پشتیوانی گەلان بۆ رۆژئاوای کوردستان بەردەوامە

لە هەردو شاری هیلبۆڕن و فریبۆرگی ئەلمانیا بۆ پشتیوانی رۆژئاوای کوردستان و شەرمەزارکردنی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر چالاکی ئەنجام دران.

کوردستانیانی دەرەوەی وڵات و دۆست و هاورێکانیان و کەسانی چەپ و دیمۆکراتەکان لە زۆربەی وڵاتانی جیهان بۆ پشتیوانیکردن لە شۆڕشی رۆژئاواو رسواکردنی هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورکی فاشیست، لەسەر پێن. لەم چوارچێوەیەدا لە هەردوو شاری هیلبۆڕن و فریبۆرگی ئەلمانیا چالاکی بۆ شەرمەزارکردنی دەوڵەتی تورک و پشتیوانی بۆ گەلانی رؤژئاوای کوردستان ساز کران.

هیلبۆڕن

لە شاری هیلبۆڕن کوردستان و دۆست و هاوڕێ ئەلمانییەکانیان لە گۆڕەپانی سۆلی گرد بوونەوەو هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورکیان رسواو شەرمەزار کرد.

لەم چالاکیەدا تیشک خرایە سەر ئەوەی دەوڵەتی تورک لە بەر چاوی جیهان هێرشی رۆژئاوا دەکات و خەڵکی مەدەنی کۆمەڵکوژ دەکات و باس لەوەش کرا کە دەوڵەتی تورک لەگەل ئەو هەموو هێرشە توندانەی دەیکاتە سەر رۆژئاوا، لە هەمان کاتدا چەکی کیمیاییش بەکار دەهێنێت.

فریبۆرگ

لە شاری فریبۆرگیش بە هەمان شێوە هێرشە داگیرکەرییەکانی سوپای تورک شەرمەزار کران. لە چالاکیەکەدا هاوڵاتی ئەلمانی جورگین گراسلین بە ناوی رێکخراوی (RIB) قسەی کردوو رەخنەی لە بازرگانی چەک لە نێوان ئەلمانیاو تورکیا گرت و وتی: " لەسەر خاکی کورد بەم چەکانە کەسانی مەدەنی دەکوژرێن. بۆیە دەبێت ئەلمانیا و هەموو ئەو وڵاتانەی چەک بە تورکیا دەفرۆشن، ئەم بازرگانییە بوەستێنن."

 

ز.ش