'لەدژی داگیرکەری شان بە شانی یەکتری تێدەکۆشین'

گەلانی کورد، عەرەب، ئاشووری و سوریانی لەدژی هێرشی داگیرکەری دەوڵەتی تورک بۆ سەر تەل تەمر ئەنجوومەنی سەربازیان پێکهێنا. سەرۆکی ئەنجوومەنەکە ڕایگەیاند، گەنجانی هەرێمەکە لەدژی داگیرکەری بۆ تێکۆشان لەدەوری یەکتری کۆبوونەتەوە.

گەلانی کورد، عەرەب، ئاشووری و سوریانی لەدژی هێرشی داگیرکەری دەوڵەتی تورک بۆ سەر تەل تەمر ئەنجوومەنی سەربازیان پێکهێنا. سەرۆکی ئەنجوومەنەکە ڕایگەیاند، گەنجانی هەرێمەکە لەدژی داگیرکەری بۆ تێکۆشان لەدەوری یەکتری کۆبوونەتەوە.

چەند ڕۆژی ڕابردوو گەنجانی کورد، عەرەب، ئاشووری و سوریانی لەدژی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی و هەوڵەکانیان بۆ داگیرکردنی تەل تەمر لەدەوری یەکتری کۆبوونەوە و بۆ رزگارکردنی خاکەکەیان ئەنجوومەنی سەربازی تەل تەمریان پێکهێنا.

ئەنجوومەنی سەربازی تەل تەمر بۆ رزگارکردنی ئەو ناوچانەی داگیرکراون دەستیان بە تێکۆشان کردووە.

دەمهات بروسک سەرۆکی ئەنجوومەنی سەربازی تەل تەمر لەبارەی پێکهێنانی ئەنجوومەنەکە و ئامانجەکانی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد و رایگەیاند، دەوڵەتی تورک هەموو گەلانی ناوچەکەی کردووەتە ئامانج و دەیەوێت دەست بەسەر خاکی ناوچەکەدا بگرێت و وتی، "ئێمە وەک گەنجانی گەلانی ناوچەکە شان بە شانی یەکتری بۆ تێکۆشان لە دەوری یەکتری کۆبووینەتەوە."

گەنجانی گەلانی ناوچەکە...

بروسک وتی، هەموو گەلانی ناوچەکە لەژێر مەترسی هێرشی داگیرکەریدان و کورد، عەرەب، ئاشووری و سوریانی و هەموو ئەو کەسانەی لە تەل تەمر دەژین لەژێر مەترسی و هەڕەشەی هێرشی دەوڵەتی تورکدان. ئێمە وەک گەنجانی تەل تەمر لەدژی داگیرکەری و بۆ پاراستنی گەل و خاکەکەمان ئەنجوومەنی سەربازی تەل تەمرمان پێکهێناوە.

ئەرکی پاراستنی گەلان و خاکەکەمان

ئاماژەی بەوەشدا، گەنجانی گەلانی ناوچەکە بەشداریان لە پێکهێنانی ئەنجوومەنی سەربازیدا کردووە. هەروەها لە هەمانکاتدا، ئەنجوومەنی سەربازی سوریانی، هێزی پاراستنی خابور (هارس ئەلخابور) و هێزی پاراستنی گەنجانی عەرەب و کوردیش بڕیاریانداوە بەشداری لە ئەنجومەنی سەربازی تەل تەمردا بکەن. بەم شێوەیە بەیەکەوە و شان بە شانی یەکتری بڕیارمان داوە ئەرکی پاراستنی گەل و خاکەکەمان لە ئەستوو بگرین.

بانگەوازی بۆ بەشداریکردن لە ئەنجوومەنەکەدا

دەمهات بروسک وتیشی، "زۆر گەنجی کورد و عەرەبی سەرێکانیش کە داگیرکراوە بەشداریان لە ڕێزەکانی ئەنجوومەنەکەدا کردووە. داوا دەکەین گەلەکەمان بەشداری لە ئەنجوومەنەکەدا بکات و ئەرکی ڕزگارکردنی خاکەکەمان بگرنە ئەستوو. نەک تەنها پاراستنی شاروچکەی تەل تەمر، بەڵکو بەڵێن دەدەین ئەو گوندانەی تەل تەمریش ڕزگار بکەین کە لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە داگیرکراون.

'تا داگیرکەری تێکنەشکێنین، دەست لە تێکۆشان هەڵناگرین'

دەمهات بروست سەرۆکی ئەنجوومەنی سەربازی تەل تەمر ڕایگەیاند، تا داگیرکەری تێکنەشکێنن، دەست لە تێکۆشان هەڵناگرن و وتی، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە تەنها یەک گەل و یەک ئایین ناکاتە ئامانج، بەڵکو هەموو گەل و ئایینەکان کراونەتە ئامانج. لە هەمانکاتدا دەیەوێت خاکەکەمان داگیر بکەن. ئێمەش وەک گەنجانی هەرێمەکە بۆ تێکۆشان لەدژی داگیرکەری لە دەوری یەکتری کۆبووینەتەوە. تا کۆتایی بە داگیرکەری دەوڵەتی تورک نەهێنین و تۆڵەی شەهیدەکانمان نەکەینەوە و داگیرکەری لەسەر خاکەکەمان تێکنەشکینین، دەست لەم تێکۆشانە هەڵناگرین."

ف.ق