پەیەدە: دەبێت لە دژی دەوڵەتی تورکیا بوەستینەوە

پارتی یەکێتی دیمۆکراتیک-پەیەدە تیشکی خستە سەر ئەوەی، دەوڵەتی تورک ئاسایشی نێودەوڵەتی و ناوچەکە دەخاتە مەترسیەوە و رایگەیاند، دەبێت لە دژی ئەمە هەڵوێستمان هەبێت.

ئەنجومەنی گشتی پارتی یەکێتی دیمۆکراتیک-پەیەدە ٧ی تەموز بە مەبەستی گۆتوبێژکردنی بارودۆخی سیاسی و سەربازی و شیرۆڤەکردنی بارودۆخی رێکخستن، کۆبونەوەیەکی ساز کردبوو، هاوکات بۆ قۆناغی داهاتووی خەباتیش گوتوبێژی لەسەر پلانسازیەکانی خۆی کردبوو.

دوای کۆبونەوەکە، پەیەدە راگەیێنراوێکی بڵاو کردەوە و تیێدا تیشکی خستبووە سەر ئەو بابەتانەی کە لە کۆبونەوەکەدا گۆتوبێژی لەسەر کراوە.

لە راگەیێنراوەکەی پەیەدەدا هاتووە:

"ئەو سیاسەتە کلاسیکەی رژێمی سوریا و حکومەتە هەرێمیەکان پەیرەوی دەکەن، بووەتە هۆکاری سەرەکی بۆ گرێکوێرەی کێشەکان و قوڵبوونەوەی ئاڵۆزیەکان و دروستبوونی شەڕێکی هەرێمی و نێودەوڵەتی لە ناوخۆی سوریا. هاوکات جنێڤ و ئاستاناش، لە جیاتی ئەوەی ئەم ئاڵۆزیە چارەسەر بکەن، قوڵتری دەکەنەوە.

تورکیا لە ناوچەکە رۆڵێکی وێنکارانەی بینی، هەڕەشە لە ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە و نێودەوڵەتی دەکات، هێرشەکانی لە سوریا و لیبیا و عێراق پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتیەکانە و ئەمەش مەترسیە بۆ سەر گشت گەلانی ناوچەکە. چونکە دەوڵەتی تورکیا هەوڵی داگیرکردن و باڵادەستبوون دەدات لە رووی سەربازی و سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە.

تورکیا بە ئاشکرا تاوانی دژی مڕۆڤایەتی ئەنجام دەدات و ئەم تاوانانەش رۆژ بە رۆژ کەڵەکە دەبن؛ وەکو بڕینی ئاو لەسەر سوریا و عێراق کە بەمەش هەڕەشە لە ژیانی ملیۆنان کەس دەکات، شەڕی قڕکردن لە دژی گەلانی ناوچەکە دەکات، هەروەها هاوشێوەی داعش ئایدۆلۆجیەکی ئایینی توندڕەو دەسەپێنێت. بڕیارەکەی حکومەتی تورکیا لەبارەی موزەخانەی ئایاسوفیا بەرچاوترین نمونەیە کە دەبێت گەلانی ناوچەکە لە دژی ئەم مەترسیە بوەستنەوە.

یەکێتی گەلان تاکە رێگەی چەسپاندنی ژیانێکی هاوبەش و تاکە هەڵوێستە لە دژی هەموو پلانگێریەکانی دژی گەلان و دواڕۆژیان، هاوکات پرۆژەی نەتەوەی دیمۆکراتیک گونجاوترین پڕۆژەی گەرەنتیکردنی یەکێتی و ناسنامە و تێکۆشانی هاوبەشە.

یەکێتی کورد گونجاوترین قۆناغە. پەیەدە هەموو هێزی خۆی بۆ هەوڵی سەرخستنی یەکڕیزی نشتیمانی و دیالۆگی ناوخۆیی کورد بەکار دێنێت."

یەکێتی گەلی کورد

ئەندامانی ئەنجومەنەکە لە کۆبونەوەکەدا تیشکیان خستە سەر هەڕەشە و مەترسیەکان و رایانگەیاند، زۆر گرنگە رێوشوێنی ئەمنی بۆ پاراستنی گەل و دەستەکەوتەکان بگیرێنەبەر. بۆیە بەهێزکردن و بەرفراوانکردنی قەسەدە و رێکخستنی کۆمەڵگا بە پێی میتۆدی خۆپاراستن، سەرەکیترین ئەرکە کە دەبێت پشتگوێ نەخرێت.

هاوکات بە ئامانجگرتنی ژنانی کورد لە عەفرین و کۆبانێ لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە بەردەوامی زیهنیەتی دژبەری داعشە. سەرەکیترین رامانەکانی پەیەدە چالاککردن و بەهێزکردنی رۆڵی ژنان و نەهێشتنی هەموو جۆرە توندوتیژیەکە لە دژی ژنان.

لە لایەکی دیکەوە ئەنجومەنی گشتی پەیەدە بارودۆخی ئابۆری و بە تایبەت یاسای قەیسەر و ئابۆری ناوچەکەی گۆتوبێژ کرد و جەختی کردەوە کە دەبێت لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر هاوکار بن بۆ تێپەڕاندنی ئەم ئاڵۆزیە.

بەشداربووانی کۆبونەوەکە تیشکیان خستە سەر گرنگیی یەکگرتنی کۆمەڵایەتی و گەشەپێدانی پرۆژەکانی دابینکردنی دەرفەتی کار و هاندانی کلتوری و پشتبەستن بە توانا کەسیەکان و هاوکات جەختیش کرایەوە کە ئەگەر وزە مادی و مەعنەویەکان خرانەگەڕ، ئەم ئاڵۆزیانە بە شێوەیەکی سەرکەوتوو تێدەپەڕێنرێن.

بارودۆخی بەرێکخستنبوون

یەکێکی دیکە لەو بابەتە گرنگانەی گۆتوبێژی لەبارەوە کرا، نرخاندنی بارودۆخی بەڕێکخستنبوون بوو. دوای سازکردنی کۆنگرەی ٨ی پەیەدە، دروستبوونی قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەریەکی نەرێنی لەسەر کەمپینی بەرێکخستنکردن دروست کرد. بۆیە کاری بۆ دەکرێت تا دەگەن بە ئامانج. هاوکات گرنگی دەدرێت بە کاروچالاکیە کۆمەڵایەتیەکان و رۆڵی پێشەنگایەتی ئەنجومەنی ژنان و ئەنجومەنی گەنجانی پەیەدە. ئەو شەڕە دەروونیەکی کە شکۆمەندیەکانی کۆمەڵگا و بە تایبەت ژنان و گەنجان بە دەکاتە ئامانج، تێک دەبرێت.

پەیەدە وەکو پارتێکی سیاسی نابێت، بەڵکو هاوکات پارتێکی کۆمەڵایەتیش دەبێت. لەسەر ئەم بنچینەیە، کار بۆ ئەوە دەکات کە سیاسەتی دیمۆکراتیک بچەسپێنێت و دەست بە خەباتی گەشەپێدان و بەڕێوەبردنی کەمپینەکانی زانابوونی کۆمەڵایەتی و پاراستنی ژینگە دەکات.

ز.ش