شاهۆز حەسەن:دیالۆگ تەنها دەبێت لەگەڵ مەسەدە و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ئەنجام بدرێت

شاهۆز حەسەن هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیمۆکراتیک لە چوارچێوەی کۆبوونەوەیەکدا لەگەل ریش سپی و رۆشنبیرانی عەرەبدا لە ناوچەی تربەسپی رایگەیاند، هەر دیالۆگێک بێتە ئاراوە، پێویستە لەگەڵ ئەنجومەنی سوریای دیمۆکراتیک-مەسەدە و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ئەنجام بدرێت.

لیژنەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی پارتی یەکێتی دیمۆکراتیک-پەیەدە لەگەڵ ریش سپی و رۆشنبیرانی عەرەب کۆبووەوە. کۆبونەوەکە لە ناوچەی تربەسپیی سەر بە کانتۆنی قامشلۆ بەڕێوە چوو.

لە کۆبونەوەکەدا شاهۆز حەسەن هاوسەرۆکی پەیەدە دوایین پێشهاتە سیاسیەکانی ناوچەکەو سیاسەتی پارتەکەی نرخاند و تیشکی خستە سەر ئامانجەکانی دەوڵەتی تورک لەو هێرشانەی دەیکاتە سەر هەرێمەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا.

حەسەن رایگەیاند، تورکیا گشت پێکهاتەکانی ناوچەکە دەکاتە ئامانج و وتی:" مێژووی دەوڵەتی تورک پڕە لە ئەزموونی داگیرکەری. داگیرکەریی عەسمانییەکان لە هەموو سەردەمەکانیدا نەزانی و فەقیری و زوڵمی لە دوای خۆیدا هێناوە. لەم سەردەمەشدا هەوڵیاندا داعش بگەڕێننەوە. دوای تێکچوونی داعش، ئەردۆغان هەوڵ دەدات خەلافەتی عوسمانی بگەڕێنێتەوە."

هاوسەرۆکی پەیەدە ئەوەی بە بیر هێنایەوە کە گشت پێکهاتەکانی ناوچەکە چەندین دەستکەوتیان بەدەست هێنا و وتی:"ئەم دەستکەوتانە موڵکی تەنها پارتێک یان پێکهاتەیەک نین، بەڵکو موڵکی هەموو ئەو پێکهاتانەن کە یەکێتی و یەکڕیزی خۆیان بونیاد ناوە و بە هەزاران شەهیدیان داوە، تا ئەوەی گەیشتوونەتە ئەم ئاستە."

لە بارەی چاوپێکەوتیان لەگەل رژێمی سوریا و حکومەتی روسیاشەوە حەسەن رایگەیاند، رژێم و روسیا هەوڵ دەدەن تەنها لەگەڵ پێکهاتەی کورد و بە بێ ئامادەبوونی پێکهاتەکانی دیکە، دیالۆگ ئەنجام بدەن. ئێمە ئەم پێشنیارەمان رەد کردەوە و بە رژێم و روسیامان وتوە، هەر دیالۆگیک ئەنجام بدرێت، پێویستە لەگەل ئەنجومەنی سوریای دیمۆکراتیک-مەسەدە و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بێت."

هاوسەرۆکی پەیەدە لە بارەی لێدوانەکانی وەزیری دەروەی رژێمی سوریاشەوە بەم شێوەیە دوا:" هەڵوێستی ئێمە لە سەرەتای دەستپێکردنی شۆڕشی سوریاوە روون و ئاشکرایە. ئامانجمان پاراستنی یەکێتی خاکی سوریا و بونیادنانی سیستمێکی دیمۆکراتیک و ئازادە، بە بەشداری هەموو پێکهاتەکان بۆ سەرتاسەری سوریا."

لە کۆتایی قسەکانیشیدا شاهۆز حەسەن باسی ستراتیجی داهاتووی پەیەدەی کرد و وتی:" خۆڕاگری لە بەرامبەر داگیرکەری دەوڵەتی تورک و رزگارکردنی خاکی داگیرکراو و دابینکردنی دەستوورێکی گشتگیر بۆ هەموو پێکهاتەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، ئامانجە سەرەکییەکانی پارتەکەمانە."

ز.ش