هێڤى مستەفا: گەلی عەفرین پێویستى بە گەرەنتیى نێودەوڵەتى هەیە

هێڤى مستەفا هاوسەرۆکى کانتۆنى عەفرین رایگەیاند، بۆ ئەوەى گەلی عەفرین بگەڕێتەوە سەر خاک و و ماڵ وحاڵی خۆى پێویستى بە مسۆگەریى نەتەوەیى هەیە، چونکە ئەو ئەنجوومەنە کە تورکیاى داگیرکەر دروستیکردووە، ئەنجوومەنى خائینەکانە.

هێڤى مستەفا لەبارەى بارودۆخى عەفرین لە دواى هێرشى داگیرکەرانى دەوڵەتى تورکیا و چەتەکانى و کۆچبەربوونى هاووڵاتیان بۆ ناوچەکانى شەهبا و هەروەها لەبارەى قۆناغى دووەمی بەرخۆدانى یەپەگە / یەپەژە بۆ ئاژانسى هەواڵى فورات (ANF) قسەى کرد و وتى، بۆ ئەوەى هاووڵاتیانى عەفرین بگەڕێنەوە سەر خاکى خۆیان مسۆگەریى نەتەوەییان دەوێت.

هێڤى مستەفا لەبارەى بێدەنگیى نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لەسەر داگیرکردنى عەفرین وتى "نەتەوە یەکگرتووەکان و گۆڕەپانى نێودەوڵەتى لە هەموو ئاستێکدا بەرامبەر بە هێرش و داگیرکاریى سوپاى تورکیا بێدەنگ بوون. دواى بەرخۆدانى ٥٨ رۆژە و بۆ ئەوەى گەلەکەمان لە کۆمەڵکوژیى بپارێزین، بڕیارماندا خەڵک شارەکە چۆڵ بکات. ئێمە گەلەکەمان برد بۆ ناوچەى شەهبا، بەڵام ناوچەى شەهبا ناوچەیەکى بچووکە و دەرفەتەى ژیان و خەباتى کەمە. سەدان هەزار هاووڵاتى عەفرین تەنها بە جلی بەری خۆیانەوە لە عەفرین هاتوونەتەدەرەوە و لێرە لە هەلومەرجێکى دژواردا ژیان بەسەر دەبەن. تاوەکو ئێستا هاوکارى نێودەوڵەتیمان بۆ نەهاتووە. بەو ئامادەکارییانەى پێشتر کردوومانن، دەمانەوێت ببینە وەڵامدەرەوە بۆ داخوازییەکانى گەلانى باکوورى سوریا".

دەیان جار نامەم بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان نووسی

هێڤى مستەفا وتیشى "دەیان جار نامەم بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان نووسیوە، بەڵام وەڵامیان نەداوەتەوە. جەماعەتى نێودەوڵەتى بە تایبەتى نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو کاتەى لە عەفرین بوون هیچ هاوکارییەکیان نەدەکردین و ئێستاش هیچ هاوکارییەک ناکەن. من بۆ خۆم دەیان جار نامەم بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان نووسى، بەڵام هیچ وەڵامێکیان نەبوو. دوێنێش شاندێکى نەتەوە یەکگرتووەکان هاتن بۆ ئەوەى هەندێک هاوکارى دابین بکەن و بزانن ئێمە چیمان دەوێت، ئێمە پێمان وتن، پێداویستى سەرەکى بۆ گەلەکەمان نە بەتانى و نان و ئاوە، بەڵکو گەلەکەمان دەیەوێت بە پرۆسەیەک کە نەتەوە یەکگرتووەکانیشى تێدا بێت، بگەڕێتەوە سەر خاکى خۆی".

پێویستى بە گەرەنتیى نێودەوڵەتى هەیە

هێڤى مستەفا ئەوەشى وت "دەوڵەتى تورک و تیرۆرستەکانى پێشتریش دەیانویست عەفرین داگیربکەن. سەربارى ئەوەى دەوڵەتى تورکیا کانگای تیرۆرە لە ناوچەکەدا، بەڵام لە ژێر ناوی 'شەڕ لە دژى تیرۆر' لەبەرامبەر چاوى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى هێرش و داگیرکاری ئەنجام دەدات. ئەم داگیرکارییە پرۆژەیەکە بۆ پارچەکردنى سوریا. نیشتەجێکردنى چەتەکان لە عەفرین و هەوڵەکانى تورکیا، دروستبوونى ئەو لێکدانەوەیەى ئێمەى خستەڕوو. ئێمە دەمانەوێت بە چاودێریى نەتەوە یەکگرتووەکان بگەڕێینەوە بۆ عەفرین. ئامانجی سەرەکییمان ئەوەیە، کە گەلەکەمان بە گەرەنتیى نێودەوڵەتى بگەڕێتەوە عەفرین".

بێدەنگى هەیە بەرامبەر بە کردارەکانى دەوڵەتى تورکیا

هاوسەرۆکى کانتۆنى عەفرین لەبەردەوامیى قسەکانیدا لەبارەى سیاسەتەکانى دەوڵەتى تورکیاو وتى "دەوڵەتى تورک و چەتەکانى ئێستا لە عەفرین دەستیان کردووە بە کارى خراپ و تێکدەرانە. هەموو کەس دەزانێت کە لە عەفرین، کورد، عەرەب، عەلەوی و ئێزیدى پێکەوە و بە ئازادى و یەکسان ژیان بەسەر دەبەن، بەڵام ئێستا لە شارەکەدا گوشارێکى زۆر خراوەتە سەر گەل. دەستدەگرن بەسەر ماڵ و موڵکى هاووڵاتیاندا، چاویان بڕیوەتە ناموسیان، هاووڵاتیانى ئێزیدى دەبەنە مزگەوتەکان و بەزۆر ئیسلامبوونیان بەسەردا دەسەپێنن. بەداخەوە بێدەنگی بەرامبەر بەو کردەوانە بەردەوامیى هەیە".

خائینەکان بە دەبابەى تورکیا هاتنە عەفرین

هێڤى مستەفا لەبارەى ئەو ئەنجوومەنەى کە چەتەکانى تورکیا لە عەفرین دروستیان کردووە وتى "ئەوانەى لەو ئەنجوومەنەدان، ئەگەر لە خەڵکى عەفرین بونایە، ئەگەر خەڵک هەڵیبژاردنایە، لۆبیى ئۆتێلەکانى ئیستەنبول-یان تەنها بۆ بەرژەوەندیى خۆیان بەکار نەهێنایە، ئەگەر هەنگاوێکیان بۆ ئەم گەلە هەڵبگرتایە، ئەگەر بە سواریى تانکى تورکەکان نەهاتنایە بۆ عەفرین، ئەوا مەجالی ئەوەى تێدا دەبوو قسەى لەسەر بکرێت، بەڵام ئەوە لە ئەنجوومەنى خائینەکان زیاتر نییە. بە سواریى تانکى تورکەکان هاتن بۆ عەفرین و  لەگەڵ دوژمن بوون بە یەک. ئەوە جگە لە خیانەت هیچى تر نییە".

بەرخۆدان بەردەوامە

هێڤى مستەفا ئیبراهیم هاوسەرۆکى کانتۆنى عەفرین ئەوەشى وت "دەبێت کورد لە هەموو شوێنێک بەرگرى لە عەفرین بکات. دەبێت لە هەموو کۆڕو کۆبوونەوەیەکدا دەوڵەتى تورک شەرمەزار بکرێت و داگیرکەرییەکەیان ئیدانە بکرێت. بەرخۆدانى ئێمە بەردەوامە. عەفرین بۆ هەموو کوردستان بەرخۆدان دەکات. ئەگەر کۆتایى بە داگیرکەریى تورکیا نەهێنن، ئەوە بۆ هەموو کوردستان دەبێتە مەترسی. ئەردۆغانیش بۆ هەموو جیهان بووەتە مەترسی و بێدەنگیى نێودەوڵەتى وایلێکردووە، کە زیاتر پەلامار بدات. لە پلان و بەرنامەیاندا لە خەیاڵى عوسمانیدان، بەڵام ئەوە نابینن کە دونیا گۆڕاوە. کورد، کوردی پێشوو نییە. گەلانى ناوچەکە وەک پێشتر نین بۆ ئەوەش ساڵى ٢٠١٨ دەبێتە ساڵى تێکشکاندنى خەون و خەیاڵەکانى ئەردۆغان.

 

ر.م