نوێنه‌ری سووریا له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان: پێویسته‌ ئه‌نقه‌ره‌ سه‌ربازه‌كانی له‌ عه‌فرین بكشێنێته‌وه‌

به‌شار جه‌عفه‌ری نوێنه‌ری هه‌میشه‌یی سووریا له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ڕایگه‌یاند، ئه‌وان هیوادارن كه‌ میكانیزمی سێ لایه‌نه‌ی ڕووسیا، ئێران و توركیا فشار درووست بكات بۆ ئه‌وه‌ی توركیا سه‌ربازه‌كانی له‌ عه‌فرین بكشێنێته‌وه‌.

به‌شار جه‌عفه‌ری نوێنه‌ری هه‌میشه‌یی سووریا له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، له‌ لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هه‌واڵی ڕووسیا (سپووتنیك) ڕایگه‌یاند، توركیا په‌یمانه‌كانی ئاستانا و بڕیاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانی پێشێل كردووه‌. وتیشی، به‌پێی په‌یمانی ئاستانا ده‌بوایه‌ توركیا بۆ چاودێری و كۆنتڕۆڵكردنی ڕێكخراوه‌تێرۆریستییه‌كانی ئیدلب پۆلیسه‌كانی خۆی به‌ چه‌كی سووكه‌وه‌ ناردبا ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌. به‌ڵام له‌ بری ئه‌وه‌ سه‌ربازه‌كانی خۆی ناردووه‌ و په‌یمانه‌كه‌ی پێشێل كردووه‌. 

نوێنه‌ری هه‌میشه‌یی سووریا له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ده‌ستنیشانی كرد، ئه‌وان كار له‌سه‌ر لیستی كاندیده‌كان بۆ كۆمسیۆنی ده‌ستووری بنه‌ڕه‌تی ده‌كه‌ن كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی باڵای ٣ لایه‌نه‌كه‌دا (ڕووسیا، ئێران و توركیا) باسی لێوه‌كرا.

ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا «شام لیستی كاندیده‌كانی پێشكه‌ش كردووه‌ یان نا؟» جه‌عفه‌ری ڕایگه‌یاند: «نا، كاركردن له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ به‌رده‌وامه‌. ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ڕووسیا و ئێران له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ كار ده‌كه‌ین.»

به‌شار جه‌عفه‌ری له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا ده‌رباره‌ی داگیركردنی عه‌فرین له‌ لایه‌ن توركیا ڕایگه‌یاند: پێویسته‌ توركیا یه‌كه‌سه‌ربازییه‌كانی خۆی له‌ عه‌فرین بكشێنێته‌وه‌. هیوادارم له‌وباره‌یه‌وه‌ فشار بخرێته‌ سه‌ر توركیا. جموجۆڵی ئه‌نقه‌ره‌ له‌ عه‌فرین، پێشێلكردنی بڕیاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانه‌.

s.m