وتەبێژى یەپەگە: بە دڵنیاییەوە عەفرین رزگار دەکەین

نوری مەحمود وتەبێژى یەپەگە رایگەیاند، رزگارکردنى عەفرین بۆ ئەوان پێوەر و ئامانجی سەرەکییە. راشیگەیاند "بە دڵنیاییەوە عەفرین رزگار دەکەین".

نوری مەحمود وتەبێژى یەکینەکانى پاراستنى گەل (یەپەگە) بە بۆنەى شەشەمین ساڵیادى شۆڕشى رۆژئاواوە، بارودۆخى سیاسی و سەربازیى سوریا، رۆڵى یەپەگە و یەپەژە لە ناو شۆڕش دا و بارودۆخى عەفرینى بۆ ئاژانسى هەواڵى فورات (ANF) شیکردەوە.

"یەپەگە بۆ پاراستنى بەهاکانى کۆمەڵگە دامەزرا"

نوری مەحمود وتەبێژى یەپەگە ئەوەى بەبیرهێنایەوە، لەگەڵ دەستپێکردنى شەڕی ناوخۆیى سوریا گەلی رۆژئاوا بە تایبەتى کورد لەسەر هێڵی سێیەم جوڵایەوە و یەپەگە لەو کاتەدا وەک هێزێکى شۆڕشگێڕ بۆ پاراستنى بەهاکانى کۆمەڵگە و رێکردنەوە بەڕووی سیستمێکى ئەڵتەرناتیڤدا دامەزرا.

وتەبێژى یەپەگە رایگەیاند، ساڵی ٢٠١١ بۆ ماوەیەک گەڕەک و شەقامەکانیان پاراستووە و راشیگەیاند "هەر کە شۆڕش بەرەوپیشچوو، رژێمى خۆى بە دیموکراتیک نەکرد و هێزەکانى رژێم ئیتر تواناى پاراستنى گەلیان نەما، پێویستى بە رێکخستنى نوێی پاراستن زۆر زیادیکرد. یەپەگە لەسەر بنەماى ئەو پێویستییە و پێویستیى پاراستنى دەستکەوتەکان و بەهاکانى شۆڕشى کۆمەڵایەتیى، بۆ نەهێشتنى لەمپەرەکانى بەردەم سیستمى ئەڵتەرناتیڤ و دامەزراندنى سیستمێکى دیموکراتیک و ئازاد لەلایەن گەنجانى گەلەوە، خۆى رێکخست و دامەزرا.

نوری مەحمود وتەبێژى یەپەگە وتی، لەو ناوچانەدا کە لەلایەن یەپەگەوە دەپارێزران پرۆژەى چارەسەرى خرانەڕوو. وتیشی "بەڵام کاتێک مرۆڤ سەرنجی ئەو ناوچانە بدات، کە یەپەگەى لێ نەبوو ئەوە دەبینین، کە تیرۆر، چەتەگەری و خزمەتکاری بۆ هەندێک دەوڵەت لە گۆڕێدا بوو. لەبریى پاراستن و بونیاتنانى سوریا، لەو ناوچانەدا سوریا فرۆشرا، کۆمەڵکوژیى گەل ئەنجامدرا، خەڵک ئاوارە و کۆچبەرکران و ئێستاش کەس خۆى بە پرسیاری ئەو دۆخە نازانێت. یانى لەو ناوچانەدا کە یەپەگە هەستا بە ئەرکی پاراستن، مۆدێلێکى کۆمەڵایەتى و دیموکراتیک بونیاتنرا".

"بە دامەزراندنى یەپەژە ژن هەستا بە ئەرکى پێشەنگایەتیکردن"

وتەبێژى یەپەگە ئەوەى بەبیر هێنایەوە، کە ٤ى نیسانی ٢٠١٣ / ١٥ى خاکەلێوە (نەورۆز)، یەکینەکانى پاراستنى ژن (یەپەژە) خۆى لە ناو یەپەگەدا بەرێکخستن کرد. لە بەردەوامیى قسەکانیدا ئەوەشى وت "لە سوریا و ناوچەکانى ئێمەدا مافەکانى ژنان زەوتکرابوون. لە سیاسەت، پاراستن و بەرگری، ئابوروی و هەموو ئاست و جومگەکانی ژیاندا ئیرادەى ژن بوونى نەبوو. بۆ ئەوەى ژن ئازاد بێت و رێگا بۆ ئازادبوونەکەى بکرێتەوە، بە تێگەیشتن و بڕوابوون بە هۆشمەندیى 'ئازادیى ژن ئازادیى کۆمەڵگەیە' لە رۆژئاوا و باکووری سوریا هێزەکانى یەپەژە دامەزرا".

نوری مەحمود ئاماژەى بەوەکرد، بە دامەزراندنى یەپەژە ژن بەپێى تایبەتمەندی و شێوازى خۆى و بە شێوەیەکى خۆسەر سوپاى خۆى دامەزراند. ئاماژەى بەوەشکرد "دواى ئەوەى یەپەژە دامەزرا. لە ئاستە جۆراجۆرەکاندا بەرێکخستنکردنى ژنان دروست بوو، چونکە یەپەژە مۆدێلێک بوو، کە ژن زیاتر و باشتر توانییان رەنگ و تایبەتمەندیى خۆیان لە شۆڕشی رۆژئاوا و باکووری سوریا دا. بەو شێوەیە بە رەنگى خۆیان و بە رۆڵی پێشەنگایەتیکردن لە ناو شۆڕشى رژئاوا – باکووری سوریادا هەستان".

"تەنها مۆدێلى یەپەگە – یەپەژە توانیى کۆمەڵگە لە سوریادا بپارێزیێت"

وتەبێژى یەپەگە ٦ ساڵی رابردووى شەڕی سوریاى بە بیرهێنایەوە وتى "تاکە هێزێک کە لە ٦ ساڵی رابردوودا بەپێى پێوەر و ئامانجەکانى کۆمەڵگە جوڵاتەوە یەپەگەیە. لەمپەرەکانى لەبەردەم کۆمەڵگەدا هەڵگرت تاوەکو لەسەر دیموکراسى گفتوگۆ بکرێت. سیستم و پرۆژەى ئافراند. یەپەگە – یەپەژە جگە لەو پێوەرەانە و بەدەر لەو ئامانجە نەجوڵاوەتەوە. ٦ ساڵی رابردوو ئەوەى پیشانداین، کە یەپەگە – یەپەژە ئەڵتەرناتیڤى سوپان. بە ئاشکرای و روونی ئەوە دەبینرێت، ئەو مۆدێلە، مۆدێلى یەپەگە - یەپەژە دەتوانێت کۆمەڵگە و رێکخراوەکانى بپارێزێت".

نوریى مەحمود وتەبێژى یەپەگە ئاماژەى بەوەشکرد، لە دواى ئەوەى زۆربەى شارەکانى باکوورى سوریا رزگارکران هێزەکانى سوریاى دیموکراتیک (قەسەدە) وەک هێزێکى چەتر دامەزرا و بۆ سەرتاسەرى سوریا بووەتە مۆدێلێک.

شەڕ لە عەفرین، شەڕی تاڵانی و داگیرکەری و جینۆساد بوو

وتەبێژى یەپەگە ئەوەشى بە بیرخستەوە، لە هەرێمە رزگارکراوەکاندا پرۆژەى دیموکرایتکى ئەنجوومەنى سوریاى دیموکراتیکیان پێشخست. دەوڵەتى تورک بە سوپاکەى و هەموو دامودەزگانییەوە هێرشى کردە سەر عەفرین و لەوبارەیەوە وتیشی "دەبێت ئەوە بوترێت، کە دەوڵەتى توریک بۆ هێرشکردنە سەر عەفرین تازولی زۆریکرد و لە زۆر شت تەنازولی کرد. بۆ ئەو هێرشەش خاکى خۆى فرۆشت. هەرێمەکانى غوتە، دەرعا و ئیدلب، کە گوایە هێزەکانى "ئۆپۆزسیۆنى" لێیە بۆ داگیرکردنى عەفرین دەستبەرداریان بوو. بۆ ئەو بابەتە لەگەڵ رووسیا رێککەوت. بۆ ئەوەى دیموکراسى لە باکووری سوریا بسڕێتەوە، یان زیانى پێبگەیەنێت، ئەو کارانەى کرد. بۆ ئەوەى رێگا لەوە بگرێت باکوورى سوریا وەک مۆدێلێک بەرەوپێش بڕوات بە هەموو هێز و تواناییەوە هێرشى کردە سەر عەفرین".

ئەوەشى وت "ئەو شەڕەى لە عەفرین روویدا شەڕێکى دادپەروەرانە و ئەخلاقی نەبوو. شەڕی تاڵانى و داگیرکەری بوو. شەڕی بە جینۆسایدکردن بوو. دەیانخواست دیموگرافیا بگۆڕن. بەجۆرە هێرشیان کردە سەر عەفرین. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا چەندین تیرۆر و کارى تیرۆریستانەیان ئەنجامدا. بەو عەقڵییەتەوە لە دژى گەلی عەفرین و لە دژى شارێکى بچووک و بەهۆى بێدەنگیى نێودەوڵەتی و جیهانییەوە ئەو هێرشەى ئەنجامدا. بێدەنگیی جیهانی بەهۆی بوونى بەرژەوەندییەوە بوو لەگەڵ تورکیا. هێزە نێودەوڵەتییەکان بە پێشێلکردنى ئەخلاق، مافەکان و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و پەرەنسیپەکانی خۆیان، چاوپۆشییان لە داگیرکەرییەکەى تورکیا کرد".

"ئێمە بە دڵنیاییەوە عەفرین رزگار دەکەین"

نوری مەحمود وتەبێژى یەپەگە ئەوەشى خستەڕوو، دەوڵەتى تورکیا بۆ ئەوەى عەفرین داگیربکات چەندین ساڵ ئامادەکاریى کرد و لە بەردەوامیى قسەکانیدا وتیشى "دەوڵەتى تورک سوپاکەى لە عەزاز و دواتر لە ئیدلب جێگیرکرد. بۆ ئەوەى هێرش بکاتە سەر باکوورى سوریا و عەفرین ئامادەکاریى زۆرى کردبوو. شەڕی عەفرین تەنها شەڕ نەبوو لە دژى سوپاى تورکیا. سوپاى تورکیا بەهۆى بێدەنگیى جیهانییەوە دەستى بە هێرشەکەى کرد. ئێمە ئەوەمان بینى، کە ئامانجى سەرەکیى لەو هێرشەدا تیرۆرکاری، کۆمەڵکوژی و گۆڕینى دیموگرافیا و بارى دانیشتوانە. ژن، منداڵ، هاووڵاتییانى مەدەنى، کورد، عەرەب، مەسیحی و مسوڵمان بۆ دەوڵەتى تورک گرنگ نەبوو، گرنگ ئەوە بوو بچێتە عەفرین. ئێمە ئەوەمان بینى کە ئەو سوپایە چەندین کۆمەڵکوژیى کرد و درێژەش بە کۆمەڵکوژییەکانى دەدات. بۆیە ئێمە بە پێویستمان بینى کە گەل لە عەفرین بپارێزین و بیانگوێزینەوە بۆ دەرەوە. بەڕێوەبەریى خۆسەرى دیموکراتیک لە عەفرین بۆ ئەوەى تیرۆر و کۆمەڵکوژیى گەورەتر بەرامبەر گەلی عەفرین روو نەدات، بڕیاریدا کۆمەڵگە و گەلی عەفرین بگوێزێتەوە".

نوری مەحمود وتەبێژى یەپەگە ئەوەشى دەستنیشانکرد، هێزەکانى یەپەگە و یەپەژە تاوەکو ئێستاش لە عەفرین چالاکى ئەنجام دەدەن و لەوبارەیەوە ئەوەشى وت "ئێمە ناتوانین بڵێن، ئەمڕۆ عەفرین بە تەواوی لەلایەن تیرۆریستانى داعش، سوپاى تورکیا و چەتەکانى بەرەى نوسرەوە داگیرکراوە. عەفرین ئێستا بەرەیەکى شەڕە. بە بەردەوامى و هەموو کاتێک ئامادەکاریمان هەیە بۆ رزگارکردنى عەفرین، واتە ئامادەکاریى یەپەگە و یەپەژە و گەلی عەفرین هەیە. داگیرکەر هەرگیز ناتوانێت لە عەفرین بە ئاسانى جموجوڵ بکات. ناتوانن بحەسێنەوە و تیادا ئارام بگرن. ئێمە بە دڵنیایەوە عەفرین رزگار دەکەین و گەلەکەشمان دەگەڕێتەوە خاک و وار و ماڵى خۆی. شەڕی ئێمە بۆ عەفرین بەردەوامیى دەبێت. ئێمە دەتوانین بڵێین، بەرخۆدانى سەردەم لە عەفرین بە رۆحی بەرخۆدانى ئاڤێستا، کارکەر و پۆڵاتەکان بەردەوامیى هەیە".

نوری مەحمود ئەوەشى خستەڕوو، ئازادیى عەفرین گرنگترین پێوەر و بنەما و ئامانجیانە و بەو بیروباوەڕەوە بەرەو پێش دەڕۆن.

ر.م