پاش بەجێهێنانی ئەرکەکانیان، یەپەگە ڕاوێژکارەکانی لە منبج کشاندەوە

فەرماندەیی گشتیی یەپەگە ڕایگەیاند: " ئەرکیان بۆ پەروەردەکردن و ڕاوێژدان بە ئەنجومەنی سەربازیی منبج کۆتایی پێهاتووە و گروپە ڕاوێژکارەکانی لە منبج کشاندوەتەوە".

"لە چوارچێوەی ستراتژیی گشتیی یەپەگە بۆ شەڕی دژ بە تەرۆر چووینە منبج"

ئەمرۆ، لە ڕاگەیەندراوێکدا فەرماندەیی گشتیی یەکینەکانی پاراستنی گەل - یەپەگە ئاشکرای کرد: " لە چوارچێوەی ستراتژیی گشتیی یەپەگە بۆ شەڕی دژ بە تەرۆر و داعش، ئەنجومەنی سەربازیی منبج داوای هاوکاری لێ کردین، تا پێکەوە شارەکە لە چەتەکانی داعش ڕزگار بکەین. ئەو داوا کارییە بەفەرمی لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٦دا ئاڕاستەی ئێمە کرا. ئێمەش وەک یەپەگە، لە سەر بنەمای ئەو داخوازییە لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی ڕێککەوتین و ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی منبجمان لە ڕۆژی ١ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٦دا دەست پێکرد، کە پاشان ماوەی  دوو مانگی خایەند و دەرەنجام سەرکەوتنی بەدوادا هات و تەرۆریستانی داعش لە شارەکە وەدەرنران و بەشێکی زۆری گوندەکانی دەوروبەری منبجیش پاک کرانەوە. بەگشتی بەرخۆدان تا ڕۆژی ١٥ی ئابی ٢٠١٦ بەردەوام بوو و لەو ڕێککەوتەدا بە ڕاگەیەندراوێک جاڕی سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکە درا".

"پاش ڕزگارکردنی شارەکەمان ڕادەستی ئەنجامەنی سەربازی منبج کرد"

یەپەگە ڕاشیگەیاندووە: " پاش ئەوەی منبج ڕزگار کرا، ئارامی و ئاسایش بۆ ناوچەکە گەڕێندرایەوە، لە ڕێککەوتی ١٦ی مانگی ١١ی ٢٠١٦دا، وەک ئیدارەی سەربازی و مەدەنی شارەکە و دەروبەریمان ڕادەستی هێزەکانی ئەنجومەنی سەربازیی منبیج کرد و هێزەکانمان کشاندەوە و بەفەرمیش ئەو کشانەوەیەمان ڕاگەیاند و بۆ ئەوەش مەراسیمی سەربازییمان ڕکخست و بەشێوەیەکی زیندوو لە تەلەفزیۆنەکانەوە بلاوکرایەوە".

"بۆ ڕاوێژ و پەروەردەی سەربازی چەندین لە فەرماندەکانی یەپەگە لە منبج مانەوە"

یەپەگە ئاشکراشی کردوە: " لەسەر داوای ئەنجومەنی سەربازیی منبج، چەندین گروپ لە فەرماندەکانی یەپەگە وەک ڕاوێژکار لە شارەکە و دەوروبەری مانەوە. ئەو گروپانە کاریان پەروەردە و ڕاوێژی سەربازی بوو بە هێزەکانی ئەنجومەنی سەربازی منبج. هەڵبەتە ئەوەش لە ژێر چاودێڕیی هێزەکانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی ئەنجام درا. 

"پاش ۲ ساڵ بڕیاری کشانەوەی ڕوێژکارەکانمان لە منبج دا"

فەرماندەیی گشتیی یەکینەکانی پاراستنی گەل - یەپەگە، ئەوەشی خستووەتە ڕوو: "
لە ئیستاشدا پاش ۲ ساڵ ئەنجومەنی سەربازیی منبج گەیشتووەتە ئاستێک کە دەتوانێت خۆی بەرێوەبەرێت و پەروەردە بکات، بۆیە فەرماندەیی گشتیی یەپەگە ئیدی بە پێویستی نابینێت ڕاوێژکارەکانی لە منبج بمێنەوە و بڕیاری کشانەوەیانی داوە:.

"تا لە ناوبردنی تەرۆرسیتان تێکۆشانمان بەردەوام دەبێت"

لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا یەپەگە دەستنیشانی کردوە: " ئێمە وەک هێزەکانی یەپەگە بۆ ڕایگشتی منبج دووپاتی دەکەینەوە، بۆ ڕزگارکردن و ئازادکردنی هاولاتیانمان و پاراستنیان لە چەتەکانی داعش، بە تێکۆشان و فیداکارییەوە ئەرکی سەر شانمانە بەجێ دەهێنین و لەسەرییشی بەردەوام دەبێن تا ئەو کاتەی بە تەواوەتی کۆتایی بە تەرۆرستان دەهێنین و ئاسایش و ئارامی یەکجارەکی بۆ هەموو ناوچە ڕزگارکراوەکان دابین دەکەین".

 

هـ.هـ