هێزەکانى رزگاریى عەفرین: هێرشەکانى سوپای تورک تێکشکێنران

هێزەکانى رزگاریى عەفرین رایگەیاند، هێزەکانیان هێرەشەکانى سوپای تورکی داگیرکەریان لە دژی شەرا لە عەفرین تێکشکاندووە.

هێزەکانى رزگاریى عەفرین لەبارەى هێرشەکانى دەوڵەتى تورکی داگیرکەرەوە راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "سوپای تورکی داگیرکەر و چەتەکانی لەم رۆژانەى دوایدا جموجوڵیان لە عەفرین زیادیکردووە.  هەروەها بە بەردەوامی هەرێمەکانى باشوور و باشوووری رۆژهەڵاتى عەفرین بە تایبەتى گوندەکانى ناوچەى شەرا و شێراوا تۆپباران دەکەن. هێزەکانمان لە دژی ئەو هێرشانە ئاستى بەرخودانیان بەرز کردەوە و وەڵامى هێرشە داگیرکەرییەکانیان دایەوە.

رۆژی ٢٠ی تەمموزی ٢٠١٩ / ٢٩ی پووشپەڕ سوپای تورکی داگیرکەر و چەتەکانى بە تۆپی جۆری ئۆبیس گوندەکانى مەرەناز، مالکییە و شەوارخا-یان لە ناوچەی شەرا تۆپبارانکرد و خواستیان بەپشتیوانیى ئەو تۆپبارانکردنە لە دەورووبەری گوندی مەرەناز دا پێشڕەوی بکەن. بەو هۆیەوە شەڕ لە نێوان شەڕڤانانمان و سوپای تورکی داگیرکەر و چەتەکان روویدا و شەڕەکە زیاتر لە ٦ کاتژمێری خایاند. شەڕڤانەکانمان هەموو ئەو هێرشانەیان تێکشکاند. لە ئەنجامدا ٥ چەتەى گروپە چەتەکانى لیواى شیمال و جەبهەی شامی کوژران و ٦ چەتەى تریش بریندار بوون. هەروەها ٣ سەربازی سوپای تورکی داگیرکەریش بریندار بزون.

هاوکات سوپای تورکی داگیرکەر و چەتەکانى تاوەکو درەنگانێکى شەو ناوچەکە و شوێنى ژیانى هاووڵاتییانیان دایە بەر تۆپ و بەو هۆیەوە زیانێکى زۆری ماددی بە ماڵ و موڵک و زەوی و زاری گوندەکانى شەوارخا و مالکییە و مەرەناز گەیشت".

ر.م