هاووڵاتیانی عەفرین: ڕێکخراوە مرۆییە نێونەتەوەییەکان هاوکاری ئێمە ناکەن

دوای ئەوەی کە سوپای تورکیا دەستی بەهێرشی داگیرکارانەی خۆی بۆسەر عەفرین کرد ، زیاتر لە ١٧٠ هەزار هاووڵاتی عەفرین ئاوارەی کانتۆنی شەهبا بوون.

هاووڵاتیانی عەفرین-ی دانیشتووی شەهبا وتیان ، هەتاکو ئیستا هیچ ڕێکخراوێکی مرۆیی نێونەتەوەیی هاوکاری ئێمەی نەکردووە.

سوپای داگیرکەری تورکیا وێڕای چەتەکانی داعش وبەرەی نوسرە لە ڕێکەوتی ٢٠ی چلە/١٠ بەفرانبار هێرشیان کردە سەر عەفرین و گەلی عەفرین ٢ مانگ قارەمانانە لەبەرانبەر هێرشەکانی سوپای تورکیادا بەرخۆدانی-یان کرد. بۆ ئەوەی پێش لە کۆمەڵکوژیی گەورەتر بگیڕدرێت بەڕێوەبەرانی کانتۆنی عەفرین بڕیاریاندا کە هاووڵاتیانی مەدەنی لە شاری عەفرین دەربخەن و ڕەوانەی کانتۆنی شەهبا کران.

 هاووڵاتیان لە ١٨ی ئادار/٢٧ی ڕەشەمەوە لە کانتۆنی شەهبا لەناو دۆخێکی سەختدا ژیان دەکەن.

تا ئیستا  هیچ ڕێکخراوێکی نێو نەتەوەیی هاوکاری ئەو ١٧٠ هەزار ئاوارەی نەکردووە کە لە کەمپی بەرخۆدان و گوندەکانی شەهبا جیگیر بوونە.

هاووڵاتیانی عەفرین کە بەهۆی هێرشی سوپای تورکیا وچەتەکانیەوە نەیانتوانیوە هیچ  شتێک لەگەل خۆیان بێنن ، وماڵو حاڵیان بەتەواوی لەلایەن چەتەکانەوە تاڵان بوو، و لە کانتۆنی شەهبا بە کەڵک وەرگرتن لە هاووکاری هاووڵاتیانی هەرێمەکە ژیان دەبەنەسەر.

 بە هاوکاری کردنی گەلی باکووری سووریا ، پارچەکانی دیکەی سووریا ، کوردانی ئەورووپا کەمپی بەرخۆدان ئامادە کراوە.

لە کەمپی بەرخۆدان نزیک ١٠٠ بنەماڵە ژیان دەکەن. لە کەمپی سەردەمیش کە تازە دروست کراوە هێدی هێدی بنەماڵەکان نیشتە جێ دەکرێن.

بەڵام زۆڕبەی هاووڵاتیان عەفرین لە گوندەکان، ماڵە ڕوخاوەکان و حەوشەی ماڵاندا جێگیر بوون.

ئەو هاووڵاتیانەی عەفرین کە لە کەمپی بەرخۆداندا جێگیر بوون وتیان، لەو ڕۆژەوە کە کۆجیان کردووە و هاتونەتە کانتۆنی شەهبا هیچ ڕێکخراوێکی نێونەتەوەیی هاوکاری ئێمەیان نەداوە و تەنیا بەهاوکاری گەلی کورد ژیان دەبەینە سەر.

هاووڵاتیان ئاماژەیان بە هەل ومەرجی دژواری ژیان کرد و وتیان:سەرەڕای هەمو شتێک ئێمە لێرە بەرخۆدانی دەکەین و بوونی داگیرکەر قەبووڵ ناکەین.

فاتما عەبدوڵا-ی تەمەن ٧٠ساڵ کە ماڵو حاڵی خۆی لە ناوچەی شێراوا بەجێ هێشتووە ولە کانتۆنی شەهبا گرساوەتەوە ئەوەی خستە ڕوو کە لەبەر بۆردمان ناچار بوون ناوچەکە بەجێ بهێڵن و لەکاتی ئاوارە بونیاندا تەنیا بەجلی بەریانەوە توانیان خۆیان بگەێننە شەهبا.

حەسەن عەود هاوژینی فاتما عەبدوڵا ئاشکرای کرد کە بە دەنگی بۆردمان لە خەو ڕاچڵەکییە وتی: ماڵ وحاڵی منیان تاڵان کرد. ئێمە لە کەمپدا ژیان دەکەین. خوای گەورە لە هەڤاڵان ڕازی بێت هەموهەوڵی خۆیان دەخەنەگەڕ بۆ دابین کردنی پێداویستییەکانمان، بەڵام هەوا زۆر گەرمە، هاوین بەڕێوەیە. هەتاکو ئیستا کەس هاوکاری ئێمەی نەکردووە.

ژنێک بەناوی  زەینەب حەسەن، وتی کە دوای ئەوەی کە ئاوارە بوون بنەماڵەکەی لە کەڵاوەێکدا لە ئەحرەس-ێ جێگیر بوون. و دواتر هاتینە کەمپ، وتی: بە گەرم بوونی هەوا پێداویستی ئەوان زۆرتر بووە.

زەینەب حەسەن ئاوەها درێژەی بە قسەکانیدا: ئێوەش دەبینن کە ڕێژەی منداڵان زۆرن. بەهۆی گەرماوە منداڵان نەخۆش دەکەون.ناتوانن خۆیان بشۆن، بەگەرم بوونی هەوا نەخۆشی زۆرتر ببێت.

 موحەمەد جەمیل ئاماژەی کەم بونی پێداویستی تەندروستی و پاککەرەوە کرد ودەستنیشانی کرد کە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان هیچ هاوکاریێکیان نەکردووە و ئەوانی لە بیر کردووە.

 ژنێکی بەساڵاچوو بە ناوی فیدان ڕایگەیاند کە ئەمە مانگێکە لەماڵی خۆمان دەرکەوتووین، و تائیستا نەمانتوانیوە خۆمان بشۆێن.