مەسەدە:لە دژی داگیرکەری پێویستە جەنگی رزگاری رابگەیێنرێت

مەجلیسی سووریای دیموکراتیک-مەسەدە بانگەوازییەکی ئاڕاستەی گەلی عەفرین و خەڵکی ئەو ناوچانەی لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە داگیر کراون، کرد و رایگەیاند، پێویستە جەنگی رزگاری رابگەیێنین.

لە دووهەمین ساڵیادی دەستپێکردنی هێرشە داگیرکەرییەکان بۆ سەر عەفرین، مەجلیسی سووریای دیموکراتیک-مەسەدە بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە:

"ساڵی ٢٠١٨ لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا هێزەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە چەکی قوڕس و بە بەشداریپێکردنی گروپەکانی سوپای ئازاد هێرشیان بردە سەر عەفرین و لە ئەنجامدا بە سەدان کەس شەهید بوون و بە دەیان هەزار کەسیش ئاوارە بوون. دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە رێگای هێرشی ئاسمانی و زەمینی، سیاسەتی 'زەوی سووتێنراو'ی پەیرەو کرد. هاوکات رێبازەکانی گۆڕینی دیمۆگرافی و ئاوارەکردنی بە زۆرلەملێ و تاڵانکردن، لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە پەیرەو کرا.

دەوڵەتی تورک لە سەرەتاوە ئەکتەرێکی سەرەکیی ناوچەکەیە. خاوەن ئامانج و خەون و خەیاڵی خۆیەتی. حکومەتی ئاکەپە هەوڵ دەدات سەردەمی عوسمانی بژییەنێتەوەو زیندووی بکاتەوە. بەردەوام لە جموجوڵی بەدیهێنانی خەونەکانیدایە و ئەمەش لەسەرەتای دەستپێکردنی ئاڵۆزییەکانی سوریاوە کە دەرباسی نۆیەمین ساڵی بووە، بە روون و ئاشکرا دیارە.

عەفرین یەکێک بوو لە ئارامترین ناوچەکانی سوریا. پێشوازی لە چەندین ئاوارەی ناوچە جیاجیاکانی دیکەی سوریا کرد، بەڵام لەدوای هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بوو بە ناوچەیەک کە زۆرترین توندوتیژی، شەڕ، تاڵان، هەڵوەشانەوە و گۆڕینی دیمۆگرافی تێیدا ئەنجام دەدرێت. بە هەزاران کەس لە ناوچەکانی دیکەی سوریاوە، بەتایبەت لە ئیدلبەوە ئاوارە کران و لە عەفرین جێگیر بوون. لە بەرامبەر ئەمەش کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە ناو بێدەنگییەکی گەورەدایە.

ئێمە وەکو مەسەدە ئەم کارەساتەی سەر گەلەکەمان لە عەفرین، ئیدانە دەکەین. هاوکات بانگەوازییەک ئاڕاستەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، هێزە هاوپەیمانەکان و روسیا دەکەین کە کۆتایی بە داگیرکەریی دەوڵەتی تورک بهێنن و هاوڵاتیانی عەفرینیش کە بە زۆلەملێ ئاوارە کراون، بگەڕێندرێنەوە بۆ سەر زێدی خۆیان.

هاوکات بانگەوازییەکیش ئاڕاستەی گەلەکەمان لە سوریا دەکەین کە بە یەکدەنگی و یەکهەڵوێستی جەنگی رزگاری ئەو ناوچانە رابگەیێنن کە لە لایەن دەوڵەتی دایگرکەری تورکەوە، داگیر کراوە، بەتایبەت عەفرینی خۆڕاگر. ئێمە بەڵێن دەدەین بە گەلەکەمان لە عەفرین کە بەردەوام دەبین لە تێکۆشانی سیاسی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا. دۆزینەوەی چارەسەرییەکی سیاسی بۆ ئاڵۆزییەکانی سوریا لە قۆناغی داهاتووداو پشتیوانی هێزە خۆڕاگرەکانمان بۆ رزگارکردنی عەفرین، لە ئامانجە سەرەکییەکانمانە."

ز.ش