هاوڵاتیانی رۆژئاوای کوردستان لە دژی دەوڵەتی داگیرکەری تورک رژانە سەر شەقامەکان

بە هەزاران هاوڵاتی لە چەندین شار و شارۆچکەی رۆژئاوای کوردستان لە دژی داگیرکەریەکانی دەوڵەتی تورک رژانە سەر شەقام و پەیامی خۆڕاگریان بڵاو کردەوە.

ئەمڕۆ بە هەزاران هاوڵاتیی ناوچەکانی چل ئاغا، تربەسپی، تل کۆچەر و تل براکی کاتونی قامشلۆ، هەروەها ناوچەی تل تەمری کانتونی حەسەکە و کانتونی عەفرین بە مەبەستی رسوا و ئیدانەکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە گۆڕەپانەکان کۆ بوونەوە.

هاوڵاتیانی رۆژئاوای کوردستان بانگەوازیان ئاڕاستەی پارتە سیاسیەکان و گەل بە گشتی کرد و داوایان لێکردن درک بە مەترسیی پرۆژەکانی دەوڵەتی تورک بکەن و لە دژی ئەو فاشیزمەی گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر گەلی کورد و تایبەتمەندیە دێرینەکانی، بە زووترین کات یەکێتی خۆیان بونیاد بنێن.

چل ئاغا

بە سەدان هاوڵاتی ناوچەی چل ئاغای کانتونی قامشلۆ بە مەبەستی ئیدانەکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی میدیان و مەخمور و شەنگال رژانە سەر شەقام و رێپێوانێکیان ئەنجامدا.

لە رێپێوانەکەدا پانکارتی 'فاشیزمی تورک مەترسیە بۆ سەر ئاسایشی جیهان'، 'هەموومان بە یەکەوە کۆتایی بە تیرۆر دەهێنین'، ' نا بۆ بێدەنگی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەرامبەر تاوانەکانی دەوڵەتی تورک لە دژی گەلی کورد' بەرز کرانەوە.

لە چالاکیەکەدا عبدولسلام عەباس لەسەر ناوی پێکهاتەکانی ناوچەکە قسەی کرد و رایگەیاند، هێرشەکانی ئەم دواییەی دەوڵەتی تورک، شتێکی ئاسایی نین، ئامانج لێی ئەوەیە کە بەردەوامی دەدات بە سیاسەتی قڕکردن و کۆمەڵکوژکردنی گەلی کورد و وتیشی، هێرشەکە لە ساڵیادی کۆمەڵکوژیەکەی سێفۆ دا ئەنجام درا، کە لە لایەن باو و باپیرانی ئەردۆغانەوە و لە دژی گەلانی سوریانی، کلدان و ئاسوریدا ئەنجام درابوو.

عەباس بانگەوازیەکیشی ئاڕاستەی کۆمەڵگای نێودەوڵەوتی کرد کە کۆتایی بە بێدەنگیەکەیان بهێنن و بەم شێوەیە دوا:"دەوڵەتی تورک ئەمڕۆ هەوڵ دەدات سەردەمی عوسمانیەکان زیندوو بکاتەوە. ئەو شتەی عوسمانیەکان لە ئەنجامی داگیرکردنی ناوچەکەدا بەسەر ئێمەیان هێنا، هەمووی باش دەزانین. لە دژی پێکهاتەکانی ناوچەکە قێزەوەنترین تاوانیان ئەنجامدا. بۆیە بە جیهان دەڵێین جارێکی دیکە ئەمە قبوڵ ناکەینەوە."

تربەسپی

لە ناوچەی تربەسپیی کانتونی قامشلۆش بە بەشداری سەدان هاوڵاتی رێپێوانێک بەڕێوە چوو. لە چالاکیەکەدا وێنەکانی رێبەر ئاپۆ و پانکارتی شەرمەزارکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لە دژی گەلی کورد لە شەنگال و مەخمور و شاخەکانی کوردستان، بەرز کرانەوە. هاوکات دروشمی گەشکردنی تێکۆشانی دژی داگیرکەرانی تورکیا و بانگەوازیەکانی رێبەر ئاپۆ بەرز کرانەوە.

لەو رێپێوانەدا سلێمان عەرەب ئەندامی ئەنجومەنی گشتی پەیەدە وتەیەکی پێشکەش کرد و رایگەیاند، دەوڵەتی تورک بەو هێرشانە هەوڵ دەدات ببێت بە رێگر لە بەردەم بونیادنانی یەکێتی گەلی کورد و جەختیشی کردەوە کە گەلی کورد رێگە نادات ئەو هەوڵانەی دەوڵەتی فاشیست سەربکەون.

سلێمان عەرەب هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە دەوڵەتی تورک هەموو یاسا و پێوانە نێودەوڵەتیەکان پێشێل دەکات و بوونی گەلی کورد دەکاتە ئامانج.

تل کۆچەر

بە سەدان هاوڵاتی ناوچەی تل کۆچەریش بە مەبەستی ئیدانەکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە دژی خەڵکی مەدەنی، رێپێوانێکیان ئەنجامدا.

لە رێپێوانەکەدا پانکارتی شەرمەزارکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەر بەرز کرانەوە و بێدەنگی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە بەرامبەر ئەو هێرشانە ئیدانە کرا. هاوکات دروشمی رسواکردنی ئەردۆغانی فاشیست وترایەوە.

دواتر چەندین پەیام پێشکەش کران و تێیدا ئاماژە بەوە کرا کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک خەڵکی مەدەنی لە هەرێمەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، شەنگال، کەمپی مەخمور دەکاتە ئامانج بەم شێوەیە درێژە بە بەرنامەی داگیرکاری زیهنیەتی عوسمانی دەدات. لەم چوراچێوەیەشدا جەخت لەسەر بونیادنانی یەکێتی نەتەوەیی کرا.

تل تەمر

بە پێشەنگایەتی پەیەدە و کۆنگرەی ستار و ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی ناوچەی تل تەمری سەر بە کانتونی حەسەکە بە دروشمی 'فاشیزمی تورک هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی جیهان، دەبێت هەموومان بە یەکەوە لە دژی ئەو بوەستینەوە' خۆپێشاندانێکی بەرفراوان بەڕێوە چوو.

خۆپێشاندانەکە لە بەردەم ئەنجومەنی خانەوادەی شەهیدان دەستی پێکرد تا بەردەم هۆڵی خێمێی شارەکە بەردەوام بوو، دواتر چەندین پەیام پێشکەش کران.

جوان مەلا ئەیوب هاوسەرۆکی ئەنجومەنی ناوچەی تل تەمر وتەیەکی پێشکەش کرد و جەختی کردەوە کە فاشیزمی دەوڵەتی تورک مەترسیەکی گەورەیە بۆ سەر مرۆڤایەتی و وتی، ئەو تاوانانەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئەنجامی دەدات، نیشانەی تێکچوونیەتی، نەک بەهێزی.

ئەیوب راشیگەیاند، دەوڵەتی داگیرکەری تورک هەوڵ دەدات، شەڕێکی ناوخۆیی لە ناو گەلی کورد دروست بکات و چەند هێزێکی کورد بەرەو لای خۆی پەلکێش بکات و وتی:"ناهێلن گەلی ئێزیدی بگەڕێتەوە سەر زیدی خۆی و دەیەوێت لە ژێر هەڕەشەی تیرۆر بیانهێلێتەوە، بۆ ئەوەی بتوانێت ئەوەی داعش نەیکرد، ئەو بیکات.

ئەیوب بانگەوازیشی ئاراستەی پارتە سیاسیەکان و گەل کرد کە درک بە پلانەکانی دەوڵەتی تورک بکەن و لە دژی ئەو پلانانە خۆڕاگری بەرفراوانتر بکەن و یەکێتی کورد و کوردستان بە زووترین کات بونیاد بنێن.

شەهبا

بە سەدان ئەندام و بەڕێوەبەری رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و هاوڵاتیان کانتونی عەفرین و شەهبا لە ناوچەی ئەحداس گرد بوونەوە و ئالای کۆنگرەی ستار و وێنەکانی رێبەری گەلی کورد عەبدولا ئۆجالان و پانکارتی 'بە توڕەیی خانەوادەی شەهیدان، ئەو ئاگرەی ئیمرالی دەکوژێتەوە' ، 'بمرێت خیانەت'، 'بە یەکێتی کورد داگیرکاری و خیانەت لەناو دەچێت' و 'هێرشەکانی ئەردۆغانی فاشیست ناتوانن ئیرادەی گەلی کورد تێک بشکێنن'، بەرز کرانەوە.

دواتر چەندین وتە پێشکەش کران و ئاماژە بە هێرشی سەد ساڵەی دژی گەلی کورد کرا و وترا، تا ئەمڕۆش ئەو هێرشانە بەردەوامن لە دژی گەلی کورد.

هەروەها لە پەیامەکاندا ئاماژە بە تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیا کرا کە هەموو رۆژێک دووبارە دەبنەوە و جەختیش کرایەوە کە ئەم تاوانانە لە دژی یاسا نێودەوڵەتیەکانن.

تل براک

بە سەدان هاوڵاتی ناوچەی تل براک گرد بوونەوە و هێرشەکانی دەوڵەوتی داگیرکەری تورکیان رسوا و شەرمەزار کرد.

لە خۆپێشاندانەکەدا وێنەکانی رێبەر ئاپۆ، ئاڵاکانی قەسەدە و کۆنگرەی گەل و پانکارتی ئیدانەکردنی دەوڵەتی تورک و ئەردۆغان و بێدەنگیی کۆمەڵگای نێودەوڵەوتی بەرز کرانەوە.

لە خۆپێشاندانەکەدا عبدولکریم حەسەنی، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی ناوچەی تل براک قسەی کرد و رایگەیاند، لەسەر ناوی هاوڵاتیانی تل براک و ناوچەکە و رێکخراوەکان، هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لەدژی گەلی کوردی ئێزیدی لە شەنگال و مەخمور و شاخەکانی کوردستان، ئیدانە دەکەین.

حەسەنی رایگەیاند، ئەم هێرشانەی دەوڵەتی فاشیستی تورک لە دژی گشت جیهانە و شەرمەزاریە بۆ رێکخراوە یاسایەکان و گشت مرۆڤایەتی کە لە بەرامبەر ئەو هێرشانە بێدەنگ بن و وتیشی:"دەبێت کۆمەلگای نێودەوڵەتی لە بەرامبەر ئەو هێرش و تاوانانەی لە دژی گەلی کورد و گەلانی ناوچەکە ئەنجام دەدرێن، بێدەنگ نەمێنێت."

ز.ش