هاووڵاتییانی عەفرین: هەتا ئاڵای داگیرکەر هەڵکرابێت ناگەڕێینەوە

ئەو هاووڵاتییانەی کانتۆنی عەفرین، کە لە گوندی تەل سۆسین-ی کانتۆنی شەهبا دەمێننەوە ڕایانگەیاند، هەتا ئاڵای تورکیای فاشیست لە عەفرین هەڵکرابێت ئەوان ناگەڕێنەوە بۆ عەفرین. ڕاشیانگەیاند، جگە لەعەفرینێکی ئازاد رێگەیەکی دیکە قبوڵ ناکەن.

ئەو هاووڵاتییانەی کانتۆنی عەفرین، کە لە گوندی تەل سۆسین-ی کانتۆنی شەهبا دەمێننەوە ڕایانگەیاند، هەتا ئاڵای تورکیای فاشیست لە عەفرین هەڵکرابێت ئەوان ناگەڕێنەوە بۆ عەفرین. ڕاشیانگەیاند، جگە لەعەفرینێکی ئازاد رێگەیەکی دیکە قبوڵ ناکەن.

هاووڵاتییانی کانتۆنی عەفرین کە لە گوندی تەل سۆسین-ی کانتۆنی شەهبا دەمێننەوە دەربارەی داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا بۆ ئاژانسی هەواڵی هاوار دووان.

هاووڵاتیێک بە ناوی موستەفا ئەحمەد وتى "گەڕانەوەمان بە کەرامەت و شەرەفی ئێمەوە گرێدراوە، بۆیە تا ئاڵای تورکیای فاشیست لە سەر بیناکانی عەفرین هەڵکرابێت و داگیرکەر لەوێ بوونیان هەبێت، ئێمە ناگەڕێینەوە بۆ عەفرین. هەر کات هێزەکانی ئێمە بێن بە پیریمانەوە ئەوکاتە بە سەربەرزی دەگەڕێینەوە بۆ عەفرین".

هاوولاتیێکی دیکە بەناوی ڕەمەزان ئیبۆ لەسەر هەمان بابەت وتی، تورکە داگیرکەرەکان و چەتەکانیان ماڵی ئێمەیان وێران کردووە. هەموو شتێکی ئێمەیان تاڵان کردووە. هەڵسوکەوتیان لەگەل هاووڵاتیاندا زۆر خراپە. لەبەر ئەو هۆکارانە ئێمە ناتوانین بگەڕێینەوە بۆ عەفرین. هەتاکو دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر و چەتەکانی لەعەفرین بن  ئێمە ناگەڕێینەوە. گیانی هاووڵاتییان لە مەترسیدایە. ئەگەر ئێمە گەڕانەوەمان بویستایە ئەوا ئەو کاتەى عەفرین داگیرکرا هەر عەفرینمان چۆڵ نەدەکرد، بەڵام هەر کات شەڕڤانانی ئێمە عەفرینیان ڕزگار کرد ئێمە دەگەڕێینەوە بۆ عەفرین.

هاووڵاتیێکی دیکە بەناوی مەیاسە حسۆ ئاوەها باسی گەڕانەوە دەکات "ئێمە زۆر تامەزرۆی ئاشتین، هەربۆیە بۆگەییشتن بەو ئامانجە تێکۆشان دەکەین. ئێمە بۆ ئاشتی و ئارامی، گەلیک فیداکاریمان کرد. ئێمە چاوەڕوانی ڕزگارکردنی عەفرینین. ئێمە بەو هیوایەوە دەژین، هەتاکو شەڕڤانانی ئێمە عەفرین ڕزگار نەکەن ئێمە ناگەڕێینەوە بۆ عەفرین. هەتاکو ئاڵای تورکیا و چەتەکانی لە عەفرین هەڵکرابێت ئارامی و ئاسایشی ئێمە بوونی نابێت. ئێمە تەنیا لە کاتێکدا دەگەڕێینەوە، کە شەڕڤانانی خۆمان پێشوازیمان لێبکەن".

سوپای داگیرکەری تورکیا و چەتەکانی لە ٢٠ کانوونی دوویەم/ ٣٠ى بەفرانبار هێرشی کردە سەر عەفرین. لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا سەدان هاووڵاتیی مەدەنی شەهید و بریندار بوون. هەروەها سەدان هەزار هاووڵاتی ناچار بوون عەفرین بەجێ بهێڵن و لە کانتۆنی شەهبا جێگیر ببن.