نەتەوە یەکگرتووەکان بەهۆی بڕینی ئاوی رۆژئاواى کوردستانەوە هۆشداریی بە تورکیا دا

نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی بە دەڵەتى تورک و گروپە چەتەکانى دا، کە سەرچاوەی ئاوی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریایان بڕیوە و ئەوەش دەبێتە هۆی مەترسیی زۆر بۆ سەرهەڵدانی نەخۆشی و پەتا.

سندوقی هاوکاریی منداڵانى نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسیف) رایگەیاند، دەوڵەتى تورک، کە سەرێکانیی داگیرکردووە بە چەندین رۆژ جارێک رێگا نادات ئاو لە وێستگەکانى ئاوەوە بەسەر هاووڵاتییانى حەسەکە و هۆل دا دابەش بکرێت.

لە راگەیاندراوەکەى یونیسیف دا هاتووە، رێگا نادرێت لە وێستگەى ئاوی عەلۆک لە نزیک سەرێکانی ئاو بەسەر ناوچەکانى ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانى سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) دا دابەش بکرێت. دەوترێت راستەوخۆ بە فەرمانی ئەنقەرە رێگری لە دابەشکردنی ئاو بەسەر ئەو ناوچانەدا دەکرێت.

فران ئیکیوزا نوێنەری یونیسیف لە سوریا رایگەیاند، بڕینی ئاو لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە بۆ سەر ژنان و منداڵان و گەلی ناوچەکە مەترسیی زۆر گەورەی دروستکردووە. بڕینی ئاو دۆخێکە کە بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێت.

نابێت سەرچاوەکانى ئاو بۆ ئامانجی سەربازی و سیاسی بەکاربهێنرێن

ئیکیوزا سیاسەتى چەپەڵی دەوڵەتی تورکی بە توندی ئیدانە کرد و رایگەیاند "لەو رێگەیەوە هەڕەشە لەسەر ژیانى ملیۆنەها کەس دروست دەکرێت، بۆیە نابێت سەرچاوەکانى ئاو بۆ ئامانجی سیاسی و سەربازی بەکار بهێنرێن".

وێستگەى ئاوی عەلۆک لە سەرێکانی لەلایەن دەوڵەتى تورکی داگیرکەرەوە دەستی بەسەردا گیراوە و وەک چەکێکى سیاسی و سەربازی دژ بە مرۆڤایەتى بەکاری دەهێنێت. ئەو وێستگەیە ئاوی شاری حەسەکە، کامپی هۆل، کە چەتەکانى داعش و بنەماڵەکانیانی تیادایە دابین دەکات لەگەڵ چەندین ناوچەى تر.

وێستگەى ئاوی عەلۆک بە لانیکەمەوە سەرچاوەی ئاوی ٤٦٠ هەزار کەسە.

بڕینی ئاوی دانیشتوانى ئەو ناوچانە جگە لەوەی کارێکى دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە، هاوکات مەترسیی سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەى چەندین نەخۆشی و پەتا بە دوای خۆیدا دەهێنێت و ئەوەش نیگەرانییەکانى چەند هێندە زیاتر کردووە.

ژ.ت