هێژا سەرخۆبوون: ئاگربەست نییە، لە هێرشەکانیان بەردەوامن

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هێرشەکانی بەردەوام دەکات. شەڕڤانی یەپەژە هێژا سەرخۆبوون وتی: "ئاگربەست نییە .. لە هێرشەکانیان بەردەوامن، بەڵام بە بەرخۆدانی ئێمە ناوێرن".

هێرشەکان داگیرکەریی دەوڵەتی تورک لەدژی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ١٢ ڕۆژە بەردەوامن. بەرخۆدانی شکۆی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک – قەسەدە و دانیشتوانی سوریا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان دەنگی دایەوە.

وێڕای ئەوەی باسی 'ئاگربەست'یش دەکرێت، سوپای تورکی داگیرکەر و چەتەکانی لە هێرشەکردنە سەر گەل و شەڕڤانانی قەسەدە بەردەوامن.

هێرش لەدژی سڤیلان و قەسەدە

چەتەکان دوێنێ لە گوندی قزعەلی-ی سەربە گرێ سپی، هێرشی سەر هاوڵاتیان سڤیل و شەڕڤانانی قەسەدەیان کرد.. هێرشەکان بە فڕۆکەی جەنگی و هاوەن بەڕێوەچوون. بەهۆی هێرشەکانەوە ٢ شەڕڤانی قەسەدە شەهید بوون و ٦ شەڕڤان بریندار بوون. هەروەها هاوڵاتی سڤیلیش کوژران. یەکێک لە شەڕڤانانی یەپەژە بەناوی هێژا سەرخۆبوون کە لە هێرشەکەدا بریندار بوو، بەم شێوەیە باسی هێرشەکەی کرد.

سەرخوەبوون: نەیانتوانی بەرخۆدانەکەی ئێمە تێکبشکێنن

سەرخوەبوون ڕایگەیاند کە بە شێوەی کردەیی ئاگربەست نییە و باسی لەوەش کرد، شەوێک بە برینداری لەناو گەمارۆدا ماوەتەوە و وتی: "شتێک نییە بەناوی ئاگربەست.. لە هێرشەکانیان بەردەوامن. هەم فرۆکەی جەنگی و هەم فڕۆکەی چاودێریی بەکار دەهێنن. ئێمە هێرشەکانی ئەوانمان تێکشکاند، بەڵام لەژێر ناوی ئاگربەستدا هێشتاش لە هێرشەکانیان بەردەوامن. لەگەڵ ئەوەشدا نەیانتوانی بەرخۆدانەکەی ئێمە تێکشبکێنن"