ورسولار مولەر: تورکیا قەیرانی مرۆیی قووڵتر دەکاتەوە

رێکخەری لێژنەی فریاگوزاری مرۆیی نەتەوەیەکگرتووەکان، ورسولا مولەر رایگەیاند، هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکان لە ناوچەکە، رێگەخۆشکەرە بۆ قەیرانی مرۆیی جددی.

رێکخەری لێژنەی فریاگوزاری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە لێژنەی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتوەکان، لەبارەی ئەو قەیرانە مرۆییەی سوریای تێدایە قسەی کرد و تیشکی خستە سەر ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دەوڵەتی تورک لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و وتی، "قەیرانی مرۆیی قولتر دەکاتەوە."

مولەر باسی لەوەش کرد، بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و گرووپە چەتەکانییەوە، نزیکەی ٢٠٠ هەزار کەس لە مال و موڵکی خۆیان ئاوارە بوون: "بەم دواییانە هەرچەندە شەڕ کەمیش بووبێت، لەو ناوچانە قەیرانی جددی مرۆیی بەردەوامن. زیاتر لە ٧٠ هەزار کەس لەوانەی لە مال و موڵکی خۆیان ئاوارە بوون، لە رەقا، حەسەکە، حەلەب، هەروەها ١٧ هەزاری دیکەش لە ناچاری چوونەتە عێراق".

'هاوکارییەکان ناگەن، دۆخەکە خراپتر بووە'

مولەر راشیگەیاند، هێشتا پێویستیمان بە هاوکاریی بۆ یەک ملیۆن و هەشتسەد هەزار کەس هەیە و بەهۆی شەرەوە هاوکارییەکان ناگەنە خەڵکی ناوچەکە. مولەر باسی لەوەش کرد، لە گەیاندنی هاوکارییەکاندا بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکە سەختی زۆر دەکێشن. لەبەر ئۆپەراسیۆنەکانی دەوڵەتی تورک دۆخی خراپی مرۆیی لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا قووڵتر بووە.

'ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوەی سنوور قەیرانی مرۆیی قووڵتر کردووەتەوە'

هەروەها مولەر ئەوەشی وەبیر هێنایەوە کە ئەگەر ئۆپەراسیۆن بەڕێوە نەچووبا، ئەوەندە دۆخی مرۆیی قورس نەدەبوو، ئەو کەسانەی ٩ ساڵە لە ناوچەکەیان شەڕ هەیە، دیسان برسی، نەخۆشن و رووبەڕووی مردن نەدەبوونەوە.

مولەر تیشکی خستە سەر کەمپی هۆل کە خێزانی چەتەکانی داعشی لێیە و وتی: "٩٤% ئەو کەمپە ژن و منداڵن. نزیکەی ٦٨ هەزار و ٤٠٠ کەس لەو کەمپە نیشتەجێن. دەبێت دەوڵەتان خاوەنداری لەوان بکەن".

لە کۆتاییدا مولەر تیشکی خستە سەر ئەو قەیرانە مرۆییانەی لە ئیدلب ڕوودەدەن.

ف.ق