هەدەپە: بە مەبەستى کوشتن هێرشیان کردە سەر پەرلەمانتارەکانمان

دەستەى بەڕێوەبەریى ناوەندیى هەدەپە لە دژی هێرش بۆ سەر پەرلەمانتارەکانیان کاردانەوەى توندی بوو و رایگەیاند "بە مەبەستى کوشتن هێرشیان کردە سەر پەرلەمانتارەکانمان". هەدەپە رایگەیاند، سەرباری هەموو ئەوانەش بەرخودان درێژەى دەبێت.

هەدەپە لەبارەى هێرشی پۆلیسى تورک بۆ سەر پەرلەمانتارەکانى راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوەکەى هەدەپەدا راگەیاندراوە، لە هێرش بۆ سەر چالاکییەکەى ئامەد پەرلەمانتار رەمزییە تۆسون بە توندی دراوە بە زەویدا و لێیدراوە و بەوهۆیەوە بوراوەتەوە. هەروەها موسا فاریس ئۆگیولاری-یش هێرشی کراوەتە سەر و لێیدراوە و چاوى بریندارکراوە.

"لە کاتى گواستنەوە بۆ نەخۆشخانە و لەسەر قەرەوێڵەشدا هێرشیان کرد"

لە راگەیاندراوەکەى هەدەپە دا هاتووە "لە هێرشی پۆلیسەکاندا، پەرلەمانتارانمان کرانە ئامانج و بە مەبەستى کوشتن پەلاماریان دان و لێیاندان. کاتێکش پەرلەمانتارمان رەمزییە تۆسون لەسەر قەرەوێڵە دەگوێزرایەوە بۆ نەخۆشخانە، لەلایەن پۆلیسەکانەوە هێرشی کرایەوە سەر. لەبارەى ئەو پۆلیسانەوە کە بە مەبەست و بە قەستى کوشتن هێرشیان کردە سەر پەرلەمانتارەکانمان، رێوشوێنى یاسایى دەگرینەبەر و سکاڵا تۆمار دەکەین. چاودێریى پرۆسەى سزدان و یاسایى و ئیداریى ئەو دۆسیەیە دەکەین".

لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، ئامەد ماوەى ٣ ساڵە لەلایەن پۆلیسەوە گەمارۆدراوە و هەندێک لە هێزەکانى دەوڵەت لە ئامەد وەک چەتەکان، کە هیچ یاسا و حقوق و پێوەرێکیان نییە دەجوڵێنەوە. ئەوان "ئەو فیلمەیان" پێشتریش بینیوە و ئەو هەڵسوکەوت و رەفتارانە کە لە ئامەد و هەموو باکووری کوردستان بۆ سەرکوتکردنی پارتی پارێزەرەکانیان ئەنجام دەدرێت، سەرنەکەوتووە و لە ئێستا بە دواوەش هەر سەر ناکەوێت.

لە راگەیاندراوکەدا رۆڵی وەزارەتى ناوخۆ لەو هێرشەدا دەستنیشانکراوە و لەوبارەیەوە رایگەیاندووە، هێزەکانى سەر بەو وەزارەتە ئەو هێرشانەیان کردووەتە سەر هاووڵاتییان و ئیرادەى هاووڵاتییان و نوێنەرەکانیان.

"گەمارۆکانى دەسەڵات سەرناگرێت"

هەدەپە ئەوەشى دەستنیشانکردووە، بە فەرمانى دەسەڵاتى سیاسیى تورک ئامەد گەمارۆدراوە. لە ئامەدی گەمارۆدراودا مامەڵەى نەشیاو بەرامبەر بە گەل و پەرلەمانتاران ئەنجام دەدرێت، توندوتیژییان بەرامبەر ئەنجام دەدرێت و هەڕەشە لە گەل و پەرلەمانتاران دەکرێت.

هەدەپە باسی ئەوەشیکردووە "دەسەڵاتى سیاسی ئیرەیى بە هەموو جۆرە چالاکییەکى دیموکراتیک دەبات. جارێکیتر لە ئامەد ئەوە سەلمێنرا، کە گەمارۆی دەسەڵاتى سیاسی، رەفتار و هەڵسوکەوتە نەشیاوەکانیان و سیاسەتەکانیان بۆ بڵاوکردنەوەى رەق و نفرەت و دنەدانى دووبەرەکی هیچ ئەنجامێکى نەبووە و ئەنجامیشى نابێت".

"بەرخودانى شکۆمەندانە بەردەوامیى دەبێت"

دەستەى بەڕێوەبەریى ناوەندیى پارتى دیموکراتیکى گەلان (هەدەپە) لە کۆتایى راگەیاندراوەکەیدا وتویەتى "دەبێت ئەوە بە باشی بزانرێت، کە سەرباری هەموو سیاسەتەکانى گوشار و هەوڵەکانى تێکشکاندن، ئێمە و پەرلەمانتارەکانمان بە پشتبەستن بە خۆمان درێژە بەو بەرخودانە رەوا و شکۆمەندایە دەدەین. بۆ ئەوەى کۆتایى بە ناڕەوایییەکان و ناڕەوایى گۆشەگیریى بهێنرێت و بۆ بەردەوامیى ژیان ئێمە هەموو جۆرە هاوکاری و پشتیوانییەک پێشکەش دەکەین و لە پێناوەشەدا هەموو هەوڵێک دەدەین".

 

ر.م