لە گورزی هێزەکانى رزگاریى عەفرین دا ٤٠ چەتە کوژران

هێزەکانى رزگاریى عەفرین (HRE) لە عەفرین گورزی قورسیان لە چەتەکانى دەوڵەتى تورک دا. بەهۆی ئەو گورزەوە لە مەرەناز و مالکییەى عەفرین ٤٠ چەتە کوژران و دەیان چەتەى تریش بریندار بوون.

هێزەکانى رزگاریى عەفرین رۆژی ٤ی ئایار لە گوندەکانى مەرەناز و مالکییەى عەفرین گورزی قورسیان لە چەتەکان دا و لەوبارەیەوە راگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوى هێزەکانى رزگاریی عەفرین دا هاتووە "سەر لەبەیانیى رۆژی ٤ی ئایاری ٢٠١٩ / ١٤ی بانەمەڕ، سوپاى تورکی داگیرکەر و گروپە چەتەکانى دەستیان بە تۆپبارانى چڕ و قورسی گوندەکانى مالکییە، شێوراق، کەشتەرا و مەرەناز لە شەرای عەفرین کرد و هاووڵاتییانیان کردە ئامانج.

دواى تۆپبارانە درێژماوەکەى سوپاى تورکی داگیرکەر و چەتەکانى، چەتەکان بە پشتیوانیى تۆپخانە و فڕۆکەى بێفڕۆکەوان دەستیان کرد بە هێرشێکى بەرفراوان بۆ سەر ئەو گوندانە. لە ئەنجامدا شەڕ روویدا و لە شەڕەکەشدا تێکشکان.

لە شەڕی نێوان شەڕڤانمان و چەتەکانى دەوڵەتى تورکی داگیرکەردا، بەلانیکەمەوە ٤٠ چەتە کوژران. یەکێک لەو چەتە کوژراوەکانە  بەرپرسی چەتەکانى ناوچەى شەرا و عەزازە بە ناوی جەمیل هەربوش.. لەو شەڕەدا زیاتر لە ٣٠ چەتەى تریش بریندار بوون".

ر.م