پیدرسۆن: دەبێت رێگری لە هاوکارییەکان بکرێت بۆ گروپە تیرۆریستییەکانى ئیدلب

گیر پیدرسۆن نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سوریا رایگەیاند، رووداوەکانى ئیدلب هەڕەشە لە ئاسایشی ناوچەکە و نێونەتەوەیى دەکات. راشیگەیاند "دەبێت زیاتر و بەهێزتر رێگری لە هاوکارییەکان بکرێت بۆ گروپە تیرۆریستییەکانى ئیدلب".

ئەنجوومەنى ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکدانەوەى بارودۆخی ئیدلب کۆبونەوەیەکى خێرای رێکخست. گیر پیدرسۆن نوێنەری تایبەتى نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ کاروباری سوریا لە رێگەى ڤیدیۆکۆنفرانسەوە بەشداری کۆبوونەوەکەى ئەنجوومەنى ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو و سەرنجی خستە سەر رووداوەکانى ئیدلب و بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان لە ئیدلب داوایکرد بە مەرجی رێزگرتن لە سەروەریى سوریا و بە خێرایی هاوکاریى نێونەتەوەیى پێکبهێنرێت.

'قەیرانێکى مرۆیى هەیە'

پیدرسۆن رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانى هەر دوو لایەنەوە لە ئیدلب کارەساتێکى مرۆیی هەیە و وتی "لە ماوەى ٢ مانگی رابردوودا سەدان هاووڵاتیى مەدەنی ژیانیان لە دەستداوە و لە کۆی ٣ ملیۆن دانیشتوى ئیدلب ٥٠٠ هەزار کەس ناچاربوون حاڵ و ماڵی خۆیان بەجێبهێڵن".

'شەڕ قورستر دەبێت'

پیدرسۆن راشیگەیاند "رێکخستنی تیرۆریستیى هەیئەتی تەحریر شام و گروپە چەکدارەکانى تری ئۆپۆزسیۆن لە ناوچەکەدا هێرشی قورس دەکەنە سەر شوێنی هاووڵاتییانی مەدەنی لە دەورووبەری حەلەب. هەروەها هێرشکرایە سەر ناوەندی رووسیا. لە ٣ی شوباتدا هێزەکانى حکومەتى سوریا لە بنکەى چاودێریى تورک-یان دا لە نزیک سەراقیب. بەپێى وتەى بەرپرسانى تورک، ٧ سەربای تورک کوژراون. دواتریش هێزەکانى تورک هێرشان کردووەتە سەر ژمارەیەک خاڵ و ئەوەش لە رێگەى چەندین راپۆرتەوە بە دەستمان گەیشت".

پیدرسۆن ئەوەشی راگەیاند "بەرپرسانى تورک و روس رۆژی ١٢ی کانوونی دووەم لەبارەى ئیدلبەوە کۆبوونەتەوە و بەپێى لێدوان و راگەیاندراوەکانى ئەمدواییانەیان ئەوە دەردەکەوێت ناکۆکی لە نێوانیاندا هەیە و وادیارە لەگەڵ بانگەواز بۆ ئاگربەستیش شەڕ لە ئیدلب رۆژ بە رۆژ قورستر دەبێت".

'ئیدلب بووەتە ناوەندی گروپە تیرۆریستییەکان'

پیدرسۆن ئەوەشی وت "ئیدلب بووەتە ناوەندی هەیئەتى تەحریر شام، کە لەلایەن ئەنجوومەنى ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەک رێکخستنێکى تیرۆریستی قبوڵ کراوە و ژمارەیەکى زۆریش شەڕکەری بیانیى تیادایە. بوونی ئەو گروپانە لە ئیدلب لە ئاستێکدایە، کە قبوڵکراو نییە. بوونی ئەو گروپە تیرۆریستییانە لە ئیدلب هەم بۆ ئاسایشی سوریا و هەم بۆ ئاسایشی ناوچەکە و هەم بۆ ئاسایشی نێونەتەوەیى هەڕەشەیەکى گەورەن".

'ئەگەری ئەوە هەیە شەڕ لە نێوان تورکیا و سوریادا روو بدات'

پیدرسۆن وتیشی، نزیکایەتیى سەربازی کێشەکان لە ناوچەکە بەشێوەیەکى بنەڕەتى چارەسەر ناکات. ئەگەری ئەوە هەیە لە نێوان تورکیا و سوریادا شەڕ رووبدات. ئەو شەڕە، کە لەسەر سنووری تورکیا روو دەدات هەم بۆ هاووڵاتییانی مەدەنی زیان و دەرەنجامی زۆری دەبێت و هەم ئەو مەترسییەى ئێستا دەبێتە هۆی ئەوە چەکدارە تیرۆریستە بیانییەکان بڵاوببنەوە و دەست بە هەڕەشەى نوێ بکەنەوە.

'دەبێت رێگری بکرێت لە پشتوانییەکان بۆ گروپە تیرۆریستییەکان'

پیدرسیۆن باسی ئەوەشیکرد، بە هاوکاریى نێونەتەوەیى و لەسەر بنەمای رێزگرتن لە سەروەریى سوریا دەکرێت کێشەی ئیدلب چارەسەر بکرێت و لەوبارەیەشەوە وتی "ئەوەى دەبێت ئەنجام بدرێت، ئەوەیە ئاگربەستێکى هەمیشەیى رابگەیەنرێت و رێگا بە گەیاندنی پێداویستییە بە پەلەکان بۆ هاووڵاتییان بکرێتەوە. دەشبێت بابەتى چەکدارە بیانییەکان لە ناوچەکە بە بەرفراوانى قسەی لەسەر بکرێت. هاوکات دەبێت زۆر زیاتر لەوەى، کە هەیە رێگری لە پشتیوانى و هاوکاری بۆ گروپە تیرۆریستییەکانى ئیدلب بکرێت".

ژ.ت