لە ڕەقا تاوانەکانی دەوڵەتی تورک شەرمەزارکران

یەکێتی ژنانی گەنج لە ڕەقا بە چالاکیەک تاوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەبەرانبەر گەلانی باکووری و ڕۆژهەڵاتی سوریا شەرمەزار کرد.

بە سەدان گەنجی شاری ڕەقا و گوندەکانی دەوروبەری، دانیشتووانی ڕەقا و ئەندامانی دەزگاکانی پارێزگاکە بەشداریان لە چالاکیەکەدا کرد.

چالاکوانان لە گۆڕەپانی ئیتفاییەی باشووری ڕەقا کۆبوونەوە و بەرەو کۆڵانی پردی کۆن ڕوویشتن. خۆپێشاندەران لەبەردەم پردی کۆن وەستان و فاتمە ئەلخەلەف ئەندانی ژنانی گەنج ڕاگەیەنراوێکی خوێندەوە.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا باسی ئەوەکرا کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەرلە ٩ ساڵ سوودی لە ئاڵۆزیەکانی سوریا وەرگرت و هەوڵیدا سوریا بۆ بەرژەوەندیەکانی بەکاربهێنێت، لە ئیستاشدا پارچەیەکی زۆری خاکی سوریای داگیر کردووە و چەتەکان بەکاردەهێنێت و پشتگیرییان دەکات.

هەروەها ئەوەخرایەڕوو کە حکومەتی دیمەشقیش لە دیالۆگی چارەسەرکردنی کێشەی سوریا ناچالاکە و بەم شێوەیە بەردەوامی بە ڕاگەیەنراوەکە درا،"تا خاکی سوریا بە تەواوی لە سوپای تورک و چەتەکانی پاکنەکرێتەوە بەرخۆدانیش بەردەوام دەبێت."

هەروەها بانگ لە هەموو گەلان و گەنجان و ژنانی گەنج کرا کە خۆیان ڕێکبخەن و بۆ پاراستنی گەل و وڵاتەکەیان ببنە قەڵغانی زیندوو.

ف.ق