هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى رەتیکردەوە هێرشیان کردبێتە سەر هێزەکانى رژێمى سوریا

هاوپەیمانیى نێودەوڵەتی کە ئەمریکا سەرۆکایەتیى دەکات، ئەو هەواڵەى رەتکردەوە، کە هێزەکانیان هێرشیان کردبیتە سەر هێزەکانى رژێمى سوریا لە دێرەزۆر.

ئاژانسى هەواڵی حکومەتى سوریا (سانا) بڵاویکردەوە، فڕۆکە جەنگییەکانى هاوپەیمانان هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانى سوریا لە دێرەزۆر.

دواى بڵاوبوونەوەى ئەو هەواڵە، بەرپرسێکى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى بە ئاژانسى هەواڵى فەرەنسا (AFP)ی راگەیاندووە، هێزەکانى هاوپەیمانیی نێودەوڵەتى، یان هێزەکانى ئەمریکا لەو ناوچەیەدا هیچ هێرشێکیان لە دژی هێزەکانى رژێمى سوریا ئەنجام نەداوە.

رێکخراوى چاودێریى مافەکانى مرۆڤ لە سوریا لەو بارەیەوە رایگەیاندووە، روون نییە هێرشەکە لەلایەن چ هێزێکەوە ئەنجامدراوە، بەڵام بەهۆى هێرشەکەوە ٣٨ چەکدارى لایەنگری رژێمى سوریا کوژراون.

هێرشەکە لە ناوچەى ئەل حاری لە باشوورى رۆژهەڵاتى بوکەمال لە سنوورى پارێزگاى دێرەزۆردا رویدابوو و ئاژانسى هەواڵى حکومەتى سوریا رایگەیاندبوو، ئەو هێرشە لەلایەن هاوپەیمانیى نێودەوڵەتییەوە ئەنجامدراوە.

مانگى شوباتى رابردوو هێزەکانى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى لە دێرەزۆر هێزەکانى رژێمى سوریایان بۆردومانکرد، کە هێرشیان کردبووە سەر بنکە و  بارەگای شەڕڤانانى قەسەدە. لەو هێرشەدا بەلانیکەمەوە ١٠٠ چەکداری لایەنگری رژێم کوژرابوون.

ر.م