وتەبێژی قەسەدە: هێرشەکانی سەر رێگای (M4) و تل تەمر بەردەوامن

وتەبێژی فەرمی هێزەکانی سوریای دیمۆکراتیک (قەسەدە) رایگەیاند هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی بۆ سەر رێگای نێودەوڵەتی (M4) و تل تەمر بێ وەستان بەردەوامن.

کینۆ گابرییەل وتەبێژی قەسەدە لە سایتی فەرمی قەسەدەدا لێدوانێکی بڵاو کردەوەو رایگەیاند هەواڵی رێکەوتنی نێوان هێزەکانی ئەوان و روسیا و تورکیا بۆ رادەستکردنی ناوچەی تل تەمر دوورە لە راستییەوە.

تێکستی لێدوانەکە بەم شێوەیەیە:

"هەندێک دەزگای راگەیاندن دوێنێ (١٦-١١-٢٠١٩) هەواڵێکیان لەبارەی رێکەوتنی نێوان روسیاو تورکیاو هێزەکانی سوریای دیمۆکراتیک بۆ رادەستکردنی شاری تل تەمر و رێگای نێودەوڵەتی (M4) بڵاو کردبووە.

ئێمە وەکو هێزەکانی سوریای دیمۆکراتیک جەخت دەکەینەوە کە ئەم هەواڵە ناڕاستە. هەورها بە رای گشتی رادەگەیێنین کە سوپای تورکی داگیرکەر و چەتەکانی گوندەکانی شاری تل تەمر بە قوڕسی تۆپباران دەکەن و تا ئێستاش ئاگربەست پێشێل دەدەن."

ز.ش