ساڵح موسلیم: مامەڵە و بازرگانی بە مافە سیاسیی و کلتورییەکانەوە ناکرێت

بەرپرسی کۆمیتەی دەرەوەی تەڤدەم ساڵح موسلیم، دەربارەی پرسی دانوستان لەگەڵ ڕژێمی سوریا، بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا  دوا و وتی "مامەڵە و بازرگانی بە مافە سیاسیی و کلتورییەکانەوە ناکرێت".

لە ڕۆژی ٢٦ی مانگی تەمووزدا بە شێوەیەکی فەرمی دانوستان لەگەڵ ڕژێمی سوریادا دەستیپێکردووە. بەرپرسی کۆمیتەی دەرەوەی بزووتنەوەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (تەڤدەم) ساڵح موسلیم دەربارەی پرسی دانوستان لەگەڵ ڕژێمی سوریا، بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا (ئەی ئێف پی - AFP) دوا و وتی "ئێمە هەوڵ دەدەین چ لە بواری دام و دەزگاکان و ڕێکخراوەکاندا و چ لە بواری دیموکراسییەوە، هەرچییەک پەیوەندیی بە خۆسەرییەوە هەبێت، بیپارێزین".

موسلیم وتیشی "ئەو هۆشمەندییەی (عەقڵییەتەی) سوریای گەمارۆ داوە هێشتا بۆ ئەو بەڕێوەبەرییە ئامادە نییە، لەبەر ئەوەشە پێشکەوتنەکان هەنگاو بە هەنگاو دێنە ئاراوە".

باسى ئەوەشیکرد، هەتا دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سوریا لە ساڵی ٢٠١١، تەنها ڕژێمی بەعسی ناوەندیپارێز بۆی هەبوو لە دەسەڵاتدا بێت. بەشار ئەسەدیش لە حافز ئەسەدی باوکییەوە دەسەڵاتی وەرگرت.

ساڵح موسلیم لە بەشێکی تری قسەکانیدا وتی "سوریا ئیدی ئەو سوریایەی پێشوو نییە. دەبێت سیستمێکی دیموکراتیکی ناناوەندیى سەردەمیانە پەسەند بکرێت".

موسلیم ئەوەشى وت، پێشتر ڕژێمی سوریا هەرگیز ئەوانی بە موخاتەب و لایەنى بەرامبەر نەدەبینی و وتیشی "بەڵام ئێستا بە شکۆ و ئیرادە و هیزی خۆمان هاوسەنگییەکانمان گۆڕی".

بەگوێرەی قسەکانی ساڵح موسلیم، دانوستانەکانیان لەگەڵ ڕژێمی سوریا تەنها لە چوارچێوەی ناوچە کوردیەکاندا بۆ "گۆڕینى ئاسایى دەسەڵات" سنووردار نامێنێتەوە.

ساڵح موسلیم وتیشی "ئێمە دەمانەوێت هەموو کەس بە ئازادی، بە ڕەنگ و دەنگی جیاوازی خۆیەوە بژی. بۆیە پێویست بەوە ناکات بەڕێوەبەریی خۆسەر، لەبارەی مافە سیاسیی و کلتورییەکانەوە دانوستان بکات".

هەروەها ساڵح موسلیم وتیشی "ئەوە بۆ تەواوی سوریا دەبێتە مۆدێلێک".

بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا هەندێک شیکەرەوەی سیاسیی دەڵێن، بە مەرجی ڕوخاندنی دەسەلاتداریتیی خۆسەر، بەشار ئەسەد دان بە مافە کلتورییەکانی کورداندا دەنێت.

بەڵام ئیلهام ئەحمەد کە بەشداریی کۆبوونەوە و دانوستانەکان لەگەڵ ڕژێمی سوریادا بووە، ڕایگەیاند "خۆسەری دیموکراتی دەستکەوتێکە کە لە شەڕی دژ بە داعشەوە بەدەستمان هێناوە".

ئیلهام ئەحمەد ئەو دەنگۆیانەی بە درۆ خستەوە، کە گوایە ڕژێمی سوریا دەیەوێت هێزە کوردییەکان پاکتاو بکات و وتیشی "بەپێچەوانەوە گفتوگۆی لەو شێوەیەمان نەکردووە".

ر.م