هاوسه‌رۆكی په‌یه‌ده‌: ئه‌گه‌ر هێرش بکرێته‌ سه‌رمان بەرخۆدانێکی گەورە ده‌كه‌ین

شاهۆز حەسەن هاوسەرۆکی پارتیی یه‌كێتیی دیموكراتی (پەیەدە) ڕایگەیاند، گفتوگۆ بۆ ئەوان گرنگە، بەڵام ئەگەر دەوڵەتی تورک هێرش بکات، بەرخۆدان لە دژی هێرشه‌كان گەورە دەبێت.

ده‌رباره‌ی جموجۆلی دەوڵەتی تورک لەسەر سنوورەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هاوسەرۆکی پەیەدە شاهۆز حەسەن بۆ ئاژانسی هەواڵی هاوار (ANHA) دوا.

شاهۆز حەسەن ڕایگەیاند، دوای تێکشکاندنی داعش لەلایەن قەسەدە-وە، دەوڵەتی تورک بە هەموو شێوەیەک دەیەوێت ئارامیی ناوچەکە بشێوێنێت. گوتی، «پەیوەندی نێوان دەوڵەتی تورک و چەتەکانی داعش چەندین جار سەلمێنراوە و دەرکەوتووە کە لەپشت هێرشی چەتەکان تورکیا هەیە. دوایین جاریش داگیرکردنی عەفرین و به‌ بەکارهێنانی ئەو گرووپه‌ چەتانە بەڕێوەچوو کە ئامانجی سه‌ره‌كییان داگیرکردنی پارچەیەک لە خاکی سووریا بوو. لە سەرەتای ئاڵۆزییەکانی سووریادا دەوڵەتی تورک داگیرکردنی هەموو سووریای كردبووه‌ ئامانجی خۆی. ئەردۆغان دەیگوت، [لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا لە شام نوێژ دەکەین]. ئێستاش دەیانەوێت ئەو هەرێمانە داگیر بکەن کە لەدەست داعش ڕزگار کراون. لە بنەڕەتدا هەڕەشە لە ئەزموونی خۆبەڕێوه‌بەریی دیموکراتی دەکات.»

هاوسه‌رۆكی په‌یه‌ده‌ گوتیشی، «هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر دەستگیرکراوەکانی داعشیش مه‌ترسییه‌. ژمارەیەکی زۆر چەتەی داعش گیراون. دەبێت ئەو کێشەیه‌ی گیراوه‌كان چارەسەر بکرێت. کار دەکرێت بۆ ئەوە، بەڵام هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر خاکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا جارێکی دیکە هەناسەیەک بەبەر چه‌ته‌كانی داعشدا ده‌كاته‌وه‌ و چەتەکانی داعش و گروپە چەتە مەترسیدارەکان، ده‌یانه‌وێت دژی ئەزموونی دیموکراتی بكه‌ونه‌ جموجۆڵ. دەوڵەتی تورک ئەو شتە بە ئەنقەست دەکات.»

شاهۆز حەسەن ڕایگه‌یاند، «دەوڵەتی تورک هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی و ئارامیی ناوچەک. سیاسەتی قڕکردن لە بەرانبەر کورد بەڕێوە دەبات. ئەوەی بە دەستی چەتەکانی داعش و جه‌بهه‌ی نووسره‌ نەیتوانی بیکات، ئێستا خۆی دەیکات. سیاسەتی دەوڵەتی تورک مەترسیدارە، چەپەڵە و هیچ کەسێک قبووڵی ناکات.»

«ئەردۆغان دەیەوێت کۆمەڵکوژییەکانی عوسمانییەکان دووبارە بکاتەوە. دەوڵەتی عوسمانی لە بەرانبەر گەلی کورد، سریانی، ئەرمەنی، ئێزدی و عەرەب کۆمەڵکوژی ئه‌نجام دا. ماوه‌یه‌كی زۆر به‌سه‌ر ئه‌و كۆمه‌ڵكوژییانه‌دا تێنه‌په‌ڕیوه‌. ئێستاش ئەردۆغان دەڵێت، [من ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دروست دەکەم]. ئەوەش بە واتای ئەوەیه‌ کە جارێکی دیکە لەسەر بنەمای کۆمەڵکوژکردن و سڕینەوەی گەلان دەیەوێت ئامانجەکانی به‌دیبێنێت. ئەمه‌ دۆخێکی مەترسیدارە.»

«هەڕەشە لەسەر داهاتووی سووریایە»

شاهۆز حەسەن سەرنجی ڕاکێشایە سەر بیانووەکانی دەوڵەتی تورک و گوتی، «لە دیوی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاوە هیچ شتێک نەچووەتە سنووری تورکیا. بە پێچەوانەوە هەموو ئەو هێرشانەی کە بۆ سەر ناوچەکە کراون، لە سنووری دەوڵەتی تورکەوە كراوه‌. ئەوە مەترسییه‌ لەسەر ئاسایش و ئارامی ناوچەکە و دەبێت هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک بوەستێنرێن. پێویسته‌ هێزە نێونەتەوەییەکان و ده‌وڵه‌ته‌ یەکگرتووەکان بزانن کە مەسەلەی تورکه‌كان داگیرکردنی خاکی سووریا و هەڕەشە بۆ سەر داهاتووی ناوچەکەیه‌.»

له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا ناوبراو گوتی، «ئه‌گه‌ر هێزە نێونەتەوەییەكان و ئه‌و هێزانه‌ی په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌یانه‌وێت ئاسایشی ناوچەکە بپارێزن، دەبێت ڕێگەی دەستێوەردانی تورکیا لە ناوچەکە بگرن. تورکیا دەیەوێت بە بەردێک چه‌ند چۆلەکەیه‌ک بکوژێت. یەکەمیان ئەوەیە کە پارچەیەک لە خاکی سووریا بگرێت. دووەمیش لە قڕکردن و سیاسەتەکەی دژبه‌ کورد بەردەوام بێت. دەوڵەتی تورک بە بیانووی نیشتەجێکردنی هاوڵاتیانی سووریا کە ئەوانیش ئەو گرووپە چەتانەی سه‌ربه‌ تورکیان، دەیەوێت هەرێمە کوردییەکان بە کورد چۆڵ بکات و گرووپه‌ چەتەکان لەوێ جێگیر بکات. به‌م شێوه‌یه‌ حوکمێکی ئیخوان موسلیمینی سه‌ربه‌ ده‌وڵه‌تی تورک دروست بکات. ئەوەش دۆخێکی زۆر مەترسیدارە.»

هاوسه‌رۆكی په‌یه‌ده‌ ڕایگه‌یاند، «لەو ناوچانەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا ئاسایش هەیە. ئەوەی مەترسییە هەبوونی تورکیایە. هێزە نێونەتەوەییەکان چۆن ئاسایشی ئەو ناوچانە دەپارێزن و بەرەو پێشەوەی دەبەن؟ ڕێگەچارەی دیالۆگ بنامه‌یه‌، بەڵام ئەگەر دەوڵەتی تورک دیالۆگ نەکاتە بنەما و هێرش بکات، ئەو کاتە ئێمەش لە بەرانبەر ئەوەدا بەرخۆدانێکی گەورە دەکەین.»

«تورکیا نیەتی هێرشکردنی هەیە»

شاهۆز حەسەن ده‌رباره‌ی جموجۆڵەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر سنوورەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا گوتی، «به‌بێ مشتومڕ، دەوڵەتی تورک نیازی هێرشکردنی بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەیە. ئەگەر نیازی نه‌بوایه‌، ئەوەندە سەرباز، چەکی قورس و گرووپی چەتەکان لەسەر سنوور جێگیر نەدەکرد. بەڵام هەموو کەس دەبێت بزانێت کە هێرشێکی لەو شێوەیە نەک تەنیا بۆ گەلی هەرێمەکە، به‌ڵكوو بۆ تورکیاش دەبێتە ئاڵۆزییەکی گەورە. هه‌روه‌ها کاریگەری هێرشەکە لەسەر سیاسەتی ئەمه‌ریکا و ڕووسیاش دەبێت.»

هاوسەرۆکی پەیەدە سەرنجی ڕاکێشایە سەر دۆخی قەیراناوی تورکیا و گوتی، «دەوڵەتی تورک و حکوومەتی ئاکەپە - مەهەپە لە ڕووی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری له‌ دۆخێکی زۆر تەنگژە دایە. گەلی تورکیا لە هەڵبژاردندا دیموکراتی هەڵبژارد و بە ئەردۆغانیان گوت، [ئیدی ئەو سیاسەتە قبوڵ ناکەین]، بە مێشکێکی فاشیستانە كه‌ شەڕێک لە بەرانبەر باکوور و ڕۆژهەلاتی سووریا دروست دەکات، هیچ کێشەیەکی تورکیا چارەسەر نابێت. ئەردۆغان و حکوومەتەکەی هیچ مافێکیان نییە کە هێرش بکەنە سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.»

s.m