"مەسەدە و بەرێوەبەرایەتی خۆسەر لە هەموو پرۆسەکانی چارەسەری سوریادا بەشدار دەبن"

ئەنجومەنی سوریای دیمۆکراتیک-مەسەدە و پارتی ئیرادەی گەلی سوریا، لە مۆسکۆ رێکەوتننامەیەکیان ئیمزا کرد. لەم بارەیەوە هەر یەک لە ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی کۆمیتەی بەڕێوەبەری مەسەدە و سهۆنۆک دیلۆ نوێنەری مەسەدە لە میسر باسیان لە گرنگی رێکەوتننامەکە کرد.

ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی کۆمیتەی بەڕێوەبەری مەسەدە لەگەڵ قەدری جەمیل سەرۆکی پارتی ئیرادەی گەل لە مۆسکۆی پایتەختی روسیا کۆنگرەیەکی هاوبەشی رۆژنامەنووسیان ساز کرد و باسیان لە گرنگی رێکەوتننامەی نێوان هەردوولا بۆ چارەسەری کێشەی سوریا کرد.

دوای کۆنگرە رۆژنامەنووسیەکە شاندەکەی مەسەدە پرۆتۆکۆڵێکی لەگەڵ پارتی ئیرادەی گەلی سوریا ئیمزا کرد و دواتر لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا کۆبووەوە.

ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی کۆمیتەی بەڕێوەبەرایەتی مەسەدە لە بارەی چاوپێکەوتنەکەوە وتی:" ئەمڕۆ لە نێوان ئێمە و پارتی ئیرادەی گەلدا پەیمانێک ئیمزا کرا. لەسەر بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی روسیا، لە مۆسکۆ لەگەڵ وەزیری دەرەوە کۆبووینەوە. بە گشتی بابەتی گۆتوبێژەکان بریتیبوو لە بارودۆخی سوریا. لەسەر بنەمای ئەوەی، ئەو پەیمانانەی ئیمزا کراون، بە چی شێوازێک جێبەجێ دەکرێن و بە چی شێوازێک بەردەوام دەبن گۆتوبێژ کرا. هاوکات باس لەوە کرا کە گۆتوبێژەکان لە سەر چی ئاستێک بەڕێوە دەچن. جگە لەم بابەتانە گۆتۆبێژ لەسەر چارەسەریی سیاسی بۆ سوریا، ئەنجام درا. هەروەها باس لەوەش کرا کە ئێمە چۆن دەتوانین بەشداری لە پرۆسەکاندا بکەین."

شاندەکەی روسیا پشتیوانی خۆی بۆ پرۆتۆکۆڵەکە دەربڕی

سناهۆک دیلۆ نوێنەر مەسەدە لە میسریش تیشکی خستە سەر گرنگیی پرۆتۆکۆڵی نێوان شاندی مەسەدە و پارتی ئیرادەی گەل و وتی:"ئەمە پرۆتۆکۆڵێکی ئەرێنی و گرنگە. ئەم پرۆتۆکۆڵە لە چەند خاڵێکی بنەڕەتی و گرنگ پێک دێت کە ئەوانیش بە ناوەندیبوونی سوریا و شێوازی ئەرکەکانی چارەسەری کێشەی کورد بە پێی هاوپەیمانی و یاسا نێودەوڵەتیەکان و بە بنەماگرتنی ئیرادەی گەلە. لە کۆبونەوەکەدا تیشک خرایە سەر رۆڵی مەسەدە لە دژی تیرۆر و ژیانی هاوبەش لە ناوچەکە. مەسەدە رۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە بەشداریکردنی کۆمیتەی دەستوری هەمیشەیی سوریادا."

حیکمەت حەبیب جێگری سەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوبەری مەسەدە لە بارەی ئەنجامی چاوپێکەوتنەکە وتی:"لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی روسیا لە چوارچێوەی بڕیاری ٢٢٥٤ گۆتوبێژ لەسەر بارودۆخی سیاسی ئەنجامدرا. هاوکات چالاککردنی دیالۆگی سوری-سوریش گۆتۆبێژی لەبارەوە کرا."

حەبیب راشیگەیاند، وەزارەتی دەرەوەی روسیا پشتڕاستی کردووەتەوە کە پشتیوانی تەواوی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دەکەن، چی وەکو مەسەدە، چی وەکو بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و لەم چوارچێوەیەشدا لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و پلاتفۆرمەکانی تر دەکەونە دیالۆگەوە.  

حیکمەت وتیشی:ئەوەی لێی تێگەیشتین، وەزارەتی دەرەوەی روسیا بڕوای بەوە هێناوە کە بە بێ بەشداری گەلانی سوریا، هیچ چارەسەریەکی سیاسی نایەتە ئاراوە و بە تایبەت ئەگەر هەر یەک لە مەسەدە و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بەشدار نەبن. لاڤرۆڤ پشتڕاستی کردەوە کە ئەنجومەنی سوریای دیمۆکراتیک-مەسەدە مافی ئەوەی هەیە، بەشداری لە قۆناغی سیاسیدا بکات و ئەگەر بەشداری تێیدا نەکات ئەوا لیژنەی دەستوریی ئاستانا و جنێف و دیالۆگەکانی سوریا، کەموکورتیان دەبێت."

حیکمەت لە بارەی بابەتەکانی تر کە گۆتوبێژیان لەبارەوە کراوە رایگەیاند، گۆتۆبێژ لەسەر بارودۆخی مەیدانی و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا کرا و وتیشی:" باس لەوە کرا هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا تا ئێستاش بەردەوامن. بە تایبەت لەسەر رێگای نیودەوڵەتی M4 و بە مەبەستی بە ئامانجگرتنی خەڵکی مەدەنی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەکار دێنێت. هاوکات گۆتۆبێژ لەسەر چارەسەرکردنی ئاوی خواردنەوە لە حەسەکە کرا و روسیاش بەڵێنیدا بەدواداچوونیداوە بۆ ئەو بابەتە."

ئەو خاڵانەی رێکەوتنی لەبارەوە کرا

هەر یەک لە مەسەدە و پارتی ئیرادەی گەلی سوریا وەکو بەرپرسیارێتیەکی مێژووی لە بەرامبەر ئەو کارەساتانەی ناوچەکە و بە تایبەت سوریا تێیدا تێپەڕ دەبن، هەروەها بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری بنچینەیی دیمۆکراتیک و سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی کۆبوونەوە و موزاکەرەیەکیان ئیمزا کرد. خاڵە بنچینەییەکانی ئەو موزاکەرەیە بەش شێوەیە:

١-لە سوریا نوێ، خاک و گەلی سوریا یەکن. سوریای نوێ دەوڵەتێکی دیمۆکراتیکە و تێیدا داد و یەکسانی کۆمەڵایەتی هەیە و لەگەڵ گشت پێکهاتەکانی وەکو کورد و عەرەب و سوریانی و ئاشوری و تورکمان و ئەرمەن و چەچەن، سەربەرزە.

٢-چارەسەری سیاسی تاکە رێگای کۆتاییهاتنی ئاڵۆزیەکانی سوریایە. هەروەها ئەو چارەسەریەی خۆی دەسپێرێتە سەروەریی گەل، رێگای دیالۆگە.

٣-دەوڵەتی یەکسانپارێزی سوریا، جەخت لەسەر دۆزینەوەی چارەسەری دیمۆکراتیک بۆ کێشەی گەلان بە پێی پێوانە و یاسا نێودەوڵەتیەکان مافی مرۆڤ دەکاتەوە. هەروەها لە ناو دەوڵەتی یەکسانپارێزدا، مافی نەتەوەیی گشت پێکهاتەکانی سوریا، لە ناو یەکێتی سوریا و سەروەریەکەیدا پارێزراوە.

٤-بەرێوەبەرایەتی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا پێویستیەکی کۆمەڵایەتی و بەستراوە بە بارودۆخی وڵاتەوەیە. هاوکات بۆ کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزیەکان پێویستیەکی هەرێمیشە. ئەوەی گرنگە دەبێت سوود لە ئەزموونەکانی بەرێوەبەرایەتی خۆسەر وەربگیرێت. بە تایبەت لە رووی بەڕێوەبردنی گەلدا.

٥-سوپای سوریا، رێکخراوێکی نشتیمانی گشتییە، ئەرکی تەنها هەڵگرتنی چەکە و نابێت دەستوەردان لە کاروباری سیاسیدا بکات. دەبێت قەسەدە کە بە شێوازێکی چالاک رۆڵی بینیوە لە رووبەرووبوونەوەی تیرۆردا، لەسەر بنەمای فۆرم و میکانیزمی رێکەوتن، تێکەڵ بەو رێکخراوە بکرێت.

لەو چوارچێوەیەدا، هەر دوو لایەن لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندی و هاوکاری لەسەر بنەمای سیاسی و ئاستی خەبات، رێککەوتن. هەردوو لایەن ئەوەیان پشتڕاست کردەوە کە پێویستە خەباتی هاوبەش بۆ گەرەنتیکردنی بەشداری مەسەدە لە خەباتە سیاسیەکان و کاروباری لیژنەی دەستووری نوێی سوریادا بکرێت.

ز.ش