پۆلیسی سه‌ربازیی ڕووسیا له‌سه‌ر سنووری سووریا و ئیسرائیل جێگیر ده‌كرێت

وه‌زاره‌تی به‌رگریی ڕووسیا ڕایگه‌یاند، له‌سه‌ر سنووری سووریا و هه‌رێمی گۆلان كه‌ له‌ لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌ داگیركراوه‌، پۆلیسی سه‌ربازیی ڕووسیا جێگیر ده‌كرێت و خاڵی چاودێریكردنیشی لێ دروست ده‌كرێت.

به‌ گوێره‌ی هه‌واڵی ئاژانسی ئینته‌رفاكس، به‌و مه‌به‌سته‌ی له‌سه‌ر سنووری هه‌رێمی گۆلان ئاڵۆزی نه‌یه‌ته‌ ئاراوه‌، پۆلیسی سه‌ربازیی رووسیا له‌و شوێنه‌ جێگیر ده‌كرێن. وه‌زاره‌تی به‌رگریی ڕووسیاش ڕایگه‌یاند، له‌سه‌ر سنووره‌كه‌ ٨ خاڵی چاودێریكردن دروست ده‌كرێن.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ به‌ گوێره‌ی ئاژانسی هه‌واڵی تاس، نوێنه‌ری ڤلادیمێر پوتینی سه‌رۆكی ڕووسیا له‌ سووریا ڕایگه‌یاندووه‌، هێزه‌كانی ئێران چه‌كی قورسی خۆیان له‌ هه‌رێمه‌كه‌ كشاندووه‌ته‌وه‌. ئیسرائیل له‌و باره‌یه‌وه‌ ڕایگه‌یاندبوو كه‌ كشانه‌وه‌یه‌كی وه‌ها به‌س نییه‌.

s.m