هه‌په‌گه: ٢٦ سه‌ربازی توركیا كوژران و گورزیش له كۆپته‌رێك درا
گه‌ریلاكانی هه‌په‌گه\یه‌ژا ستار گورزی تووندیان له سوپای توركی داگیركه‌ر دا. هه‌په‌گه ڕایگه‌یاند، ٢٦ سه‌رباز كوژران، ٢ ئۆتۆمبێلێكی زرێپۆش تێك‌شكێنران و گورزیش له كۆپته‌رێك درا.
گه‌ریلاكانی هه‌په‌گه\یه‌ژا ستار گورزی تووندیان له سوپای توركی داگیركه‌ر دا. هه‌په‌گه ڕایگه‌یاند، ٢٦ سه‌رباز كوژران، ٢ ئۆتۆمبێلێكی زرێپۆش تێك‌شكێنران و گورزیش له كۆپته‌رێك درا.
ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی هێزه‌كانی پاراستنی گه‌ل (هه‌په‌گه) ده‌رباره‌ی چالاكییه‌كانی گه‌ریلا ئه‌مڕۆ ڕاگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكرده‌وه كه ئه‌مه ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
له چێوه‌ی هه‌ڵمه‌تی شۆڕشگێڕیی شه‌هید باگه‌ر و شه‌هید ڕۆنیا-دا، چالاكییه‌كانی هێزه‌كانمان دژبه سوپای توركی داگیركه‌ر به‌رده‌وامن. هێزه‌كانمان گورزی قورسیان له داگیركه‌ران دا:
چالاكیی سابوتاژ له گردی شه‌كیف
ڕێكه‌وتی ٢٤ی حوزه‌یران\٣ی پووشپه‌ڕ كاتژمێر ١٠ هێزه‌كانمان له گردی شه‌كیف-ی هه‌رێمی خواكورك دژی یه‌كینه‌كانی ئۆپه‌راسیۆنی سوپای توركی داگیركه‌ر چالاكییه‌كی سابوتاژیان ئه‌نجام دا. له‌م چالاكییه‌دا زۆر سه‌ربازی دوژمن كوژران و بریندار بوون به‌ڵام ژماره‌یان ڕوون نه‌بووه‌ته‌وه. دوای چالاكییه‌كه سوپای توركی داگیركه‌ر به كۆپته‌ری سكۆرسكی سه‌ربازه كوژراو و برینداره‌كانی له شوێنه‌كه گواسته‌وه.
٢ ئۆتۆمبێلی زرێپۆش تێك‌شكێنران و ٢٣ سه‌رباز كوژران
له هه‌مان ڕۆژدا سوپای توركی داگیركه‌ر ده‌یویست له ده‌راڤا خهزالكێی نێوان جۆله‌مێرگ و چه‌لێ ده‌ست به ئۆپه‌راسیۆن بكات. یه‌كینه‌كانی دوژمن له ناوچه‌كه كه‌وتنه ژێر چاودێریی هێزه‌كانمان. پاش ماوه‌یه‌كی درێژ چاودێریكردن، كاتژمێر ٢٠:٣٠ بوونه ئامانجی هێزه‌كانمان. له‌م چالاكییه‌دا هێزه‌كانمان له دوو قۆڵه‌وه له ئۆتۆمبێلێكی زرێپۆشی جۆری كرپی-یان دا و تێكیان شكاند. دوای چالاكییه‌كه ئۆتۆمبێلێكی زرێپۆشی جۆری كۆبرا-ش هاته ناوچه‌كه و له لایه‌ن هێزه‌كانمانه‌وه له دوو قۆڵه‌وه كرایه ئامانج و تێكشكێنرا. چه‌ندین ئۆتۆمبێلی دیكه‌ی زرێپۆش كه بوونه‌ته ئامانجی هێزه‌كانمان له ناوچه‌كه هه‌ڵاتوون. له‌م چالاكییه‌دا ٢ ئۆتۆمبێلی زرێپۆش تێك‌شكێنران و ٢٣ سه‌ربازی دوژمن كوژران. هێزه‌كانی دوژمن هه‌تا شه‌و به هاوكاری فڕۆكه ئاسمانییه بێ فڕۆكه‌وانه‌كان سه‌ربازه كوژراو و برینداره‌كانی خۆیان له ناوچه‌كه ده‌رخستووه و به‌ره‌به‌یانیش پاشماوه‌ی ئۆتۆمبێله‌كانیان گواستووه‌ته‌وه.
٢ سه‌رباز له گه‌ڤه‌ر كوژران
له ٢٥ی حوزه‌یران\٤ی پووشپه‌ڕ كاتژمێر ٨:٣٠ هێزه‌كانمان له دژی سه‌ربازانی سه‌ر گردی عه‌لی شێر-ی سه‌ر به ناوچه‌ی گه‌ڤه‌ری پارێزگه‌ی جۆله‌مێرگ چالاكییه‌كیان ئه‌نجام دا. له سه‌نگه‌ر و په‌ناگه‌كانی دوژمنیان دا و ٢ سه‌رباز كوژران.
گورز له كۆپته‌رێك درا
له هه‌مان ڕۆژدا كاتژمێر ١٢:٣٠ هێزه‌كانمان دوو كۆپته‌ری جۆری كۆبرا-یان كرده ئامانج كه له چه‌لێ-وه به‌ره‌و جۆله‌مێرگ ده‌چوون. هێزه‌كانمان له كۆپته‌رێكیان داوه. كۆپته‌ره‌كه گورزی به‌ركه‌وتووه و ناچار بووه له ناوچه‌كه بكشێته‌وه.
چالاكی له شه‌مزینان
هه‌مان ڕۆژ كاتژمێر ١٣ هێزه‌كانمان له دژی سه‌ربازانی توركی داگیركه‌ر له ده‌ڤه‌ری ده‌ریێ په‌نا گۆڤه‌ندێ له سنووری ناوچه‌ی شه‌مزینان چالاكییه‌كیان ئه‌نجام دا. له‌م چالاكییه‌دا سه‌ربازێكی دوژمن كوژرا.
هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌م چالاكییه‌ی هێزه‌كانمان، كاتژمێر ١٣:١٥ له دژی یه‌كینه‌كانی سوپای توركی داگیركه‌ر له گردی خوه‌دێی ئاڤاشین چالاكییه‌كیان كرد. ڕوون نه‌بووه‌ته‌وه له‌م چالاكییه‌دا چه‌ند سه‌رباز كوژران و بریندار بوون.
به‌هۆی بۆردومانه‌كان ئاگر له دارستان كه‌وته‌وه
دوای ئه‌م چالاكییانه سوپای توركی داگیركه‌ر به ئۆبوس و هاوه‌ن له ناوچه‌كه‌یان داوه. به‌هۆی بۆردومان ئاگر له دارستان كه‌وتووه‌ته‌وه. یه‌كینه‌كانی ئێمه كه چالاكییان كردووه، به‌سه‌لامه‌تی گه‌یشتوونه‌ته‌وه بنكه‌كانی خۆیان.
ئۆپه‌راسیۆن له هه‌ره‌كۆل
ڕێكه‌وتی ٢٠ی حوزه‌یران\٣٠ی جۆزه‌ردان سوپای توركی داگیركه‌ر له ناوچه‌ی هه‌ره‌كۆل-ی شاری سێرت ده‌ستی به ئۆپه‌راسیۆنی داگیركاری كردووه. له ٢١ی حوزه‌یران\٣١ی جۆزه‌ردان كاتژمێر ١٠ فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی سوپای توركی داگیركه‌ر و كۆپته‌ره‌كانی بۆردومانی ناوچه‌كانی بێمهرهش، شه‌هید جانخۆرت، شاشك و كوناڤێیان كردووه. دوای بۆردومانه‌كه سوپای توركی داگیركه‌ر به كۆپته‌ر سه‌ربازیان له ناوچه‌كه دابه‌زاندووه و ده‌ستیان به گه‌ڕان و پشكنین كردووه. ڕۆژی ٢٢ی حوزه‌یران\١ی پووشپه‌ڕ كاتژمێر ١٢ به‌بێ ئه‌نجام پاشه‌كشه‌یان كردووه. ده‌وڵه‌تی توركی داگیركه‌ر له ڕێی مێدیاكانییهوه بانگه‌شه‌ی شه‌هیدبوونی ٦ گه‌ریلای كردووه. ئه‌م هه‌واڵه درۆیه و به‌شێكه له شه‌ڕی تایبه‌ت. پێویسته گه‌له‌كه‌مان و ڕای گشتی گوێ نه‌ده‌نه هه‌واڵی درۆ. له ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌دا هیچ زیانێك به هێزه‌كانمان نه‌گه‌یشتووه.
له ئه‌نجامی هێرشی ئاسمانی ٣ گه‌ریلا شه‌هید بوون
ڕۆژی ٢٢ی حوزه‌یران\١ی پووشپه‌ڕ سوپای توركی داگیركه‌ر له سنووری گوندی قهنجا-ی ناوچه‌ی ته‌توان-ی به‌دلیس ده‌ستی به ئۆپه‌راسیۆن كردووه. هه‌مان ڕۆژ فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی سوپای توركی داگیركه‌ر كاتژمێر ٢١:٣٠ به‌چڕی بۆردومانی ناوچه‌كه‌یان كردووه. له‌و بۆردومانه‌دا ٣ هاوڕێمان شه‌هید بوون. زانیاری ده‌رباره‌ی ناسنامه‌ی هاوڕێیانی شه‌هید دواتر بۆ ڕای گشتی بڵاوده‌كه‌ینه‌وه.
له چه‌مچه كۆنترایه‌ك سزا درا
ڕۆژی ٢٢ی حوزه‌یران\١ی پووشپه‌ڕ هێزه‌كانمان له ده‌ڤه‌ری چه‌مچه-ی سه‌ر به ناوچه‌ی قاخزمان-ی قه‌رس كۆنترایهكیان به ناوی سلێمان گولدهره به سزا گه‌یاندووه. ئه‌م كه‌سه كه له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی توركی داگیركه‌ر كاری ده‌كرد، ساڵی ٢٠١٠ له ناوچه‌ی قاخزمان-ی قه‌رس ده‌ستی هه‌بووه له شه‌هیدبوونی هاوڕێیانمان فورات موونزوور (گۆكمان ئاكپۆلات) و هاڕوون شیار (عه‌لی جیلۆ). دوای چالاكییه‌كه سوپای توركی داگیركه‌ر به كۆپته‌ری سكۆرسكی سه‌ربازی هێناوه‌ته ناوچه‌كه و ته‌رمی كۆنترا (ئه‌ندامی هێزی دژه‌گه‌ریلا)كه‌یان هه‌ڵگرتووه‌ته‌وه. مێدیای توركی داگیركه‌ر له هه‌واڵه‌كانیدا ئه‌و كه‌سه وه‌ك شوان و وه‌ك كه‌سێكی بێ تاوان ده‌ناسێنێت. ئه‌مه ڕاست نییه. كه‌سانی هاوشێوه‌ی ئه‌و كۆنترایه كه له شه‌هیدكردنی هاوڕێیانی ئێمه‌دا ڕۆڵیان هه‌بێت له هه‌ر شوێنێك بن سزای پێویست ده‌درێن.
فڕۆكه جه‌نگییه‌كان بۆردومانی هه‌رێمه‌كانی پاراستنی مه‌دیایان كرد
فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی سوپای توركی داگیركه‌ر له دژی هه‌رێمه‌كانی پاراستنی مه‌دیا هێرشی ئاسمانییان ئه‌نجام دا. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا:
ڕۆژی ٢٤ی حوزه‌یران\٣ی پووشپه‌ڕ فڕۆكه جه‌نگییه‌كان له‌نێوان كاتژمێر ١١ و ١٢ی شه‌ودا بۆردومانی ده‌شتی كافیه-ی هه‌رێمی گاره‌یان كرد.
ڕۆژی ٢٥ی حوزه‌یران\٤ی پووشپه‌ڕ فڕۆكه جه‌نگییه‌كان كاتژمێر ٨ بۆمبارانی ناوچه‌ی خنێره-ی خواكورك، كاتژمێر ٨:٣٠ و ١٢ بۆردومانی گردی هه‌كاریی هه‌رێمی مه‌تینان-یان كرد.
ڕۆژی ٢٦ی حوزه‌یران\٥ی پووشپه‌ڕ (ئه‌مڕۆ) كاتژمێر ٧:٣٠ فڕۆكه جه‌نگییه‌كان بۆردومانی ناوچه‌ی كێله‌شین-ی هه‌رێمی خواكورك-یان كرد.
له‌و بۆردومانانه‌دا هیچ زیانێك به هێزه‌كانمان نه‌گه‌یشتووه.
s.m