هێزەکانى ڕزگاریى عەفرین: لە باب و عەفرین ٨ چەتەی داگیرکەر کوژران

هێزەکانى ڕزگاریى عەفرین ڕایگەیاند، لە هەرێمەکانى باب و عەفرین لە چالاکیى دژ بە سوپای تورکی داگیرکەر و چەتەکانیدا ٨ چەتە کوژران و ١١ چەتەى تریش بریندار بوون.

هێزەکانى رزگاریى عەفرین راگەیاندراوێکى لەبارەى چالاکیى هێزەکانیان لە هەرێمەکانی عەفرین و باب بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، لە هەرێمەکانى باب و عەفرین لە دژی سوپای تورکی داگیرکەر و گروپە چەتەکانى چالاکیى بەهێز ئەنجامدران.

بەپێى ڕایگەیاندراوەکە لە گوندی توێس لە هەرێمی باب لە رۆژی ١٧ی ئەیلولی ٢٠١٩ / ٢٦ی خەرمانان یەکینەیەک لە هێزەکانیان لە دژی بارەگایەکى سەربازیى سەر بە گروپە چەتەکانى لیوای وەقاس چالاکییەکیان ئەنجامداوە. لەو چالاکییەدا ٣ چەتە کوژراون و ٩ چەتەى تریش بریندار بوون.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، لە دەورووبەری گوندەکانى چەما و ئۆمەرا لە ناوچەى شەرا لە عەفرین لە دژی بارەگایەکى سەربازیی گروپە چەتەکانى سوڵتان موراد چالاکییەکی سابوتاژ ئەنجامدرا و بەو هۆیەوە ٣ چەتە کوژران.

ئەوەش خراوەتەڕوو، لە ١٤ی ئەیلولی ٢٠١٩ / ٢٣ی خەرمانان دا ڕایانگەیاندبوو، لە ١٢ی ئەیلولی ٢٠١٩ / ٢١ی خەرمانان لە دژی گروپە چەتەکانى سوپای تورکی داگیرکەر لە هەرێمى پردی دووەم لە ناوەندی شاری عەفرین چالاکییەکیان ئەنجامداوە و "لە ئەنجامی ئەو چالاکییەدا ٢ تیرۆریستی بە ناو پۆلیسی سەربازی کوژران و ٢ تریش بریندار بوون".

ف.ق