هاووڵاتیانی عەفرین کەمتەرخەمی کۆمەڵگەی نێونەتەوەییان شەرمەزار کرد

هاووڵاتیانی شاری عەفرین کە لە کەمپی بەرخۆدان-ی شەهبا جێگیر بوون، ناڕەزایەتی خۆیان لەهەمبەر پشتگوێ خستنی ئاوارەکانی عەفرین لە لایەن کۆمەڵگەی نێونەتەوەییەوە دەربڕی.

زیاتر٤ هەزار هاووڵاتی عەفرین لە ناو ٨٠٠ چادری کەمپی بەرخۆدان-ی عەفریندا لە ناوچەی فاتین-ی شەهبا نیشتەجی کراوون.

ئاژانسی هەوالنێری هاوار لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بە دۆخی زەحمەتی ئاوارەکان و کەمتەرخەمی ڕێکخراوە نێونەتەوییەکان کردووە.

هەروەها ئاشکرا کرا کە بەڕێوەبەری کانتۆنەکانی شەهبا و عەفرین بەپێی دەرفەت هاوکاری هاووڵاتیان دەکەن. بەرڕێوەبەرانی کانتۆنی عەفرین ڕایانگەیاند کە تاکو ئیستا هیچ هاوکاریێک لە لایەن ڕێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکانەوە بۆ هاووڵاتیان عەفرین نەهاتووە و ئەو هاوکارییانەی کە کراوە لە لایەن گەلی باکووری سووریا وکوردستانیانی ئەورووپاوە بووە.

بەڕێوەبەری خۆسەری کانتۆنی عەفرین وشەهبا هەمو هەوڵی خۆیان دەخەنە گەڕبۆئەوەی کە پێداویستییە سەرەتاییەکانی هاوولاتیان عەفرین دابین بکەن. بەڵام تائیستا هیچ هاوکاریێک لە لایەن ڕێکخراوە مرۆییەکانەوە نەهاتووە.

هاووڵاتیێک بە ناوی روولا کارۆ، کە خەڵکی هەرێمی جندرێس-ی عەفرینە ئەوەی هێنایە سەر زمان کە بە هۆی هێرشی سوپای تورکیای داگیرکەر وچەتەکان، ناچار بووین کە واری خۆمان بەجێ بهێڵین و ڕوو بکەینە کانتۆنی شەهبا و وتی: منداڵەکانم بەهۆی دەنگی تۆپ و فڕۆکەجەنگییەکانی سوپای تورکیاوە ترساون وتوشی نەخۆشی دەرونی بوون، شەوان بەدەنگی قیڕە وهاواری منداڵەکانمەوە لەخەو ڕادەچڵەکم.

کارۆ ئەوەشی وت کە تا ئیستا هیچ ڕێکخراوەێکی نێونەتەوەیی بەهانای ئێمەوە نەهاتووە وئێمەیان لەناو ئەم دۆخە تراژیکەدا هێشتووەتەوە.

یەکێکی دیکە لە هاووڵاتیانی عەفرین بە ناوی جیهان موحەمەد، وتی:"هەتاکو کانتۆنی عەفرین بە تەواوی ڕزگار نەبێت ئێمە ناگەڕێینەوە بۆعەفرین.

هاووڵاتییکی دیکە بە ناوی حاجی جەمیل کە خەڵکی گوندی شێتکا-ی ناوچەی ماباتایە ئاماژەی بەوە کرد کە دەوڵەتی تورکیا هۆکاری سەرەکی ماڵوێرانی ئێمەیە و وتی: بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕێگەی بۆ داگیرکەری دەوڵەتی تورکیا خۆش کرد، کە بووە هۆی کورژان وبریندار بوونی سەدان ژن و منداڵی ئێمە.