٣ شەهیدی تری بەرخۆدانی شەرەف بەخاک سپێردران

هەزاران دانیشتوانی ناوچەی حەسەکە و گوندەکانی، بە مەراسیمێکی شکۆدار تەرمی سێ شەهیدی بەرخۆدانی شەرەفیان لە گۆڕستانی شەهید دژوار-ی گوندی داودیە بەخاک سپارد.

جەماوەر تەرمی شەهیدان (ئەحمەد عەبدوڵا 'عەگید حەسەکە'، حەسەن ساڵح 'فورات حەسەکە'، سیراج موراد 'یزێل بادینی')یان لەبەردەم ئەنجومەنی شەهیدان وەرگرت و بە کاروانێک کە لە دەیان ئۆتۆمبیل پێکهاتبوو وێنەی شەهیدانیان هەڵواسیبوو، بەرەو گۆڕستانی شەهید دژوار لە گوندی داودیەی باکوری شاری حەسەکە کەوتنەڕێ.

مەراسیمەکە بە خولەکێک ڕێزگرتنی سەربازی لەلایەن شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە دەستپێکرد. دواتر بە ناوی سەرۆکایەتی کاروباری شەهیدان وەلید بۆتی وتەی پێشکەش کرد و وتی: "سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی شەرەف و ئازادی گەلی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریای فیداکار دادەنەوێنین و دەڵێین کە دەوڵەتی تورک و چەتەکانی دەیانەوێت ئەو دەستکەوتانەی بە فیداکاری شەهیدە قارەمانەکانمان بەدەستهاتوون لەناوی ببەن".

زیاب حەسەکە، یەکێکیە لە فەرماندەکانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک، وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدان وتی: "سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ئەو شەهیدانە دەکەین کە بۆ ژیانی هاوبەش گیانیان بەخت کردووە، بەڵێن دەدەین هەتا کۆتایی لەسەر ڕێبازەکەیان بەردەوام بین".

دواتر ناسنامەی هەرسێ شەهیدەکە لە لایەن ڕۆژدا ئەحمەد ئەندامی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدانەوە خوێندرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکان کرا.

لە درێژەی مەراسیمەکەدا، ناسنامەی ٥ شەهیدی دیکەی بەرخۆدان شەرەف کە بریتی بوون لە (یوسف عومەر 'ئینتیقام حەسەکە'، محەمەد عەبدوڵا 'مەزڵوم حەسەکە'، عەبدولحەمید عەلی 'ڕۆهات حەسەکە'، مالک عەلی 'گابار حەسەکە'، زوبێر حەسۆ 'گۆران حەسەکە') ڕاگەیاندرا و ڕادەستی بنەماڵەکانیان کرا.

لە کۆتاییدا تەرمی شەهیدان بە درووشمەوە بەخاک سپێردران.