لە گوندەکانی کوردانی ئێزدی لە عەفرین کەمپی نیشتەجێبوون بۆ چەتەکان دروست دەکرێت

رێکخستنی مافی مرۆڤ لە عەفرین رایگەیاند، لە گوندەکانی کوردانی ئێزدی لە عەفرین بۆ چەتە و خانەوادەکانیان کەمپی نیشتەجێبوون دروست دەکرێت و سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافیش لەو ناوچەیە بەردەوامە.

رێکخستنی مافی مرۆڤی عەفرین-سوریا رایدەگەیێنێت گروپێکی چەتەکان بە ناوی نورەدین ئەلزنکی کە سەر بە سوپای داگیرکەری دەوڵەتی تورکایە لە ناوچەی جندرێسی عەفرین، گەڕەکێیان بە ٥٦ لیرەی سوری واتە (٢٥ هەزار دۆلاری ئەمریکی) فرۆشتووە بە چەتەکانی ئەحرار ئەلشەرقیا.

بە پێی زانیاریەکانی ئەو هەواڵە، چەتەکانی ئەحرار ئەلشەرقیە، دانیشتوانی ئەو گەڕەکەیان ئاگادار کردووەتەوە کە خانوکانیان چۆڵ بکەن و لە ناوچەکە بچنە دەرەوە.

رێکخستنی مافی مرۆڤی ئەفرین-سوریا راشیگەیاند، چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە گوندی عومەرای سەر بە ناوچەی شەڕا، زەوی و زارە کشتوکاڵیەکانیان سووتاندووە و هاوکات چەتەکانی "سوپای نیشتمانیی سوریا" بە فەرمانی میتی تورکیا، دانیشتوانە رەسەنەکانی ناوچەی بلبل تێکەڵ بە تاوانەکانیان دەکەن و لەگەڵ خۆیان دەبەن بۆ بڕینەوەی دار و درەختەکانی شاخی هاوار و گوندەکانی گۆبەک و گولیلکای سەر بە ناوچەی مەعبەدا. لەو ناوچەیە زیاتر لە ١٠٠ کرێکار ناچار کراون کە دارەکانی شاخی هاوار ببڕنەوە.

رێکخستنی مافی مرۆڤی عەفرین-سوریا هاوکات تیشکی خستووەتە سەر سیاسەتی بە تورککردن و توانەوە و دەڵێت:"داگیرکەرانی تورکیا، بەردەوامن لە شەڕێ گۆڕینی ناسنامەی کانتۆنی عەفرین و لەم چوارچێوەیەشدا چەتەکانی تورکمان لە شوێنی دانیشتوانی رەسەنی ناوچەکە کە لە ئێستادا کۆچیان کردووە، جێگیر دەکات.

ئەو رێکخستنە تیشکیشی خستە سەر ئەوەی لە دژی دانیشتوانە رەسەنەکەی ناوچەکە کە لە عەفرین ماون، هەر جۆرە پێشەلکاریەکی وەکو رفاندن، ئەشکەنجەدان و دزی و بەتاڵانبردنی موڵکو ماڵیان ئەنجام دەدرێت و وتیشی:"چەتەکانی دەوڵەتی تورکیا لە دەوروبەری گوندی ترندی سەر بە ناوەندی شاری عەفرین تا دەگاتە ناوچەی شێراوا، کەمپ دروست دەکات، بە مەبەستی نیشتەجێکردنی چەتەکانی خۆی.

هاوکات سەربازانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، پلانە داگیرکەریەکانیان بەرفراوانتر دەکەن و لەم چوارچێوەیەدا، لە گوندی بافیلۆنی سەر بە ناوچەی شەڕا کە زۆربەی دانیشتوانی کوردی ئێزدین، کەمپێکی گەورەی دروست کردووە. هەروەها کەمپێکی تری بۆ ئەو کەسانەی لە پارێزگای ئیدلبەوە هێنراون بۆ گوندی ئافرازای ناوچەی مەعبەدا، دروست دەکات کە شوێنی دروستکردنی ئەو کەمپەش پێشتر گۆڕەپانی پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز بوو.

داگیرکەران رێگە بەو کەسانە دەدەن کە لە دەرەوە هاتوون، دەست بە سەر ماڵ و موڵکی خەڵکی گوندی قیباردا بگرن. لەوێش تاوانی بڕینی دار و چەندین تاوانی تری ئەنجام دەدریت.

ریکخستنی مافی مرۆڤی عەفرین-سوریا جەختی رەوە کردەوە کە، ئامانجی دروستکردنی ئەو کەمپانە، گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکەیە.

ز.ش