لە ڕەقا گۆڕێکی دیكه‌ی بە کۆمەڵ دۆزرایەوە

لە ناوەندی شاری ڕەقا، گۆڕێکی دیكه‌ی بەکۆمەڵ دۆزرایەوە.

پاش ئەوەی شاری ڕەقا لە دەستی چەتەکانی داعش ڕزگار کرا، کۆمیتەی سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوەی ڕه‌قا دامەزرێندرا. کار و خەباتی ئەو کۆمیتەیە بۆ پاککردنەوەی شارەکە لە مین و تەقەمەنی بەردەوامە.

یاسر خەمیس ئەندامی تیمی پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی مین له‌ کۆمیتەی سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوەی ڕەقا، ڕایگەیاند: «هەتا ئێستا لە ڕەقا ٩ گۆڕی بە کۆمەڵ دۆزراونەتەوە.» ڕوونیشی کردەوە كه‌ توانیویانه‌ تەرمەکانی نێو گۆڕی به‌ كۆمه‌ڵی ڕەشید و باخچەی ئاژه‌ڵان ده‌ربێنن، هه‌روه‌ها لە گۆڕە به‌ كۆمه‌ڵه‌كانی دیكه‌ پڕۆسه‌ی دەرهێنانی تەرمەکان بەردەوامه‌. ناوبراو گوتیشی: «تا ئێستا زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ تەرم دەرهێنراون کە زۆربەیان هاوڵاتی سیڤیلن.»

ئەلخەمیس ئاشکراشی کرد کە ئەوان گۆڕێکی نوێی بە کۆمەڵیان لە نزیک چواڕیانی پانۆراما له‌ ناوەندی شاری ڕەقا دۆزیوه‌ته‌وه‌ و لە هەفتەی داهاتووەوە تیمەکان دەست بە دەرهێنانی تەرمەکانی نێو ئەو گۆڕە بە کۆمەڵە دەکەن.

s.m