مەزلوم عەبدی لە بارەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە پەیامێکی بڵاو کردەوە

مەزلوم عەبدی فەرماندەی گشتی قەسەدە لە بارەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە پەیامێکی بڵاو کردەوە و وتی:"لەم قۆناغە هەستیارەدا ئێمە دەڵێین، کارمەندانی تەندروستی، فەرماندەکانی ئێمەن."

مەزلوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیمۆکراتیک-قەسەدە لە بارەی مەترسیەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە کە ئەمڕۆ بەرۆکی هەموو جیهانی گرتووە، لەسەر لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تویتەر لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بانگەوازیەکی بڵاو کردەوە.

لە پەیامەکەی مەزلوم عەبدی فەرماندەی گشتی قەسەدە دا هاتووە:

"وەکو هەموومان دەزانین و لە نزیکەوە ئاگادارین، ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرتاسەری جیهان لە هەڵکشاندایە. هەرچەندە هیچ حاڵەتێکی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ناوچەکانی ئێمە بە شێوەیەکی فەرمی تۆمار نەکراوە، بەڵام هەڕەشە هەر هەیە. لەم چوارچێوەیەدا، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر چەند بڕیارێکی بۆ گرتنەبەری رێوشێوی پێویست دەر کردووە.

دەبێت هەموومان پابەندی بڕیارەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بین و جێبەجێیان بکەین، چونکە ناوچەکانمان توانایان سنووردارە، بۆیە باشترین رێوشوێن خۆپاراستنە لەو ڤایرۆسە.

تەنها پاراستنی شارەکان بەس نییە، بەڵکو پێویستە خانەوادەکانمان، دەوروبەرمان، دۆست و هەڤاڵانیشمان لەم ڤایرۆسە بپارێزین، بۆیە دەبێت هەموو ئەو بڕیارانەی دراون، یەک بە یەک جێبەجێیان بکەین.

ئێمە دەڵێین، لەم قۆناغە هەستیار و مەترسیدارەدا، کارمەندانی تەندروستی فەرمادەکانی ئێمەن، بۆیە خەباتیان بەرز دەنرخێنین. هاوکات بانگەوازی ئاڕاستەی گەلەکەمان دەکەین کە هاوکار بن بۆ کار و خەباتی کارمەندانی بواری تەندروستی و نەهێڵن ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمەکە بڵاو ببێتەوە."

ز.ش