایی هات.

حەلەب

لەلایەن ئەنجوومەنی شێخ مەقسوود و تەڤگەری کۆمەڵگای دیموکراتیک لە حەوشەی نەخۆشخانەی خالف فەجر لە حەلەب ئاهەنگی پیرۆزبایی شۆڕشی ڕۆژئاوا ساز کرا.

سەدان هاووڵاتیی کورد، عەرەب، تورکمان لەگەڵ ئەندامانی کۆنگرەی ستار، بنەماڵەی شەهیدان، نوێنەرانی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک 'پەیەدە'، پارتی سوریانی دواڕۆژ، ئەندامانی هێزەکانی ئاسایش، هێزەکانی پاراستنی کۆمەڵگا و شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە، بەشداری ئاهەنگی پیرۆزکردنی شۆڕشی ڕۆژئاوا بوون.

حەوشەی ئاهەنگەکە بە ئاڵاکانی تەڤ-دەم، ئەنجوومەنی بنەماڵەی شەهیدان، یەکێتیی گەنجانی ڕۆژئاوا، کۆنگرەی ستار، پۆستەرەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و وێنەی تێکۆشەران ڕازێنرابوویەوە.

ئاهەنگەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدان دەستیپێکرد. پاشان وتەبێژی یەپەگە لە گەڕەکی شێخ مەقسوود قازی حەلەب، بەناوی پێكهاتەی عەرەب عەبدولقادر موسا، بەناوی تەڤ-دەم محەمەد شێخۆ و بەناوی کۆنگرەی ستارەوە ئاسیا محەمەد داداکۆ، وتاریان پێشکەش کرد.

لە وتارەکانیاندا، شەشەمین ساڵوەگەڕی شۆڕشی ۱۹ی تەموزیان لە گەلانی ڕۆژئاوا و باکووری سووریا پیرۆز کرد. هەروەها سەرنجیان ڕاکێشایە سەر یەکگرتنی گەلانی باکووری سووریا لەبەرامبەر پیلانی هێزە دژبەرەکان و ڕایانگەیاند "گەل ستەم و کۆیلایەتیی پەسەند ناکات. چەند یەکگرتنی نێوان گەلان بەهێز بێت، ئەوەندە زیاتر هەلی سەرکەوتنمان دەبێت".

ڕاشیانگەیاند، شۆڕشی ڕۆژئاوا بەردەوامە و عەفرینیش لە داگیرکەران ڕزگار دەکەن.

پاش وتارەکان گروپی ناوەندی کلتووریی و هونەری حەلەب، گۆرانییان چڕی و بەشداربوانیش هەڵپەڕین و ئاهەنگیان گێڕا.

ر.م