پێکهێنانی ئەنجوومەنە سەربازییەکان بەپێی تایبەتمەندی ناوچەکان،هەنگاوێکە بۆ بەهێزکردنی سیستمی بەرگری

هێزەکانی سوریای دیموکرات (قەسەدە) سیستمی پاراستنی گشتیی باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە چوارچێوەی ئەنجومەنی سەربازی ڕێکدەخات.

کۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتی خۆبەڕێوەبەری لە ٢٢ی حوزەیران/١ پوشپەڕ بەڕێوەچوو، فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (قەسەدە)، مەزلووم عەبدی لە کۆبوونەوەکەدا بەرنامەی قەسەدەی بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی هەیکەلی ئیداری قەسەدە ڕاگەیاند، کاتێک ئەنجومەنی یاسایی ئەرکی خۆپاراستن لە باکور و ڕۆژهەتی سوریا پەسەند بکات.

ئەو کاتە عەبدی وتی: "لەنوێوە هەیکەلی ئیداری هێزەکانی سوریای دیموکراتمان داڕشتوەتەوە کە لە ٧٠ هەزار شەڕڤان پێکهاتووە؛ ٣٠ هەزار شەڕڤان بۆ پاراستنی سنوور، ٥ هەزار شەڕڤان بۆ هێزی تایبەت و ئەوانەی دیکەش لەناو فەوجەکانی قەسەدە دان".

بەپێی هەواڵەکانی ئاژانسی هەواڵی هاوار (ANHA) دوای لێدوانی فەرماندەی گشتی قەسەدە، هێزەکە بەگوێرەی پێویستییەکانی قۆناغەکە، لە سەرەتای مانگی ئایارەوە لە زۆربەی شار و ناوچەکانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا دەستی بە پرۆسەی داڕشتنەوەی هەیکەلی ئیداری قەسەدە کردووە. بۆ ئەوەی ئاستی هێزی فکری و سیاسی سوپاکە پێشبکەوێت و ڕیزەکانی خۆیان بەپێی بەرنامەی پێشکەوتوو بەرەوپێشەوە ببات. لەسەر ئەو بنەمایە دەستکراوە بە دارشتنەوەی هەیکەلی ئیداری و دامەزراندنی ئەنجومەنی سەربازی بەپێی تایبەتمەندییەکانی هەر هەرێمێک. ئەو ئەنجومەنانە هەرێمەکانی خۆیان دەپارێزن و پاراستنی هەرێمەکە لە قەسەدە و یەپەگە و یەپەژە وەردەگرنەوە. ئەو بڕیارە لەناو بڕیارەکانی کۆبوونەوەی ساڵانەی ئەنجومەنی سەربازی قەسەدە درا کە لە ٢٤ی ئاب/ ٢ی خەرمانان لە شاری حەسەکە بەڕێوەچوو.

فەرماندەی قەسەدە حەسەن قامیشلۆ ڕایگەیاند کە داڕشتنەوەی هەیکەلی ئیداریدا، هێزەکە پشت بە ئەزموونەکانی خۆی و هەڵمەتەکانی دەبەستێت لەدژی داعش کە بە درێژایی ساڵانی ڕابردوودا وەریگرتووە. هەروەها بۆ ئەوەی ئەو هەڵانەی کە کراون دووبارە نەبنەوە، هێزەکان لەڕووی فکری، سیاسی، سەربازی و ڕێکخستنەوە بەهێزتر دەکرێن. بۆ ئەوەی هەر ئەنجومەنێک هەرێمی خۆی لە هەڕەشەکانی دەرەوە و ناوەوە بپارێزێت و هاوکاری هێزەکانی دیکە بکات بۆ پاراستنی هەرێمەکە.

دامەزراندنی ئەنجومەنە سەربازییەکان بەپێی پێویستییەکان

حەسەن قامیشلۆ ئاماژەی بەوەش دا ئەو بڕیارە بەپێی پێویستییەکانی قۆناغی ئێستا، بەهێزکردنی سیستمی سەربازی هەر هەرێمێک بەپێی تایبەتمەندی هەرێمەکە بڕیاری لێ دراوە، ئاخۆ لەسەر چ شێوازێک مافی پاراستنی ڕەوا بپارێزن. هەروەها دەرفەتێکیش بۆ گەنجانی هەرێمەکە پەیدا دەبێیت کە سیستمی سەربازی خۆیان لەژێر چەتری هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕێکبخەن.

تا ئێستا دامەزراندنی ١٢ ئەنجومەنی سەربازی لە هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕاگەیاندراون؛ ئەنجومەنی سەربازیی کۆبانێ، گرێ سپی، تەبقا، ڕەقا، دێرەزۆر، شەدادێ، حەسەکە، تەل براک، تەل تەمر، سەرێکانیێ، عامودێ و قامیشلۆ. لە هەر ئەنجومەنێک فەرماندەیەکی گشتی لە ئەندامانی ئەنجومەنەکە خۆیان هەڵبژێردراوە و ئالای تایبەتیان هەیە.

نوێنەرێک هەڵدەبژێردرێت بۆ بەشداریکردن لە فەرماندەیی گشتی قەسەدە

فەرماندەی قەسەدە، حەسەن قامیشلۆ جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی پرۆسەی دامەزراندنی ئەنجومەنی سەربازی خۆی سیستمێکە و لە هەموو شار و ناوچە سەرەکییەکانی هەرێمی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا جێبەجێ دەکرێت. حەسەن بەو شێوەیە بەردەوام بوو: "ئێستا هەموو هەرێمێک ئامادەکاریی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی خۆی دەکات. نوێنەر و بەرپرسە سەربازییەکانیان هەڵدەبژێرن کە بەشداری ئەنجومەنی سەربازی گشتی قەسەدە و فەرماندەیی گشتی بکەن".

قەسەدە لە ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥/ ٢٣ی ڕەزبەر لە ڕێگەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە لایەن ١٣ گرووپ، تابور، یەکینە و هێزەکانی هەموو پێکهاتەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە کورد، عەرەب، سریان، تورکمەن، چەرکەز و ئاشور دامەزرێندرا.

دیارترین ئامانجەکانی هێزەکە هەڵمەتە مەزنەکانی بوو لەدژی چەتەکانی داعش لە هەرێمەکانی جزیر، فورات، تەبقا، ڕەقا و دێرەزۆر و لە ٢١ی ئازاردا تاجی سەرکەوتنی لەسەر نا، ئەوەش دوای ئەوە هات کە دوا حەشارگەی داعش لە باغۆز بنەبڕ کرا. پاراستنی ڕەوا و بەرگریکردن لە هەموو پێکهاتە و کەمەنەتەوەکانی هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەپێی شێوازەکانی نەتەوەی دیکوکراتیک بەبێ دوورخستنەوەی هیچ پێکهاتەیەک لەسەر حسابی پێکهاتەیەکی دیکە.

هێزە هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەکان، پشتگیری قەسەدەیان لە هەموو هەڵمەتەکان کرد، چونکە قەسەدە بەپێی ڕێباز و پەیامە نێودەوڵەتییەکان لە ململانێ و کێشمەکێشەکان لەدژی تیرۆر شەڕیان کرد.

ک-ش