هەدەپە لەگەڵ بەرەی پشتیوانی ڕۆژئاوا کۆ بووەیەوە

هاوسەرۆکانی نوێنەرایەتی هەدەپە  لەگەڵ بەرەی پشتیوانی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان لە پەرتوکخانەی سوهرە وەردی لە شاری سلێمانی کۆبوونەوە.

نوێنەرانی هەدەپە کە پێک هاتبوو لە عابد ئیکە و موزەین گونەش هاوسەرۆکانی نوێنەرایتی هەدەپە لە باشوری کوردستان دەربارەی پرسی ئامادەکاری و ڕاوێژکردن لەگەڵ ئەندامی بەرەکە بۆ ئامادەکردنی کۆنفراسێکی ڕاوێژی نەتەوەی  لەگەڵ ئەندامی (بەرەی پشیوانی  ڕۆژئاوای کوردستان) گفووگۆیان کرد.

سەرەتا نوێنەرایەتی هەدەپە سوپاسی هەڵوێستی (بەرەی پشتیوانی رؤژئاوای کوردستان)-ی کرد، کە لە پرسە نەتەوەیەکان بە تایبەتی لە کاتی هێرشی دەوڵەتی تورکیا داگیرکەر بۆسەر ڕۆژئاوی کوردستان ڕۆلی گرنگیان هەبوە لە پێشەنگایەتی چالاکی و سەرهەڵدانەکانی گەلی باشوری کوردستان دژی داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا، هەروەها هەدەپە داوای لە بەرەکە کرد کە ڕای خۆیان ڕابگەیەنن دەربارەی پێوستیەکانی ئێستای گەلی کورد ئامادەکاری بۆ کۆنفراسێکی نەتەوەی.

نوێنەرەکانی هەدەپە بە گرنگیەوە گوێیان لە ئەندامانی بەرەکە گرت، ئەندامانی بەرەی پشتیوانی خەباتی مەدەنی هەدەپەیان لە باکوری کوردستان بەرز نرخاند و داوایان کرد ئەو جۆرە خەباتە پەرەی پێ بدرێت تا گەیشتن بە مافە ڕەواکانی گەلی کورد لەو پارچەیەی کوردستان.

 هەروەها داواشیان کرد ڕۆشنبیران کەسایەتیەکانی گەلی کورد ڕۆڵی خۆیان بگێرن بۆ فشارخستنە سەر پارت لاینە سیاسیەکان بۆ ئەوەی یەکڕیزی خۆیان دروست بکەن، بۆ بەرەنگار بوونەوەی هێرشەکان.

ئەندامانی بەرەکە داوایان کرد هەرچی زووە دیبلۆماسێکی هاوبەشی کوردی دروست بکرێت  کە نوێنەرایەتی گەلی کورد بکات لە تەواوی دونیا.

داواشیان کرد هەرچی زووە کۆنفراسێکی ڕاوێژی نەتەوەی دروست بکرێت و ڕۆشنبیران و هونەرمەندان پێشەنگایەتی بکەن و ڕۆلی بەرچاو تێدا بگێرن.

لە کۆتایدا نوێنەرایەتی هەدەپە سوپاسی پێشنیارو بۆچوونەکانی ئەندامانی بەرەی پشتیوانی ڕۆژئاوای کوردستانی کرد و ڕایگەیاند، لە چەن ڕۆژێکی نزیکدا شاندێکی پارت لایەنە سیاسیەکانی باکوری کوردستانیش سەردانی باشوری کوردستان دەکات هەموو هەوڵەکان چڕ دەکرێنەوە بۆ ئەوەی هەرچی زوو کۆنفراسێکی ڕاوێژی نەتەوەی ببەسترێت.