١٩ ساڵ بەسەر کۆچی دوای ئەحمەد کایا تێپەڕبوو

کاتێک خەڵاتی باشترین گۆرانی ساڵ لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا وەردەگرێت، کایا مایکەکە دەگرێت بەدەستییەوە و ڕوو لە ئامادەبووان دەڵێت: من گۆرانییەکی کوردیم لە ناو ئەلبوومە نوێکەم داناوە، چونکە من بە ڕەسەن کوردم!

کاتێک خەڵاتی باشترین گۆرانی ساڵ لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا وەردەگرێت، کایا مایکەکە دەگرێت بەدەستییەوە و ڕوو لە ئامادەبووان دەڵێت: من گۆرانییەکی کوردیم لە ناو ئەلبوومە نوێکەم داناوە، چونکە من بە ڕەسەن کوردم! گومانم نییە گەلێ دەزگای ڕاگەیاندنی بوێر هەن کە ئەلبوومە نوێکەم بڵاوبکەنەوە! تورکیا گرفتێکی ھەیە بەناوی کوردستان، لەبەر ئەوە من ھەرگیز ماندوونابم لە باسکردنی ئەم گرفتە بۆ ئەوانەی دان بەراستیدا نانێن.

دوای تەواو بوونی ئەم قسانە، چەندین ھونەرمەندی تورک ھێرشیان کردە سەری و ھاواریان کرد: (خاین! بڕۆ دەرێ)، لە ھەموو لایەکەوە فاشیستە تورکەکان ھێرشیانکردە سەری، ھەندێک ڕۆژنامە و دەزگای ڕاگەیاندنی تورکیا داوای حوکمی لەسێدارەدانیان بۆ دەکرد.

ئەمە ئەو ساتە بوو ئەحمەد کایای لە نیشتمانەکەی هەڵکەند و بەناچاریی پەنای بۆ غەریبی برد، ئەو بۆ خزمەتی گەلەکەی هونەر و سیاسەتی ئاوێتەکرد و فرمێسکی دایکانی دەکرد بە وشە، هەرچەندە ژیان تەنها دەرفەتی یەک گۆرانیی پێدا بە زمانی دایک تۆماری بکات، بەڵام هەمیشە گۆرانییەکانی گوزارشت بوون لە خواستی قوڵی بۆ ئازادیی گەلەکەی و پێکەوەژیان.

ئاوازدانەر و مۆسیقار و هونەرمەندی گەورەی کورد ئەحمەد کایا، ساڵی ١٩٥٧ لە شاری ماڵاتیای تورکیا لەدایکبووە، باوکی کورد و دایکی تورک بوو، کایا پێنجەم و دوا مناڵی خێزانەکەی بووە، باوکی بە ئەسڵ خەڵکی سەمسوور بووە و ڕۆیشتۆتە مەلەدی بۆ دۆزینەوەی کار، کاتێک کایا لەدایک بوو، باوکی لە کارگەیەکی دەوڵەتدا کاری کردووە، دایک و باوکی و ھەر پێنج مناڵەکە لە خانوویەکی بچووکی کارگەکەدا ژیاون.

لە دوای ئەوەی باوکی سازێکی بۆ کڕی، ئەحمەد لە تەمەنی شەش ساڵییەوە سەرقاڵی مۆسیقا بووە، ئەمەش بووەتە سەرەتای کاروانێک، کە کایا دەگەیەنێتە لووتکەی ناوبانگ لە دنیای هونەردا، لە تەمەنی نۆ ساڵیدا لە کارگەکەی باوکی دەستی بە گۆرانیبێژی کردووە و لە شەوی جەژنی کرێکاراندا گۆرانی بۆ کرێکارەکانی دیکە وتووە.

دوای ئەوەی گەورەتر بووە، کایا دەچوو بۆ خوێندنگە و کاتەکانی تریش لە فرۆشگەیەکی فرۆشتنی کاسێتدا کاری دەکرد، ئیشکردن لەو فرۆشگایەدا وای لە کایا کرد کە بە شێوەیەکی باشتر شارەزای مۆسیقا و ئاوازدانان بێت.

بەهۆی خراپی بار و گوزەرانی کوردەوە لە ساڵانی ٧٠کانی سەدەی ڕابردوودا لە باکوری کوردستان، خانەوادەی ئەحمەد کایا بەناچاریی ڕوو لە ئیستەنبوڵ دەکەن، کایا بۆ دابینکردنی بژێویی خێزانەکەی پێش ئەوەی وەک گۆرانیبێژ دەرکەوێت، ماوەیەک لە ئیستەنبوڵ شۆفێری تەکسی بووە، ھەروەھا لەگەڵ دۆستێکی بەناوی بەشار ئابی کاری شۆفێری پاسیشی کردووە.

کایا لە مناڵییەوە ڕۆحێکی یاخی ھەبووە و ھەندێک جار لەگەڵ یاسا تووشی کێشە بووە، ھەر لەو کاتەوەی لە ١٦ ساڵیدا لەسەر چاپکردنی لافیتەی نایاسایی دەستگیرکرا، لەگەڵ ھاوڕێکانیدا بەردەوام بوو لە مۆسیقا و گۆرانی لە «یانەی زانستەکانی خەڵک» کە وای کرد کایا زیاتر برەو بدا بە گیانە یاخییەکەی، ئەمەش دواتر لە زۆربەی ئەلبوم و گۆرانییەکانی کایادا ڕەنگ دەداتەوە و ڕووداوەکانی دیکەی ژیانی کایاش بەدوای خۆیدا دەھێنێت.

لەیەکەم ھەوڵیشیدا بۆ دەرکەوتن، دوای کۆنسێرتێکی سازژەنی بەناوبانگ بە ناوی «ڕووحی سوو»، چووە زانکۆی «بۆغاز ئیچی» و داوای لە ڕووحی کرد کە گوێ لە سازژەنینەکەی بگرێ، دوای ئەوەی داواکارییەکەی قبووڵ کرد، ڕووحی لە نیوەی ژەنینەکەی کایادا سازەکەی لەدەست وەرگرت و پێی وت «ساز نابێ بە شێوەیەک بژەنرێ وەک ئەوەی سواری ئەسپ بی، بەڵکو دەبێت بە نەرمی بیژەنی.» کایا لەسەر شێوازی ژەنینەکەی خۆی سوور بوو.

کایا دووجار ژیانی هاوسەرگیریی پێکهێناوە، یەکەم جار ساڵی ١٩٨٢ لەگەڵ ژنێکی گەنج بەناوی ئەمینە هاوسەرگیریی دەکەن و بەرهەمی پێکەوەبوونیان کچێک دەبێت، بەڵام دواتر لەیەک جیادەبنەوە، دواتر لەگەڵ ژنە شاعیر گوڵتان کایا هاوسەرگیریی دەکەن.

لە ساڵی ١٩٨٥ ئەحمەد کایا یەکەم ئەلبوومی بەناوی "مەگری کۆرپەکەم" بڵاوکردەوە، بەڵام هەرزووی نۆبەرەکەی کایا ڕووبەڕووی ڕق و تووڕەیی دەسەڵاتدارانی تورکیا دەبێتەوە و قەدەغە دەکرێت.

لە ١٠ی شوباتی ١٩٩٩ کایا بووە براوەی خەڵاتێکی ڕێکخراوی ڕۆژنامەنوسانی چاپی تابلۆی، کاتێک خەلاتی باشترین گۆرانیبێژی ساڵی لە مەراسیمەکەدا وەردەگرت، وتی"من گۆرانییەکی کوردیم لەناو ئەلبومە تازەکەم داناوە، چونکە من بە ڕەسەن کوردم، گومانم نییە چەندین دەزگای ڕاگەیاندنی بوێر هەن کە ئەلبومە تازەکەم بڵاوبکەنەوە"، دوای تەواو بوونی قسەکانی، چەندین ھونەرمەندی تورک ھێرشیان کردە سەری و ھاواریان کرد: خاین! بڕۆ دەرێ.

دادگای ئاسایشی نیشتمانی تورکیا لە ٣٠ ی نیسانی ١٩٩٩ تۆمەتی خەیانەتی نیشتمانیی دایە پاڵ ئەحمەد کایا و لە ھەموو لایەکی تورکیاوە تورکە تووندڕەوەکان ھێرشیان کردە سەری، لەو ماوەیەدا، ئەحمەد کایا چووە ئەوروپا، دادگای ئاسایشی نیشتمانی تورکیا لە دوا دانیشتنیدا، بەبێ ئامادەبوونی کایا، سزای ١٢ ساڵ زیندانی بۆ دەرکرد.

ساڵی ٢٠٠٠ ئەحمەد کایا بەیەکجاریی ڕووی لە فەرەنسا کرد، بەڵام تاراوگە نەیتوانی برینەکانی ئەو ساڕێژ بکات، لە چاوپێکەوتنێکدا لەبارەی غەریبیی خۆیەوە بە چاوی فرمێسک تێدا قەتیزماودا، دەڵێت: هاوین بێت و زستان بێت شەوانە زۆر سەرمام دەبێت، لەبەر ئەوە نییە کە گەرمکەرەوە نییە، بەڵکو یەک هۆکار هەیە، ئەویش لەبەر دووری وڵاتە سەرمام دەبێت، کۆتایی تەختی ئەم سیناریۆیە بە کەوالیسێکی کوشندە دادەپۆشرێت، ڕۆژێک دێت هەر دەگەڕێینەوە.

ئەحمەد کایا لە ساڵی ٢٠٠٠دا لە فەرەنسا کۆنسێرتێکی گەورەی سازکرد، کە نزیکەی ملیۆنێک کەس بەشدارییان تێداکرد و لەو کۆنسێرتێەدا بۆ یەکەم جار گۆرانییەکی بەناوی وەڵاهی بیری ئاپۆ دەکەین چڕی، ژیان لە غەریبی زۆری نەخایاند و لە ڕۆژی ١٦ی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٠٠ لە فەرەنسا کۆچی دواییکرد و لە تەنیشت گۆڕی سینەماکاری بەناوبانگی کورد یەڵماز گۆنایەوە ئەسپەردەی خاککرا.

لەماوەی ژیانی هونەریدا ئەحمەد کایا ١٧ ئەلبوومی بڵاوکردووەتەوە، دوای خۆشی "گوڵتەن"ی ھاوسەری ئەلبوومە تەواو نەکراوەکەی بەناوی "گوێ بگرە وڵاتە خۆشەویستەکەم" بڵاوکردەوە، چەن ئەلبوومێکی دیکەشی دوای خۆی بڵاوکرانەوە.

"ڕۆژنیوز"

ف.ق