میت بازرگانی بە ژنانی داعشەوە دەکات

سەرچاوەکانی هێزەکانی ئاسایشی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا دەڵێن "ئێمە ئەوەمان بۆ روون بووەتەوە، کە میتی تورک ژنانی داعش لە رێگەى تۆڕەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە لە کامپی هۆل دەڕفێنێت و لە بەرامبەر پارەدا بە بنەماڵەکانیان دەفرۆشێتەوە".

بێریتان ساریا – حەسەکە

ئاژانسی ئەنادۆڵ (AA)، کە ئاژانسی فەرمیی دەوڵەتى تورکە هەواڵێکى بە ناونیشانی "میت ژنێکى مۆلدۆڤیایی و ٤ منداڵی لە دەست یەپەگە / پەکەکە رزگارکرد" بڵاوکردەوە لەو هەواڵەدا دان بەوەدا نراوە، کە دەزگای سیخوڕی و هەواڵگریی تورک (میت) داعشەکان لە کامپی هۆل دەڕفێنێت.

هێزەکانى ئاسایشی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا ماوەیەکى زۆرە هەستیان بەوە کردووە، کە میت دەیەوێت کەسانێک لە کامپی هۆل بڕفێنێت و ئەو کەسانەیان خستبووە ژێر چاودێری و تەنانەت هەندێک لە ئۆپراسیۆنەکانى میت بۆ رفاندنی چەند کەسێک پەکیان خراوە.

سەرچاوەیەکى ئەمنی لە هێزەکانى ئاسایشی لەبارەی هۆکاری رفاندنی ژنانی داعش لە کامپی هۆل لەلایەن میتەوە بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی راگەیاند "ماوەیەکە هەستمان بەوە کردبوو، کە دەستەیەک لە ناو میت دا هەوڵ دەدەن لە ناو کامپەکاندا بە تایبەتی لە کامپی هۆل دا ژنانی داعش بڕفێنن و ئێمە لەوبارەیەوە دەستمان بە لێکۆڵینەوە کرد. لەو چوارچێوەیەدا هەندێک کەس کە ئەو جۆرە بازرگانییەیان دەکرد و هەندێک لەو ژنانەى کە دەیانخواست بیانڕفێنن دەستگیرکرد. لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا ئەوە روون بوویەوە، کە میت لەگەڵ بنەماڵەی ئەو ژنانەى داعش، کە لەسەر بە وڵاتە جیاجیاکانن پەیوەندی دروست دەکات بۆ ئەوەى ئەو ژنانە بڕفێنێت و لە بەرامبەردا بە پارەیەکى زۆر بە بنەماڵەکانیان دەفرۆشنەوە".

هاوژینی هەندێکیان بۆ تورکیا شەڕ دەکەن

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەى بەوەشکرد، میت تەنها لە بەرامبەر پارەدا ئەو ژنانە رادەستی بنەماڵەکانیان ناکات و لەوبارەیەوە وتی "بەشێکى زۆر لەو داعشانە کە لە گەمارۆی قەسەدە رزگاریان بوو چوونەتە تورکیا و بەشێکشیشان لە شارە داگیرکراوەکانی ژێر دەستی تورکیا وەک باب، جەرابلوس، عەزاز، عەفرین، ئیدلب، سەرێکانی و گرێسپی دان. تورکیا ژنەکان دەفڕێنێت بۆ ئەو شوێنانەى کە هاوژینەکانیانی لێیە یان دەیانبات بۆ تورکیا تاوەکو باشتر شەڕ بە هاوژینەکانیان بکەن. بۆ کوێیان بوێت دەیانبەن بۆ ئەوێ و لەوێ شەڕیان پێدەکەن".

هێزەکانی ئاسایشی ناخۆ لە دوایین هەوڵی پەکخستنی رفاندنی ژنانی داعش بۆ تورکیا لە رۆژی ١٦ی تەممووزدا ٤ ژنە داعشیان دەستگیرکرد، کە دەیانخواست رابکەن بۆ تورکیا. ٢ لەو ژنانە سودانین و ٢ ژنەکەی تریشیان تانزانیای بوون.

لیستی ناوی ئەو کەسانە، کە دەبێت بڕفێنرێن بە بازرگانەکانی مرۆڤەوە گیراون

شەڕڤانی قەسەدە لە تەلەفونی کەسێک بە ناوی  شەهاب ئەحمەد عەبدول لەتیف کە خەڵکی سوریایە و لە ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠١٨دا لە ناوچەى هلینج لە حەسەکە دەستگیرکرابوو، ژمارە تەلەفونی ئەندامانی داعش، کە میت دەیخواست بیانڕفێنێت بۆ تورکیا و هەروەها لیستی ناوی ژنانی داعش لە کامپەکانی هۆل و عەین عیسا، کە دەیانخواست بیان رفێنن بۆ تورکیا بەو کەسەوە گیرابوو.

شەهاب ئەحمەد عەبدول لەتیف لە رحا (ئورفا) میتی ناسیوە و دانی بەوەدا ناوە، کە هاتبوو تاوەکو لە ژێر چادێریی میت دا پارە بۆ داعش رەوانە بکات و لە چوارچێوەى سیستم و پلانی میت دا چەتە داعشە بیانییەکان بفڕێنێت بۆ تورکیا.  

'میت داواى چەتە بیانییەکانی لە من دەکرد'

شەهاب ئەحمەد عەبدو لەتیف لەو چاوپێکەوتنەدا کە لەگەڵ ئاژانسەکەماندا کردویەتی لەبارەی کارەکانی بۆ میت وتی "ئاسایش داواى لە من کرد داعش بگوێزمەوە بۆ تورکیا. پێیان وتم، 'ئەوان بپەڕێنەرەوە و ناسنامەیان بۆ دروست بکە و لە بە کرێگرتنی خانودا هاوکارییان بکە".

عەبدول لەتیف وتیشی "ئێمە واتە، عومەر محەمەد قادر و ئەبو سوچا کارمان بۆ میت دەکرد و لەگەڵ میت رێککەوتبووین و میت پێی راگەیاندین، بۆ پەڕینەوەى داعشەکان بۆ تورکیا رێڕەوێک دەکرێتەوە. ئەندامەکانى میت پێیان وتین، بەڵام سەرەتا پێمان بڵێن، ئێوە خەڵکی کوێن. دوایی پێیان وتین، بیانیەکان بهێنن. ئێمە پێتان دەڵێن، کە ئێوە لە کام رێگەوە بێن و لە کام رێگادا بمێننەوە. ئاسایش-یش بە ئێمەی وت، دەبێت داعشەکان بهێنن بۆ تورکیا. ئێمەش داوامان لێکردن سنوور بکەنەوە. ئەوانیش وتیان، هێزەکەیان بەشی ئەوە ناکات، بەڵام میت رێگا دەدات، کە لە سنوور بپەڕێنەوە. عومەر هەندێکی دەرباز کرد. منیش خواستم لە ماوەى چەند رۆژدا کارەکەم تەواو بکەم و بگەڕێمەوە بۆ رحا، بەڵام بە ماوەیەکى کەم لەلایەن قەسەدەوە دەستگیرکرام".

کامپی هۆل

لە کامپی هۆل دا ٦٧ هەزار داعشی کە خەڵکی ٥٠ وڵاتی جیاجیان دەمێننەوە. کامپی هۆل یەکێکە لە گەورەترین کامپەکانى رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەو ٦٧ هەزار کەسە نزیکەى ٣٠ هەزار کەسیان ژن و منداڵی چەتەکانی داعشن. بەشێکى زۆر لەو ژنانە بەشدارییان لە ئەنجامدانی تاوانی گەورەدا کردووە و ئێستاش لە کامپی هۆل بە دزییەوە کاری رێکخستن دەکەن.

ژانانی داعش لە بەشی موهاجیر دا دەمێننەوە و رێکخستنێکى شاراوەیان لە ناو ژناندا بە ناوی "ئەل حەسبە" هەیە و لەو رێگەیەوە ژنان لە سەر دەستی ژنان دەکەنە کۆیلە و سزادانی ژنانی بۆ خۆی کردوەتە ئامانج.

رێکخستنی ئەل حەسبە لە کامپی هۆل هێرش دەکاتە سەر ئەو ژنانە، کە دەیانەوێت بورقەعە رەشەکەیان لەسەر دەموچاویان لاببەن، هەروەها پەلاماری ئەو ژنانە دەدات، کە دەیانەوێت لە داعش جیا ببنەوە و خێمەى زۆرێک لە ژنانیان بەسەریاندا رووخاندووە و تاوەکو ئێستا ئەو گروپە چەتەیە نزیکەى ٣٠ ژنیان کوشتوە.

بەرێوەبەریی خۆبەڕێوەبەر لە باکوور و رۆژهەڕڵاتی سوریا سەرباری هەموو بانگەوازەکانى بۆ ئەو ٥٠ وڵاتە، بەڵام ئەو وڵاتانە زۆر بە کەمی هاووڵاتییەکانی خۆیان وەردەگرنەوە. بۆ ئەوەى ژنانی داعش وەک چەتەکانى داعش لە کامپی هۆل لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکرێت و دادگای بکرێن، دادگایەکى نێونەتەوەیى دروست نەکرا و دەوڵەتە بەرپرسەکان ئەرکی خۆیان جێبەجێ نەکرد.

لینکی هەواڵی شەهاب ئەحمەد عەبدول لەتیف کە باس لە کارەکانیى خۆی بۆ میت دەکات:

 

ژ.ت