هێرشی داگیرکەران بۆ سەر ئابووریی ناوچەکە؛ سوتاندنی دەخڵ و دانی هاووڵاتییان

دەوڵەتى تورک ساڵی ٢٠١٩ لەسەر دەستی داعش ئاگری بەردەدایە زەوییە کشتوکاڵییەکان، بەڵام ئەمساڵ خۆی راستەوخۆ ئاگر لە زەوییە کشتوکاڵییەکان و دەخڵ و دانی هاووڵاتییان بەردەدات و بەو شێوەیە ئابووری ناوچەى کردووەتە ئامانجی هێرشەکانی.

بەڕێوەبەریی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریای گەمارۆدراو، لە لایەک دەوڵەتى تورکی داگیرکەر هێرشی دەکاتە سەر، لەلایەکی تریشەوە بەرامبەر بە ئاگرتێبەردانی زەوییە کشتوکاڵییەکان خۆڕاگری دەکات.

 دەوڵەتى تورکی داگیرکەر لە ساڵی ٢٠١٩ەوە ئاگرتێبەردانی دەخڵ و دانی هاووڵاتییان لەسەر دەستی داعش ئەنجامدەدا و ئەمساڵیش راستەوخۆ لەلایەن دەوڵەتی تورک و گروپە میلیشاییەکانییەوە ئەنجام دەدرێت.

بەڕێوەبەریی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکى باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا لە ساڵی ٢٠١٤ەوە راگەیاندراوە و سەرباری گەمارۆکان لە ژێر چەتری دەستەى ئابووریدا کاری کشتوکاڵ بەڕێوەدەکات و هەوڵدەدات پێداویستی و بژێویی خۆیان بە ئەندازەى پێویست دابین بکەن.

هاوکات لەگەڵ تێکۆشانی ٥ ساڵە لە دژی داعش، لە ناوچەکەدا خێر و بێرێکى گەورەش ئافرێنرا، کە لە سەردەمی رژێمی بەعس دا هەرگیز ئەو خێروبێرە بۆ میللەت نەڕەخسێنرابوو. کشتوکاڵ لە رۆژئاوا و ئەو ناوچانەى لە ژێر دەستی داعش رزگارکراون بوونە سەرچاوەى بژێویی گەلی ناوچەکە، بەڵام ساڵی ٢٠١٩ و لە کاتی وەرزی پەڵەوە داعش و دەوڵەتى تورک و گروپە چەتە میلیشیاییەکانی بۆ برسیکردنی گەلانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا و پاکتاوکردنی بەڕێوەبەریی خۆبەڕێوەبەر دەستیانکرد بە ئاگرتێبەردانى زەوییە کشتوکاڵی و دەخڵ و دانی هاووڵاتییان و لەو رێگەیەوە هێرش دەکەنە سەر ئابووریی ناوچەکە.

ساڵی ٢٠١٩ لە هێرش و پەلامارەکاندا زیاتر لە ٤٥٣ هەزار دۆنم زەویی کشتوکاڵی سوتێنران. لەمساڵی ٢٠٢٠شدا بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتى تورک و چەتەکانییەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە ١٠٠ هەزار دۆنم زەویی کشتوکاڵی ئاگریان تێبەردراوە. گەل و رێکخراوە پەیوەندیدارەکان و بەڕێوەبەریی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکى باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا لە دژی ئەو هێرشانە بەرەنگاری و تێکۆشان دەکەن.

سەلمان بارودۆ هاوسەرۆکی دەستەى ئابووری و کشتوکاڵی بەڕێوەبەریی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکى باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانى هەوڵ دەدەن بە ئاگرتێبەردانی زەوییەکانی ناوچەی بەڕێوەبەریی خۆبەڕێوەبەر گەل برسی بکەن و لە ناوچە داگیرکراوەکانیش سیاسەتی دڕندانە و تاڵانییان بەردەوامە.

هێرشەکانى ساڵی ٢٠١٩ لەسەر دەستی داعش ئەنجامدران

ساڵی ٢٠١٩ دواى ئاگرتێبەردانی زەوییە کشتوکاڵییەکان بەشێوەیەکى نائاسایی پەرەیان سەند، بەڕێوەبەری خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکى باکوور و رۆژهەڵاتی سوریای دیموکراتیک دەستی بە لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکان کرد. چەتەکانى داعش کە لە هەڵمەتى گەردەولولی فورات لەلایەن هێزەکانى سوریای دیموکراتیک (قەسەدە)ەوە کۆتایی بە داگیرکەرییەکانى لەسەر زەویی هێنرا، لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیاندا بەرپرسیاریی کەوتنەوەى ئاگرەکانى خستە ئەستۆی خۆی و رایگەیاند، ئاگرتێبەردانی زەوییە کشتوکاڵی و دەخڵ و دانی هاووڵاتییان لەلایەن شانە نوستوەکانیان ئەنجام دەدرێت و فەرمان بە چەتەکان کراوە ئاگر لە زەویی هاووڵاتییان بەربدەن.

هاوکات دەوڵەتى تورکی داگیرکەر ساڵی ٢٠١٩ لە رێگەى دەستدڕێژی گولـلەوە لەسەر سنووی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا ئاگری لە زەوییە کشتوکاڵییەکان بەردەدا و هێرشی کردە سەر جوتیاران و تیمەکانى ئاگرکوژێنەوەش، کە هەوڵی کوژاندنەوەى ئاگرەکانیان دەدا.

بەڕێوەبەریی خۆبەڕیوەبەر پشتیوانیى لە جوتیارانکرد

بەڕێوەبەریی خۆبەڕیوەبەر لە رێگەى کۆمیتەکانى خۆیەوە لێکۆڵینەوەى لەبارەى ئەو جوتیارانەوە کرد، کە بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکانەوە زیانیان پێگەیشتووە. لە ١٦ی حوزەیرانی ٢٠١٩ەوە تاوەکو کۆتایی وەرزی دروێنە، بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکانەوە ٤٢ هەزار هێکتار زەویی کشتوکاڵ و دەخڵ و دان بە بەهای ١٩ ملیار لیرەی سوریا سوتان و زیان بە جوتیارانی ناوچەکە گەیەندرا.

بەڕێوەبەریی خۆبەڕێوەبەر لە کۆبوونەوەى ئاسایی رۆژی ٤ی تەممووزی ٢٠١٩دا بڕیاریدا هاوکاریی ماددیی ئەو جوتیارانە بکات، کە بەهۆی ئاگرتێبەردانی زەوییەکانیانەوە زیانیان پێگەیشتوە. سەلمان بارودۆ هاوسەرۆکی دەستەى ئابووری و کشتوکاڵ لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند، هاوکاریی زیاتر لە ٦ هەزار جوتیاریان کردووە.

ساڵی ٢٠٢٠ پێش پەڵە رێوشوێنی بەرفراوان گیرایە بەر

دەستەى ئابووریی بەڕێوەبەریی خۆبەڕێوەبەری دیمکراتیکی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا، جوتیاران و دەزگا ئەمنییەکان لە دۆخی پار ئەزمونیان وەرگرتبوو و لە دژی کەوتنەوەى ئاگر رێوشوێنى بەرفراوانیان گرتەبەر. لەو چوارچێوەیەدا تیمەکانى ئاگرکوژێنە پێکهاتو لە سەدان کەس ئامادە کران. شارەوانییەکانیش تانکەرەکانى گواستنەوەى ئاویان بۆ کوژاندنەوەى ئاگرەکان تەرخانکرد. ٦٠ کەرەستەى تایبەتی ئاگرکوژاندنەوە دابینکراوە و ١٠٠٠ بتڵی گەورەی کوژاندنەوەى ئاگریش بە ناوچەکەدا بڵاوکرانەوە.

هێزەکانى ئاسایشی ناوخۆ ٣٠ هەزار کەس لە هێزەکانی خۆیان بۆ پاراستنی زەوییە کشتوکاڵییەکان لە گوندەکاندا ئەرکدار کردووە و شەو و رۆژ لە سوڕاندنەوە و دەورییەدان. هێزەکانی پاراستنی کۆمەڵگەش ١٥ هەزار کەس لە هێزەکانی خۆی بۆ پاراستنی زەوییە کشتوکاڵییەکان ئەرکدار کردووە.

سەلمان بارودۆ رایگەیاند، دواى پەڵەى ٢٠١٩ سەرێکانی و گرێ سپی کە دوو ناوچەى گرنگی کشتوکاڵین لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە داگیرکران، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت لە دواى پەڵەى ئەمساڵ هێرشی بەرفراوان ئەنجام بدرێت و لەو چوارچێوەیەشدا رێوشوێنی بەرفراوان و گرنگ گیراونەتەبەر.

ژ.ت