لە گوندەکانى دێرک لافاو روویدا و ئاو چووە چەندین خانووی هاووڵاتییانەوە

لە گوندەکانى ناوچەى کۆچەراتى دێرک بەهۆی باران بارینى بەردەوامەوە لافاو روویدا و ئاویش چووەتە خانووی چەندین هاووڵاتیی ئەو ناوچەیەوە.

شەپۆلێکى باران بارین گوندەکانى ناوچەى کۆچەرات لە دێرکى رۆژئاواى کوردستانی گرتەوە و بەهۆی باران بارینى زۆرەوە لە گوندەکانى سوێدییە و گرکێ هەیولێ و چەندین گوندی تردا لافاو روویدا.

بەهۆی ئەوەوە ئاو چووە ناو چەندین ماڵی هاووڵاتییان و ئەوەش بووە هۆی مرداربوونەوەی چەندین سەر ئاژەڵ.

تیمەکانى فریاکەوتنی شارەوانیى گەل لە دێرک و هێزەکانى ئاسایش چوون بە هاواری هاووڵاتییانەوە تاوەکو زیان بە هیچ یەک لە هاووڵاتییانى ئەو سنوورە نەگات.

ر.م