نەخۆشخانەی لێگەڕین: تەنیا لە سەرێکانی تا ئێستا ٧٥ شەهید و ٤٥٠ برینداری سڤیلمان بۆ هاتووە

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید لێگەڕین لە تەل تەمر ڕایگەیاند، لە دەرەنجامی بۆمبارانی بەردەوامی تورک بۆ سەرێکانی لە ٦ ڕۆژی ڕابردوودا، ٧٥ شەهید و ٤٥٠ برینداری سڤیل گەیشتونەتە نەخۆشخانەکەمان.

لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی هاوار، حەسەن ئەمین، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید لێگەڕین لە تەل تەمر، ئاماری ئەو شەهید و بریندارە سڤیلانەی ڕاگەیاند کە لە ماوەی شەش ڕۆژی ڕابردوو بەهۆی هێرشی تورکەکان بۆسەر شارەدێی سەرێکانی گەیاندراونەتە نەخۆشخانەکەیان.

ئەمین ئەوەش ڕاگەیاند لەگەڵ ئەو کوشتارەی دوێنێی کاروانە سڤیلەکە و بۆردومانی ئاسمانی دوێنێ ئێوارەی سەرێ کانی، لە ماوەی شەش ڕۆژی ڕابروو هەتا ئێستا، ٧٥ شەهید و ٤٥٠ برینداری خەڵکی سڤیل گەیشتوەتە نەخۆشخانەکەمان کە بەشێکیان دۆخی تەندروستیان ناجێگیر بووە و نێردراون بۆ نەخۆشخانەی حەسەکە.

ف.ق