لە گورزی یەپەگەدا لە عەفرین ١٢ سەرباز و چەتەی تورکیا کوژران

ناوەندى راگەیاندنى یەپەگە رایگەیاند، لە چالاکیى رۆژانی ١١ تاوەکو ١٥ى تەمووز لە عەفرین دا ١٢ سەرباز و چەتەى تورکیاى داگیرکەر کوژران و ٤ چەتە و سەربازێکیش برینداربوون.

ناوەندى راگەیاندنى یەکینەکانى پاراستنى گەل (یەپەگە) ئامارى چالاکییەکانى ئەم چەند رۆژەى دوایى شەڕڤانانى لە دژى چەتە داگیرکەرەکانى تورکیا لە عەفرین بڵاوکردەوە. بەپێى ئامارەکەى یەپەگە، لە چالاکیى شەڕڤاناندا ٩ سەربازى تورکیاى داگیرکەر و ٣ چەتەى سوپاى ئازادى سوریاى بەکرێگیراوى تورکیاى داگیرکەر کوژراون. ٣ لە سەربازە کوژراوەکانى تورکیاى داگیرکەر بەرپرسى باڵاى سوپاى تورکیا بوون.

لە راگەیاندراوەکەى یەپەگەدا هاتووە "هێزەکانمان لە رۆژانی ١١ تاوەکو ١٥ى تەمووز لە عەفرین لە دژی سوپاى تورکیاى داگیرکەر و گروپە چەتەکانى، چالاکییان ئەنجامدا. لە چالاکییەکاندا ٩ سەرباز و ٣ چەتە کوژراون".

لە ناوچەی شەرای عەفرین ٣ ئەفسەر و ٥ سەربازى تورکیاى داگیرکەر کوژران

یەپەگە راشیگەیاندووە "هێزەکانمان رۆژی ١١ى تەمووز لەسەر رێگاى گوندی باسل لە ناوچەى شەراى عەفرین لە دژى ئۆتۆمبێلێکى سەربازیى سوپاى تورکیا چالاکییەکیان ئەنجامدا. لەو چالاکییەدا ٣ ئەفسەری سوپاى تورکیا و ٥ سەرباز کوژران".

چالاکى لە دژى چەتەکان و سەرچەتەکانی تورکیا

یەپەگە لە راگەیاندراوەکەیدا ئەوەشى خستووەتەڕوو "هێزەکانمان رۆژی ١٣ى تەمووز لە دژى ئۆتۆمبێلێکى سەربازیى تورکیا کە چەتەکانى فیرقەى حەمزەی تیادا بوو، چالاکییەکیان ئەنجامدا. ئەو چالاکییە لە نزیک گوندی کیمارێ ئەنجامدرا و لە ئەنجامدا سەربازێک و ٢ چەتە کوژران و سەربازێکى تریش بریندار بوو".

 لە درێژەى راگەیاندراوەکەى یەپەگەدا ئەوەش هاتووە "هێزەکانمان رۆژی ١٤ى تەمووز گورزیان لە ئۆتۆمبێلێکى سەربازى وەشاند، کە چەتەکانى گروپى بەسراویى تیدا بوو. لەو چالاکییەدا ٤ چەتە بە قورسی برینداربوون".

یەپەگە ئاماژەى بەوەشکردووە "هێزەکانمان رۆژی ١٥ى تەمووز بۆسەیەکیان لەسەر رێگاى ئۆتۆمبێلێکى چەتەکانی فەیلەقى شام دانا، کە سەرچەتەیەک بە ناوى محەمەد ئەحمەد - ى تیادا بوو. چالاکییەکە لە نێوان ناوەندى شارى عەفرین و گوندى قتمە ئەنجامدرا. لە چالاکییەکەدا، کە بە قەناس ئەنجامدرا، ئەو سەرچەتەیە کرایە ئامانج و کوژرا".

ئامارى کوژراوانى تورکیای داگیرکەر و چەتەکانى لە عەفرین

بە کوژرانى ئەو ژمارە ئەفسەر و سەرباز و سەرچەتە و چەتانەى ترى تورکیا لە عەفرین، ژمارەى ئەو داگیرکەرانەى لە عەفرین کوژراون گەیشتە، ٢ هەزار و ٥٢٧ چەتە و سەربازى داگیرکەرى تورکیا.

ر.م