هێزەکانی رژێم حەلەبیان کۆنترۆڵ کرد

هێزەکانی رژێمی سوریا کە ئێران و روسیا پشتیوانی لێدەکەن، دوای ئەوەی چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک ڕایان کرد، چەندین ناوچەی رۆژئاوای حەلەبیان کۆنترۆڵ کرد و دواتر روویان لە ناوچەی ئانەدان کرد کە ناوەندێکی ئیخوانەکانە.

بە پێی ئەو زانیارییانەی گەیشتوونەتە دەستمان، هێزەکانی رژێمی سوریا کە روسیا بە رێگای ئاسمانی و ئێرانیش بە رێگای زەمینی پشتیوانی لێدەکەن، گوندەکانی کەفەر حەمرا، بیانون، هاریتان و حەیان کە دەکەونە رۆژئاوای حەلەب، کۆنترۆلی کردوون.

بەم شێوەیە ئەو رێگایەی کە دەکەوێتە نێوان حەلەب و نوبول-زەهرا کەوتە دەستی هێزەکانی رژێم و دوای ساڵی ٢٠١٢ ئەمە یەکەمین جارە سەرتاسەری حەلەب بە تەواوەتی دەکەوێتە دەستی رژێم.

لەگەڵ کۆنترۆلکردنی گوندە ناوبراوەکان، هێزەکانی رژێم نزیک بوونەوە لە دەشتی ئانەدان کە وەکو قەڵای ئیخوان موسلمین لە سوریا ناودەبرێن.

بە پێی زانیارییەکان، چەتەکانی دەوڵەتی تورک لە ناوچەی ئانەدان ڕادەکەن. دەوترێت گروپە چەتەکان بۆ ئەوەی نەکەونە گەمارۆی هێزەکانی رژێمی سوریا کە لە باکور و باشورەوە دەستیان بە ئۆپڕاسیۆنی سەربازی کردبووە، ڕادەکەن.

ز.ش