نەسرین عەبدوڵا: خۆمان لە دژی داگیرکەری ئامادە دەکەین

نەسرین عەبدوڵا وتەبێژی یەپەژە رایگەیاند، هێزەکانى قەسەدە و گەلانى هەرێمەکە ئامادەکاری دەکەن لە دژی داگیرکەریى دەوڵەتى تورک و هەڕەشە نوێکانیان بۆ داگیرکەری. راشیگەیاند "ئێمە گەل و وڵاتى خۆمان دەپارێزین".

ئەمڕۆ ٦هەمین ساڵیادى دامەزراندنى یەکینەکانى پاراستنى ژن (یەپەژە)یە. نەسرین عەبدوڵا وتەبێژی یەپەژە بە بۆنەى ساڵیادى دامەزراندنى یەپەژەوە بۆ ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) دوا.

یەپەژە تەنها بە چەک شەڕ ناکات

نەسرین عەبدوڵا رایگەیاند، سالی ٢٠١٣ هەم لە رۆژئاواى کوردستان و هەم لە باکووری سوریا لە دژی داعش لە تێکۆشاندان و راشیگەیاند "لە ئەنجامی ئەو تێکۆشانەدا رووبەڕی ٥٢ هەزار کیلۆمەتری چوار گۆشە رزگارکراوە. زیاتر لە ٥ ملیۆن مرۆڤ رزگارکراون و کە زیاتر لە نیوەى ئەو کەسانە ژن و منداڵن.

لەو تێکۆشانەدا ٦٠٠ هەڤاڵی ژن شەهید بوون و هەزارانى تریش بریندار بوون. ئازادیى وڵات و ژن بۆ ئێمە ئامانجێکى پیرۆزە و لە پێناویدا گیانى خۆمان بەخت دەکەین. لە رۆژی دەستپێکەوە تاوەکو ئێستا ئێمە لە چوارچێوەیەدا جوڵاوینەتەوە.

داعش دوژمنی ژنانی بوو و هەڕەشەیەکى گەورە بوو. نەک تەنها لە رووی سەربازییەوە، بەڵکو ئێمە ئەوانمان لە رووی ئایدۆلۆژی و کولتوریشەوە بە دوژمن دەزانى. داعش لە چوارچێوەى عەقڵییەتى خۆیدا لە شەڕدا دوژمنایەتیى ژنانی کرد. داعش لەوە تێگەیشت کە ئێمە تەنها ئەو هێزە نین، کە تێکۆشانى چەکدارییان لە دژ ئەنجام دەدەین. ئێمە لە دژی هەموو چەتە جیهادییەکان شەڕمان کرد.

ئەگەر ژن لەو ئاستە بەرزەدا بەشداریى لە شەڕی دژ بە داعش دا نەکردایە، قورس دەبوو کە کۆتایى بە چەتەکانى داعش بهێنرایە. جگە لەوەش یەپەژە لەو شەڕەدا بووە هێزی موراڵ و مەعنەوی. بوونی یەپەژە لە شەڕدا ترسێکى گەورەى خستبووە دڵی داعشەکانەوە، چونکە داعش و چەتەکانى تر بەرامبەر خۆیان سوپایان بینیبوو، بەڵام سوپاى ژنانیان نەبینیبوو. سوپایەکى ئەوەندە پێداگر و داکۆکیکار و بڕیارمەندیان نەدیبوو. لەبەر ئەوەى ئەو سوپایانەى لە دژیان شەڕیان دەکرد، جارناجارێک بۆ ستراتیژیى سیاسى دەیانتوانى رێبکەون. بەڵام یەپەژە 'لەناوبردنى دوژمنى ژنانى' بۆ خۆی کردە ئامانج".

"یەپەژە ناسنامەیە بۆ هەموو ژنانى دونیا"

نەسرین عەبدوڵا باسی لە دەنگدانەوەى یەپەژە لە دونیادا کرد و وتى "هەم لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و هەم لە سەرتاسەری دونیاوە ژنان هاتن و بەشداری یەپەژە بوون. هەندێک لەو هەڤاڵانەمان شەهیدبوون، بۆ نمونە لێگەڕین، ئیڤانا، هێلین، تۆپراک... هتد. یەپەژە دواى کۆبانێ ئیتر بووە هێزێکى ئینتەرناسیۆنالیست. یەپەژە بۆ هەموو ژنان لە سەرتاسەری جیهاندا بووە ناسنامەیەک. یەکێک لە سەرکەوتنەکانى یەپەژە ئەوەبوو.

شۆڕشی رۆژئاوا وەرچەرخا بۆ شۆڕشی سوریا و دونیا. لەبەر ئەوەش سەدان ژن جیا لە ژنانى کورد بەشداری ریزەکانى یەپەژە بوون، چونکە ژنانى دونیا پێویستیان بە هێزێکى لەمجۆرە هەیە. ئەگەر ئاشتى، دادپەروەری بەدی بێت و ئەگەر هەر دوو رەگەز یەکسان ببن، ئەوا ئەوە لەسەر دەستى ژن روو دەدات".

"ئێمە هاوبەشی پلانسازیى قەسەدەین لە دژی داعش"

نەسرین عەبدوڵا وتەبێژی یەپەژە ئاماژەى بەوە کرد، کە تێکۆشانەکەیان چووەتە قۆناغێکى نوێ و وتى "ئەو دوایین خاکە، کە لە دەستى چەتەکاندا بوو رزگار کرا، بەڵام هێشتا چەندین هەڕەشە ماون. جگە لە شانە نهێنییەکانیان لە رووی عەقڵییەتەوە کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگە دروستکردووە. بە تایبەت لەو ناوچانەدا، کە بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ لە ژێر دەستیاندا بوو. هەروەها لە کۆمەڵگەدا دۆخێکى دەروونیى جیاوازیان دروستکردووە. لەبەر ئەوەش سەرلەنوێ بونیاتنانەوە و رێکخستنەوەى و ئاسایکردنەوەی کۆمەڵگە کارێکى قورسە. لە ناو یەپەژەدا ئێمە لە چوارچێوەى ستراتیژیى قەسەدە دا درێژە بە تێکۆشانەکەمان دەدەین. بۆ ئەوەی ئارامی لە هەرێمەکەماندا و لە هەموو هەرێمەکاندا بەدی بێت، ئێمە بە بەهێزی لە دژی شانە نهێنییەکان تێدەکۆشین. ئەوە ئامانجێکى بنەڕەتییە بۆ ئێمە".

"هەڕەشەکانى دەوڵەتى تورک بەردەوامن"

نەسرین عەبدوڵا لەبارەى داگیرکەریی دەوڵەتى تورکەوە وتى "ئێمە؛ یەپەژە تاوەکو رزگارکردنى عەفرین ناوەستین. ئەوە بۆ ئێمە ئامانجێکى ستراتیژییە و یەپەژە خۆی بۆ ئەوە ئامادە کردووە. ئامانجمان ئەوەیە خۆمان گەورەتر و پرۆفیسۆناڵتر بکەین. کۆنفرانسمان لە رێدایە. لە کۆنفرانس دا بڕیاری نوی دەدرێن. لە رووی رێکخستنەوە ئێمە خۆمان بۆ قۆناغێکی نوێ ئامادە دەکەین.

مەترسی و هەڕەشەیەکى گەورە لەسەر وڵاتەکەمانە. دەوڵەتى تورک ئامادەکاری دەکات کە داگیرکەرییەکەى بەرفراوانتر بکات. ئاشکرایە دەیەوێت لەسەرتاسەری وڵاتەکەماندا خۆی بکاتە سەردەست. هەر چۆن عەزاز، جەرابلوس، باب و عەفرینى داگیرکرد، ئێستا دەیەوێت هەرێمەکەی ئێمەش داگیر بکات. گەلی کورد، هێزەکانی ئێمە، هەموو هێزەکانى قەسەدە وهەموو گەلانى هەرێمەکە لە دژی ئەو داگیرکەرییە لە ئامادەکاریدان. تاوەکو یەکێک لە ئێمە بمێنیت ئێمە گەل و جۆگرافیای خۆمان دەپارێزین.

"ئێمە بۆ چارەسەریى دیموکراتیک ئامادەین"

ئێمە هیوادارین ئەو هێزانەى کە خۆیان بە هێزی چارەسەری کێشەکانى سوریا دەزانن رێگا نەدەن جارێکیتر قۆناغێکیتر لە شەڕ دەستپێبکات. ئێمە بۆ چارەسەرییەکى دیموکراتیک ئامادەین. بەڕێوەبەریى دیموکراتیک بۆ دەیان جار وتویەتى 'ئێمە بۆ قۆناغێکى چارەسەری لەسەر بنەمای دیموکراتیک بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى سوریا ئامادەین'. بەو شێوەیە پلان و ئامانجی خۆیان لەو بوارەدا خستووەتەڕوو".

نەسرین عەبدوڵا لە کۆتایى وتەکانیدا ٤ی نیسان / ١٥ی خاکەلێوە، ٦هەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنى یەپەژەی لە شەهیدان، لە بنەماڵەى شەهیدان، ژنان، دایکان، لە شەڕڤانان و فەرماندەکانى یەپەژە پیرۆز کرد.

ر.م