نیرۆی پورتوگالی ٦ مانگە لەلایەن قەسەدەوە دەستگیرکراوە

نیرۆ سارایڤا کە لەناو چەتەکانی داعشدا بە ئەبو یەعقوب ئەندولوسی دەناسرێت. یەکێک لەو کەسانەبوو لەسەرەتاوە و لە ساڵی ٢٠١٢ لە ئەوروپاوە بەشداری چەتەکانی کردووە. لە ئێستادا نزیکەی ٦ مانگە لە لایەن قەسەدەوە دەستگیرکراوە.

بێریتان ساریا – عەین عیسا

دەوترێت، نیرۆ سارایڤای پورتوگالی یەکێکە لەو ٥ یاریزانەی تۆپی پێ، کە بەشدارییان لە داعش دا کردبوو و لە ئیستادا لەدەستی قەسەدە دایە. نیرۆ سارایڤا ٦ جار لە بەریتانیا و ٥ جار لە سوریا هاوسەرگیری کردووە و ٨ منداڵی هەیە. دوو هاوسەری پێشووی و هاوسەرە نوێکەی لە کەمپی هۆل لە ڕۆژئاوای کوردستاندانن. نیرۆ سارایڤا لە باغوز لەگەڵ دوایین گروپەکانی داعشدا بوو دەڵێت، پەشیمانە و بە شیوەیەکی فراوان باس لە ژیانی کرد، بەڵام نەیویست بە فراوانی باس لە پرۆسەی داعش بکات.

نیرۆ سارایڤا لە ٣ی ئازاری ٢٠١٩ / ١٢ی رەشەممە بە برینداری لەگەڵ خێزانەکەی خۆی ڕادەستی هێزەکانی قەسەدە کرد. لەبارەی کردەوەکانی زۆر قسە هەیە. ڕێکخستنە هەواڵگرییەکانی ئەوروپا و میدیاکانی ئەوروپا دەڵێن، نیرۆ سارایڤا ئەندامی 'چەتەکانی بیئاتلیس'ی بەریتانیایە، کە بەشێک بووە لە داعش.  نیرۆ سارایڤا بە ڕفاندنی جۆن کانتڵ وێنەگری بەریتانی تۆمەتبار دەکرێت. دوو ساڵ دوای کوشتنی جێمس فۆلی ڕۆژنامەنووسی ئەمریکی لەپێش چاوی کامێراکان، بووەتە فەرماندەی یەکینەی شەرڤانانی بیانیی داعش. نیرۆ سارایڤا دەڵێت، لەگەڵ هاوڕێ پەنابەرەکانی چووەتە تورکیا و دوایی بە یارمەتیی چەتەکانی ئەحراری شام دەربازی سوریا بووە. ئەندامی کەتیبەی موهاجیر، ئەنسار و عومەر چیچانی بووە. لە ساڵی ٢٠١٤ دا لەگەڵ هاوڕێ پورتوگالییەکانی ئێدگار کۆستا، کیلسۆ کۆستا و ساجید تورە بەشداری ناو ریزەکانى داعش بوون.

لەبەر مادەی هۆشبەر دەستگیرکرا

نیرۆ سارایڤا لە ساڵی ٢٠٠٠ دا لە پورتوگالەوە بەرەو بەریتانیا دەچێت و دوای ٣ ساڵ بە هۆی بارزگانیکردن بە مادەی هوشبەرەوە دەستگیر دەکرێت و ٢ ساڵ زیندانى دەکرێت. لە سالی ٢٠٠٧ دا بە پێشنیازی هاوڕێکانی ئێدگار کۆستا، کیلسۆ کۆستا و ساجید تورە ئایینی ئیسلام هەڵدەبژێرێت. دوای ئەوەی دەبێتە موسوڵمان هاوسەرگیری دەکات. کار دەکات، بەڵام کاتە بەتاڵەکانی لەگەڵ هاوڕێکانی بەسەردەبات. لەگەڵیان دەچێتە مزگەوتی نور ئیسلامیی ڕۆژهەڵاتی لەندەن.

نیرۆ سارایڤا و هاوڕێکەی ئیدگار کۆستا لە ساڵی ٢٠١٠ سەردانی تانزانیا دەکات. ئامانجیان ئەوە بووە ڤیزەی سودان وەربگرن و لە زانکۆی ئەفریقا بخوێنن. دوای چەند مانگێک دەگەڕێتەوە بەریتانیا. لە فڕۆکەخانە لەلایەن یەکینەکانی دژە تیرورەوە چوار ڕۆژ لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت و هاوڕێکەی ئێدگار کۆستا لە تانزانیا هاوسەرگیری دەکات و لەوێ دەمێنێتەوە.

ناوی لە زانکۆی ئەفریقای سودان دەنووسێت

دوای ئەوەی پارە بەدەستدەهێنێت دەگەڕێتەوە تانزانیا. دوای ئەوەی ڤیزە وەردەگرێت دەچیتە سودان و لە ساڵی ٢٠١١ دا ناوی لە زانکۆی ئەفریقا لە سودان دەنووسێت. دوای ٣ مانگ لە سوریا شەڕ دەستپێدەکات. لەگەڵ هاورێکانی ئامادەکاری دەکات بچێتە سوریا.

لە سودانەوە بەرەو ئەستەنبوڵ و هاتای

لەگەڵ هاوڕێکەی ئیدگار کۆستا لە نیسانی ٢٠١٢ دا دەچنە ئەستەنبوڵ. لەوێوە دەچنە هاتای و بە تەکسییەک دەچنە ڕەیحانلی. دوای هەفتەیەک لە رێگەی ئەحراری شام-ەوە دەپەڕنەوە بۆ ئیدلب. دوای هەفتەیەک بە هەمان رێگە هاوڕێکانی کیلسۆ کۆستا و ساجید تورە خۆیان دەگەینتە ئیدلب.

کاتێک لەناو چەتەکانی ئەحراری شامدا بووە

لە ئیدلب لەگەڵ ئەحراری شام دا کار دەکات. لە کەمپی مەدەنیەکان لە ئەتمە دەمینێتەوە. دوای ئەوەی دەروازەی سنووریی بابولحەوا لە لایەن چەتەکانی لیوای فاروقەوە لە دەستی ڕژێم دەردەهێنرێت، دەست بە کاری فەرمی دەکات. هاوکاریی گروپە بەریتانیەکان دەکات،  کە لە ڕێگەی تورکیاوە دەچێنە ناوچەی باب و کۆیان دەکاتەوە و دەست بەو کارە دەکات.

هاورێکانی بۆ هێنانی هاوسەرەکانیان دەگەڕێنەوە

هاورێکانی بۆ هێنانی هاوسەرەکانیان  و کۆکردنەوەی یارمەتی و رێکخستنەکانیان دوای ٣ مانگ دەگەڕێنەوە، بەڵام ئەو دەمێنێتەوە و وەک چەتەیەکی ئەحراری شام کار دەکات.

دەبێتە ئەندامی چەتەکانی عومەر چیچانی

نیرۆ ساریڤا لە ئابی ٢٠١٢ دا بۆ ئەوەی ڕێگە لە کەوتنی ڕژێمەکەیان لە حەلەب بگرێت لەناو ئەحراری شام دەست بە کار دەکات. دواتر عومەر چیچانی سەرۆکی چەتەکان کە خەڵکی چیچانە دەناسێت و بەشداری چەتەکانی کەتیبەی موجاهید و ئەنساری چیچانی دەبێت.

هاورێکانی بۆ ئیدلب دەگەرێنەوە

دوای ماوەیەک دەچێتەوە بۆ ئیدلب و پەیوەندی بە هاوڕێ ئینگلیزەکانییەوە دەکات. دوای ماوەیەک هەر دوو هاوڕێی کیلسۆ و کۆستا لە بەریتانیاوە بۆ ئیدلب دەگەڕێنەوە. لەگەڵ هاورێکانی دەچێتە حەلەب و لە حەریتان نەخۆشخانەیەک دروست دەکات.

چوونی ڕەقە و قبوڵکردنی داعش

لە سەردەمی شەڕی داعش و سوپای ئازادی سوریا لە ساڵی ٢٠١٤ دەچێتە ڕەقە و بەشداری ناو چەتەکانی داعش دەبێت. مالێکی بۆ دەگرن و دوای مانگێک بەشداریی کەتیبەی ئەبو مەسعود زەرقاوی دەبێت، کە کەتیبەی بیانیەکانە.

نایەوێت باس لە پڕۆسەی داعش بکات

نیرۆ ساریڤا لە لە منداڵییەوە تا ئێستا باس لە ژیانی دەکات، بەڵام نایەوێت باس لە پڕۆسەی داعش بکات. دەڵێت، لەناو کەتیبەی مەسعود زەرقاویدا ئەرکەکەی نووسینی ناوی ئەوروپیەکان بووە و دوای چەند مانگ لە راگەیاندنی 'خەلافەت' بریندار دەبێت و دەچێتە موسڵ و دوای ٢ ساڵ دیسا دەگەرێتەوە بۆ رەقە. ساریڤا ئیدعای ئەوە دەکات، لەناو داعش دا ئەرکی چاودێریکردنی هەرێمەکانی ژێر دەسەلاتی ڕژێم بووە و جموجووڵەکانی ڕژێمیان لە حەما، حومس، تەدمور و دێرەزۆر بۆ ئەمیرەکەیان لە رەقە گواستووەتەوە.

دوای ڕزگارکردنی ڕەقە دەچێتە دێرەزۆر

دوای ئەوەی هەرێمی ڕەقە لەلایەن قەسەدەوە ڕزگار دەکرێت. دەچێتە مەیادین و لەوێوە دەربازی دێرەزۆر دەبێت. هاوڕێکانی کیلسۆ کۆستا لە هەجین/کەشمە و ئێدگارد کۆستا لە دێرەزۆر/ سوسا دەکوژرێن.

یەکێک لەو داعشانە بوو تا دوایی لە باغۆز مایەوە

ساریڤا یەکێک لەو چەتانەی داعشانە بوو، تا دوایی لە باغۆز مایەوە. لەو دەڤەرە سەر و شانی بریندار بوو و دواتر لەگەڵ خێزانەکەی خۆی ڕادەستی قەسەدە کرد.

دەڵێت "پەشیمانم"

نیرۆ ساریڤا دەڵێت، پەشیمانە بەشداریی لە داعش دا کردووە. دوو هاوسەری پێشووی و هاوسەرە نوێکەی لە کەمپی هۆلی ڕۆژئاوای کوردستاندانن. دوایین هاوسەری ساریڤا، هاوسەری پێشووی فابیۆ پۆکۆسەیە، کە ماوەیەک لە ئەکادیمیای گەنجان لە لیسبۆن یاریی دەکرد و دواتر بەشداری ناو ریزەکانى داعش بوو. دوای مردنی پۆکۆس هاوسەرەکەی لەگەڵ ساریڤا هاوسەرگیری کرد.

ژ.ت